تورکیا و کێشەکانی ئێران لەگەڵ ڕوسیادا وەک هاوپەیمانێک

بۆچوون / بیروڕا :: 25/08/2016

سەرچاوە: ڕیالیتی چێک
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
تورکیا دوێنێ هێزی نارد بۆ سوریا. ئەمە وایکرد ڕووسیا ناخۆشحاڵی خۆی ڕابگەیەنێت بەرامبەر تورکیا. هەر دوێنێ جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی تورکیای کرد. کەش و هەواکە هەرچەندە ئاشقانە نەبوو بەڵام دۆستانە بوو، هیچ ڕق و کینەیەکی تێدا دەرنەکەوت کە لەدوای هەوڵە کودەتاییەکەوە سەریان هەڵدا. ڕووسەکان، ڕازی بوون کردەوە سەربازییەکانیان لە بنکەی هەمەدانی ئێران ڕابگرن بەڵام دەستپێکردنەوەی بەدوور نازانن. جۆرێک لە شەڕی سیاسی لەناو ئێراندا هاتووەتە ئاراوە سەبارەت بە مۆڵەتبەخشین بە ڕووسەکان لە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکەی هەمەداندا. ئەم هەموو داوە باریکانە پێکەوە چیرۆکێکی جیۆپۆلەتیکی دروست دەکەن.

 
با لە ئێرانەوە دەستپێبکەین. چەندین سەدەیە ئێران سەربەخۆیی خۆی پاراستووە لەڕێی خۆپاراستن لە دوو داو. یەکێکیان داوی تورکیا بوو لە دیمەنە عوسمانییەکەیدا. ئەوی دیکە داوەکەی ڕوسیا بووە، لە هەردوو سەردەمی ئیمپراتۆری و سۆڤیەتیدا. بۆ نموونە، لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ئێران بە ڕەسمی بێلایەن مایەوە بەڵام لە باکورەوە لەلایەن سۆڤیەتەکان و لە باشوریشەوە لەلایەن بریتانییەکانەوە داگیرکرا. پاش جەنگەکە سۆڤیەتەکان بەنیاز نەبوون وڵاتەکە جێ بهێڵن. ئەوە گوشاری ئەمریکا بوو لەسەر هەر کام لە سۆڤیەت و بریتانیا کە سەربەخۆیی ئێرانی گێڕایەوە. ئەمە لە ئاکامی پیاوچاکی ئەمریکاوە نەبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکان دژایەتی بەرفراوانبوونی سۆڤیەتی دەکرد و هەوڵیشی دەدا ئیمپراتۆری بریتانیا لەناو ببەن. واتە بەرژەوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا یەکیان گرت. ویلایەتە یەکگرتووەکان هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ئێراندا زیادکرد تا ئەوکاتەی کە شۆڕشی ئیسلامی پەیوەندییەکەی لەتوپەت کرد. ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە گەورەترین دوژمنی ئێران بەڵام نەک تاقە دوژمنی. ئێران هەروەک جاران ئەوپەڕی وریایی نیشان دا بەرامبەر مەرامەکانی سۆڤیەت، بەتایبەت لە قۆناغی سەرەتای کۆماری ئیسلامیدا. مێژووی دوورودرێژی خۆی بیرکەوتەوە لەگەڵ ڕوسیادا. لەوکاتەدا تورکیا هێندە لاواز بوو کە هیچ هەڕەشەیەکی دروست نەدەکرد. ئێران دوژمنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەدگومان بوو بەرامبەر ڕووسیا.


ڕێککەوتنە تازەکە دەربارەی چەکە ئەتۆمییەکان دەرەنجامی گوشاری ئەو باڵە ئێرانییانە بوو کە دەیانگوت سیاسەتی دژایەتیکردنی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئابووری بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئێرانیان وێران کردووە. باڵێکی دیکەی، یان زیاتری، ئێرانی دژایەتی ڕێککەوتنەکەیان کرد بەوەی کە ناپاکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و خۆڕادەستکردنە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەم باڵە ڕەگوڕیشەی لە سوپای پاسدارانی ئێراندا هەیە کە شەڕی کرد و دۆڕا. بەڵام وازی نەهێناوە.


بەلای ئەندامانی ئەم باڵەوە دوژمنایەتیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردی بناغەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە. لە تێكچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیادا ئەمانە ڕووسیایان وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان  بینی. حکومەت، کە دانوستانەکەی کرد لەسەر ڕێککەوتنەکە، ڕووسیای بە ترسناکتر بینی لە دوورمەودادا بۆ ئێران، چونکە زۆر بە سادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر دوور بوو بەڵام ڕووسیا زۆر نزیک بوو. بۆ تێکدانی دۆخەکە، یەکێک لەناو حکومەتی ئێراندا مۆڵەتی دا بە ڕووسەکان بنکەی ئاسمانی هەمەدان بەکاربهێنن بۆ هێرشەکان لەناو سووریادا. پێدەچێت ژمارەیەکی زۆری بەرپرسیارانی ناو حکومەت ئاگادارنەکرابێتنەوە لەم مەسەلەیە. پێش بڵاوبوونەوەی دەنگوباسەکان چەند جارێک فڕۆکەکان لە هەمەدانەوە فڕیون. کاتێک کە هەواڵەکان بڵاوبوونەوە هێرشەکان ڕاگیران. لەوکاتەوە شەڕێکی سیاسی دەستیپێکردووە لە تاران کە چەندین ڕەهەندی هەیە، یەکێکیان شەڕی ئەوەیە کێ بەڕاستی بەرپرسیارە.


بەڵام لە گەرمەی ئەمە شەڕە ناوخۆییەدا پرسیارێک هەیە سەبارەت بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بکرێت. تورکیا خەریکە سەرهەڵدەدات. ڕووسیا هاتووەتە ناوچەکەوە. هەردووکیان هەڕەشەی گریمانەیین. هەندێک کەس نزیکبوونەوەی تورکیا و ڕووسیا بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ئێران کە بچێتە ناو ئەو پەیوەندییەوە. ئەمانە ئەو کەسانەن کە پێیان وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان مەترسی سەرەکییە بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە و دەڵێن ئەم هاوپەیمانییە سێ قۆڵییە پارسەنگی ئەمریکا دەداتەوە. ئەمان تورکیا و ڕووسیا بە هەڕەشەی گەورە نازانن. هەرچەندە باڵی ئەمریکیخواز لە ئێراندا نییە، بەڵام باڵێک هەیە کە پێی وایە تورکەکان کابوسە مێژووییەکەی ئێرانن. لە تاراندا ئێستا پۆکەرێکی زۆر ترسناک دەکرێت.
تورکیا هەر لەم کاتەدا هەڵوێستەکەی خۆی هەڵگێڕاوەتەوە و لایەنگرەکانی ئێرانی لە هاوپەیمانیەتییە سێ قۆڵییەکەدا والێکردووە لە دڵەڕاوکێدا بن. لەکاتی هەوڵە کودەتاییەکەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمیر پۆتین وا دێنە بەرچاو کە پەیوەندییەکی لەشکاننەهاتوویان دروستکردبێت. بەڵام دوو مەسەلە دەریدەخەن کە پەیوەندییەکە هێندە پتەونییە کە ڕووسەکان ئاواتی بۆ دەخوازن. یەکێکیان ئەو ڕاستییەیە کە ڕووسەکان پشتیوانی لە بەشارئەسەدی سەرۆکی سوریا دەکەن و تورکەکان دوژمنی ئەون. پاش هەرا و زەنایەکی زۆر، دەرکەوت کە تورکیا لەسەر مەسەلەی ئەسەد ناچێتە هەمان هەڵوێستی ڕووسیاوە لەبەرئەوە درزێکی گەورە و بنەڕەتی لەنێوان تورکیا و ڕووسیادا مایەوە. نیشانەی دووەم ئەوەبوو کە تورکیا وەک جاران ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک بەکاربهێنێت و تەنیا چەند کاتژمێرێک لەکاتی کودەتاکەدا ڕاگیرا. پاش کەمێک گفتوگۆ ڕووسەکان ڕێیان پێنەدرا سوود لەو بنکەیە وەربگرن. ئەمەش دەریخست کە ئاماژە و قسە و دەربڕینەکان هەرچۆنێک بن، تورکیا نیازی نییە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە.
ئەمڕۆ، هێزەکانی تورکیا چوونە ناو سووریاوە. نزیکەی ٢٠ تانک چەند کیلۆمەترێک چوونە ناو خاکی سووریاوە و هەندێک هێزی تایبەتیان لەگەڵدا بوو. هێرشی ئاسمانی و هەندێک تۆپبارانیش هەبوون. بەگشتی هێڵە گشتییەکە پێمان دەڵێت کە ئەمە جوڵەیەکی بچکۆلە بووە بەڵام جوڵەیەک بووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدراوە نەک لەگەڵ ڕووسیادا. ئەمەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بەداوادا هات لەنێوان بایدن و سەرەرکوەزیرانی تورکیادا و پێدەچێت پەیوەندییە تایبەتەکەی نێوان ڕووسیا و تورکیا تەنیا نزیکەی مانگێکی خایاندبێت.
کێشەی تورکەکان هەمان کێشەی ئێرانییەکانە. ڕووسەکان ڕکابەری مێژوویی تورکیان لە دەریای ڕەشدا و هەمیشە چاویان لەسەر دەریای بۆسفۆڕ بووە کە دەریای ڕەش دەبەستێت بە دەریای ناوەڕاستەوە. بەلای ڕووسەکانەوە بەدەستهێنانی دەریای بۆسفۆڕ جامی پیرۆزی سیاسەتی دەرەوەیان بووە. ئەمە جگە لە ڕکابەرایەتی نێوانیان لە ناوچەی قەوقاز کە بەهێزبوونی ڕووسیا دەتوانێت کێشەیەکی گەورە بۆ تورکیا لەم ناوچانەدا دروست بکات. ئەمە بە ئەگەرێکی دوور دەزانرێت، بەڵام خۆ شەڕکردنی ڕووسیاش لە سووریادا ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئەگەرێکی دوور دەزانرا.
تورکیا وەک گەورە هێزێک خەریکە دەردەکەوێت بەڵام هێشتا دەرنەکەوتووە. لەئامێزگرتنی ڕووسیا بەدڵنیاییەوە پێویستی بەوەیە لە مەسەلەی سووریادا وەرچەرخانێک نیشان بدات. ڕووسەکان لە ئەرمینیادا سازشیان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ڕووسیا هەر بە هێزە باڵادەستەکە دەمێنێتەوە و دەتوانێت ئەوانە بەدەستبهێنێتەوە کە بەخشیبوونی. جگەلەوەش، هەروەک لە مەسەلەی ئێراندا باسمان کرد، ڕووسیا نزیکە و هەر لەم ناوچەیەدا دەمێنێتەوە. تورکیا پێویستی بەوەیە پارسەنگێک بۆ ڕووسیا بدۆزێتەوە، بەتایبەت کاتێک کە گەشە دەکات و بەهێز دەبێت، وە بەدڵنیاییەوە تاقە پارسەنگێک کە لەئارادا بێت ویلایەتە یەکگرتووەکانە. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەمانە ئەوەیە کە بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا و ئێران پێویستە خۆیان لەگەڵ ڕووسیادا ڕابهێنن وە هیچیشیان بە مسۆگەریی ناتوانن لەو کارەدا سەرکەتوو بن. هەردووکیان بەشێوازی جۆراوجۆر پێویستیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ چەسپاندنی پێگەکانیان. ئەمە لە تورکیادا کۆدەنگی زیاتری لەسەرە لەچاو ئێراندا، کە لە ئێراندا ئەم مەسەلەیە ململانێی ناوخۆیی بەهێز دروستدەکات لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەدا. هەندێک پێیان وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان تاقە مەترسییە. بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڕەشەیەکە دەتوانریت پارسەنگی بدرێتەوە.


هێشتا مشتومڕەکە لەسەر ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چ رۆڵێک دەبینێت لە سیاسەتی درەوەیاندا. تورکیا بەدوای پارسەنگێکدا دەگەڕێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەخۆبگرێت بەڵام لەهەمان کاتدا سنوورداریشی بکات. بەڵام ئێران بەدوای پارسەنگێکدا دەگەڕێت لەکاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا وەک دوژمنێکی باوەڕپێنەکراو دەبینرێت بەڵام دەتوانرێت دژایەتی ڕووسەکانی پێبکرێت.
حاڵی حازر واپێدەچێت ڕووسیا ناڕەحەت بێت لەوەی کە دەسەڵاتەکانی خۆی لە تورکیا و ئێراندا لەدەستداوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خێراییەی کە تورکیا لەم ڕۆژانەدا ئاڕاستەکەی خۆی پێدەگۆڕێت، هێچ شتێک نەگۆڕ نییە. بەهەمان شێوە، ڕووسیا مافی نیشتنەوەی لە ئێراندا لەدەستداوە و لە هەڵوێستێکی بەرگریکارییدایە. کە ئەمانە هەموو قابیلی گۆڕانن. بەڵام لۆجیکە جیۆپۆلیتیکییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە: پشتیوانێکی دوور کەمتر مایەی هەڕەشەیە لەچاو پشتیوانێکی نزیک. ئەمە مانای وایە تورکیا و ئێران زۆر بە گومانەوە هەڵسوکەوت دەکەن لەگەڵ ڕوسیادا. هەروەها مانای وایە کە ئێران و تورکیا هەریەکەیان بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. دیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەر وادەکات.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure