یاسا بۆ مردوو داناڕێژرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 24/08/2016

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەلامارە شارستانییەی کە وەکو زریان هەڵیکرد بەسەر خەونە نەونەمامەکانماندا بۆئەوەی بگەینەوە بە کاروانی ئەو نەتەوانەی کە یاساکان و تۆمارکراوەکانی مۆدێرنیتە و پاش مۆدێرنیتە بەخشندانە بوونە هۆی سەرخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی و کەرامەتی: ئێمە پێویستمان بە دۆزینەوەی ڕێگای مسۆگەرە بۆ وشککردنەوەی ئەو سەرچاوانەی کە ئەم مۆمیاکراوانە دەپارێزێت و بە زیندوویی دەیانهێڵێتەوە. کاتێک کە چاوێک بە ئەزموونی کۆمەڵگا و دەوڵەتانی پێگەیشتوودا دەخشێنینەوە دەبینین هەموویان پەیوەستن بەو یاسا و تۆمارکراوانەی کە بەرژەوەندی نەوەکانی ئێستا و ڕابردوویان لەبەرچاوگرتووە، نەک وڵاتە بەدبەختەکانی ئێمە کە گیرۆدەی پیرۆزکردنی ڕابردوو بوون و پاڵەوانییەتییەکانیان دەبەنە کەشکەڵانی فەلەک و تەنانەت ڕێگاش بە باڵندە نادەن کەش و هەوا و ڕووداوەکان و ژیاننامەی پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی بدۆزێتەوە.
یاسادان لە ژیانی کۆمەڵگا و نەتەوەکاندا ڕەنگدانەوەی قوڵاییەکانیانە و توانا و ئاواتەکانیان بەرجەستەدەکات. ئەوەی ڕەنگدانەوەی یاساکان لەم وڵاتەدا دەبینێت سەری سوڕ دەمێنێت لەو نشێوە قوڵەی کە تێی کەوتووە لەوکاتەوەی کە بوونەوەرە خەرافییەکە دەسەڵاتی ڕەهای گرتووەتە دەست و هەموو چارەنووسی وڵاتانی لەو قسە باوەدا کورتکردووەتەوە کە دەڵێت (یاسا لای من نوکە قەڵەمێکە) و بووەتە هۆی دروستبوون و مانەوەی کۆمەڵە ڕەفتار و ڕەوشت و نەریت و بەهایەک کە بە ئاسانی ناتوانین بیانسڕێنەوە. لێرەوە دەتوانین ئەو هەموو بێسەروبەرییە بناسینەوە کە پاش نەمانی ڕژێمی لەگۆڕنراو، لەبواری یاساداناندا سەریهەڵدا. گرنگترین و ترسناکترین یاسا لەم قۆناغی وەرچەرخانەی مێژووی تازەی عێراقدا بەپەلە و لەژێر چاودێری کۆمەڵە هێز و فراکسیۆنێکدا داڕێژرا کە هیچ تێڕوانین و پرۆژەیەکیان نییە بۆ عێراق. ئەڵڵاهوومە ئەوانە نەبێت کە لەماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵدا تەنیا هەر دووبەرەکی و ململانێ و جەنگیان لێ کەوتووەتەوە کە هەموو هەوڵ و سامان و کات و تواناکانی عێراقیان بەفیڕۆدا. ئەمە لەگەڵ عێراقییەکاندا ڕوویدا لە شارەکانیان و لە بازاڕ و شەقام و گۆڕەپانەکانیاندا کە بوونەتە مەڵبەندی تەقینەوە و دەمانچەی بێدەنگ و لوغم و تەقەمەنی. ئەمە پێشتر دەرهەق بە دەستووری وڵات کرا کە بڕگەکانی سیخناخ کران لە دەستەواژە و دەربڕینی ترسناک و دژ بەیەک، ترسناکتر لە کەرەستە کیمیاویی و ئەتۆمی و تەقەمەنییەکان. ئەمە ڕاستییەکە شارەزاکانی بواری دەستوور زۆرباش ئاگادارن لێی، بەڵام وەک هەموو عێراقییەکانی دیکە گوێی خۆیان لێ کەڕ کردووە بۆئەوەی درێژە بدەن بە ژیانە کارەساتبار و بێزارکەرەکەیان.
عێراقی نوێ مەزهەبەکان و تاقمەکانی ناسنامە کوشندەکان دروستی ناکەن. عێراق چاوەڕوانی پرۆژەی دەوڵەتی نیشتمانی بوو وەک باقی ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە زۆریان چەشتبوو بەدەست کۆیلایەتی و ستەم و چەوساندنەوەوە و پاشان ڕێگا تاقیکراوەکەیان دۆزییەوە: واتە دەوڵەتی نیشتمان و هاونیشتمانیی ڕاستەقینە نەک ساختە. ئەو دەوڵەتەی کە هاونیشتمانییەکانی دەپارێزێت بێ هیچ جیاوازکارییەکی نەتەوەیی و مەزهەبی. دەوڵەتێک کە مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەسێتییەکانیان دەپارێزێت. دەوڵەتێک کە پێی وایە ئایین و سرووتە مەزهەبییەکان مەسەلەیەکی تایبەتن بە تاکی کۆمەڵگا و دەوڵەت هیچ هەقێکی پێوەی نییە. ئێمە لەم ئەزموونە نەونەمامەماندا خۆمان لە هەردوو جەژنەکە کرد. دەسەڵات نە بۆ مردووان و نە بۆ زیندووانە. جا بۆئەوەی فریای خۆمان بکەوین و لەم قۆناغەی بێئەقڵی و دوورکەوتنەوە لە ئەقڵ و ژیری و ئازایەتی: پێویستە مردووەکانمان دووربخەینەوە لە کێشەکانمان و لە مەسەلە بایەخدارەکانمان کە هیچ پەیوەندییەکیان بەوانەوە نییە. چونکە یاسا بۆ مردوو داناڕێژرێت بەڵکو بۆ ئێستایە و بۆ ئایندە. جا ئەگەر ڕاستگۆ بین لەم مەسەلەیەدا پێویستە یاسایەکی وا دابنێین بۆ حیزبەکان کە ڕێگەیان پێنەدات ببنە مایەی تاقم تاقمێنە و نانەوەی دووبەرەکی بەڵکو مەرجێکی وایان بۆ دابنێین کە هەموو عێراقییەک بەبێ جیاوازی بتوانن کاری تێدا بکەن. هەر بەم شێوەیە یاسادانان دەتوانێت کۆمەڵگاکانی خۆی بپارێزێت لە ئاژاوە و بزربوون و بیگەیەنێتە کەنارەکانی ئارامی و گەشەکردن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure