ڕقمان لە ئەمریکا بوو بەڵام ڕەنگە ئێستا خۆشمان بوێت

بۆچوون / بیروڕا :: 05/04/2016


سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


لە پاش تاوانەکەی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ ئەمریکا پرسیارێکی ساویلکانەی کرد: (بۆچی ڕقیان لێمانە؟) دیارە مەبەستەکەش عەرەب و موسڵمانان بوون.بەڵام ساویلکەبوونی پرسیارەکە مانای وا نییە عەرەب ڕقی لە ئەمریکا نییە، ڕقێکی وا کە هەندێک جار پێویست بەوە ناکات هۆکارەکانی بە ڕووداو و ڕاستی گەلیکەوە ببەستێتەوە کە هەندێکیان ڕەنگە قایلکەر بن.
سەرەڕای هەڵوێستە نمایشکارییەکەی چەپ، لە ڕاستیدا ڕێباز و ئاڕاستەکان لەم ڕووەوە زۆر ئاشکرا بوون: ئەوە بوو لەباتی جەختکردنەوە کۆنەکە لەسەر یەکگرتن لەگەڵ هاوڕێیانی چەوساندنەوە و ستمە ئەمریکاییەکان لە ڕووی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی ئەمریکیدا، دەبینین چۆن لەم ساڵانەی دوایدا بۆچوونە پۆپۆلیستییە باوەکەی جیهانی سێهەم و ئەوروپای لە ئامێز گرتووە کە بەوە ناسراون ڕقیان لە ئەمریکایە. لە ڕوانگەی ئەم وەرچەرخانەوە چەپەکان پەیوەندییان کرد بە هەر کەسێکەوە کە بیگوتایە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانە تەنانەت ئەگەر دژی کۆمۆنیزمیش بوایە یاخود ڕێکخراوێکی دینی ئوسوڵی یاخود حیزبێکی نەتەوە پەرستی نیمچە فاشیستیش بوایە.
 هەتا ساڵێک لەمەوبەریش ئەم بۆچوونە ڕاستبوو بەڵام لەو کاتەوە بەتایبەت لەگەڵ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لە نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوادا، لە سەروو هەمووشیانەوە ئەمریکا ئێمە ئێستا لەبەردەم هۆشیارییەکی نوێ و زمانێکی تازەداین. بۆ نموونە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کە بە تەوسەوە گوترا ڕەنگە ویلایەتە یەکگرتووەکان و رژێمی بەشار ئەسەد ببنە هاوپەیمانی یەکتری لە شەڕی دژە تیرۆردا، ئەم هۆشیاریی  و ئەم زمانە تازەیە چوونە ئاستێکی بەرزتری دەربڕین و ڕەوانبێژی. بەشێکی بنەڕەتی بەرەنگاریکارەکان کە پێشتر ڕقیان لە ئەمریکا دەبووەوە، نەیانتوانی خۆشحاڵی خۆیان بشارنەوە لەوەی کە ئەمریکا بوو بە (جەماعەتی خۆمان). ئەمانە پەلەیان کرد لە تانەدان لەو کەسانەی کە بەوە ناسرابوون هاوڕێی ئەمریکان، بەتایبەت لە ناو دوژمنە عەرەبەکانیاندا، چونکە چیتر ئەمریکا (لەگەڵ ئەواندا نەماوە).
ئەمەش مەسەلەیەکە کە جگە لەوەی نیشانەی بێ مەبدەئییە، لەهەمان کاتیشدا نیشانەی سەرکەوتنی هۆکارە میللی یەکەیە لە قوتدانی ئەو ئایدۆلۆژییەدا. لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییەشدا مەسەلەی تۆڵەکردنەوە لە عەشیرەتە ناوچەییەکەی دیکە هەمان ئەو ڕۆڵەی هەیە کە جاران (شیکارییە چینایەتییەکە) هەیبوو.
لەبەر ئەوە دەڵێین هەر کەسێک کە گێمی یەکەمی بڕیبێت، واتە پەیوەندی کردبێت بە هێزە ئوسوڵییەکانی وەکو حیزبوڵڵاوە یاخود کرابێتەوە بەڕووی لایەنە نەتەوەییە نیمچە فاشیستەکانی وەک حیزبی نەتەوەیی سوریدا، بە کەمێک خۆماندووکردن دەتوانێت گێمی دووهەمیش ببڕێت و ئەمەش بانگەوازکردنە بۆ هاوپەیمانییە گریمانەکراوەکە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دژی ڕکابەرە ناوچەییەکان.
دیارە پاراستنی ئابڕوو پێویستە بۆ ئەوەی لۆمەیان نەیەتە سەر، بۆ نموونە ناوبەناو بیرمانی بخاتەوە(یانکی) هێشتا هەر دوژمنە. ئەمەش وەک هەڵوێسیتەکەی حیزبوڵڵا وایە کە هەتا بیناقاقای گلاوەتە جەنگەکەی سوریاوە بەڵام هێشتا ئیسرائیل و ململانێکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا بیرنەچووەتەوە. کەچی هەموو بەڵگە و نیشانەکانی سەر زەوی ڕێک پێچەوانەی ئەمە دەڵێن.
گواستنەوەی مەرجەعییەتەکە لە یەکێتی سۆڤیەتەوە وەک هێزێکی نێودەوڵەتی و لە میسڕی ناسڕیەوە لەسەرئاستی ئەرەب بۆ ئێرانی خومەینی و سوریای ئەسەدی ڕەنگە کارێکی کردبێت کە ڕێژەی ئایدۆلۆژیا کەمببێتەوە و ڕێژەی میللی بەرزببێتەوە ئەمەش مەسەلەیەکە بەوە تەواوکرا کە وەسفکردنی دوژمن چیتر بەوە نابێت پیی بگوترێت ئیمپریالیست و زایۆنیشت بەڵکو ئێستا پێی دەگوترێت (خۆرهەڵاتناسی) و (خۆرئاوا) و ئەگەر ژینگەکە زۆر زۆر دواکەوتوو بێت بە دوژمن دەڵێت (جولەکە).
بەڵام ئەمە، ئەگەر ڕاستیش بێت، هێشتا نابێتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە، چونکە لەبەردەم پرسیارێکدا دەمێنینەوە کە شایستەی ئەوەیە لەژێر کاریگەری وەرچەرخانەکەدا ئاڕاستە بکرێت: ئایا ئەگەر بەشێکی زۆری ئەقڵییەوە خۆماڵییەکە هەر لە بنەڕەتەوە لەناو ئایدۆلۆژیاکەدا نەبوبێت، خۆماڵی دەیتوانی مەسەلە ئایدۆلۆژییەکە قوتبدات؟ ئایا لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا کە هێشتا ئەو تائیفە و مەزهەبانە بە ڕاشکاوی هەڵنەکشابوون، ئایا بڕیار و هەڵبژاردە حیزبی و ئایدۆلۆژییەکانیان وەرچەرخانێکی ئایدۆلۆژیکراو و هۆکاری دروستبوونی ئینتیمای دەمارگیری شاراوە نەبوون؟
لە هەموو حاڵەتەکاندا گۆڕینی هەڵوێست بەرامبەر ئەمریکا لەسەر ئەو گریمانەیەی کە ئەو هەڵویستی بەرامبەر ئێران و ئەسەد گۆڕیوە دەبێتە هاندەر بۆ چاوخشاندنەوە بە هەندێک پرەنسیپی ئاسایی و باڵادەست. چاوخشاندنەوەیەک کە نووسینەوەی مێژووە حیزبی و ئایدۆلۆژییەکانمان بگرێتە بەر بەشێوەیەک کە کەمتر خۆی ڕادەستی ئەوانە بکات کە بانگەواز بۆ کاڵایەکی ساختە دەکەن بەمەبەستی فرۆشتنی.   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure