وەڵامێکی فەلسەفی بۆ پرسیاری: مەبەستی یارییەکانی ئۆلۆمپیک چییە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/08/2016

سه‌رچاوه‌: كوارتز
وه‌رگێڕان: نەبەز سەمەد

ئۆلۆمپیک ڕەنگە ببێتە هۆی شادی، خۆشی و چێژ و کات بەسەربردن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مەبەستی سەرەکی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خەڵک و سەیرکردنی پێشبڕکێی بەرزکردنەوەی قورسایی، ڕاکردنی خێرا و هتد چییە؟ هێسەر ڕید، پرۆفیسۆری فەلسەفە لە کۆلێژی مۆرنینگساید، کە چەند کتێبێکی لەبارەی فەلسەفەی وەرزش نووسیوە، دەبێژێ، لە کاتێکدا وەرزش لە سروشتی خۆیدا هیچ واتایەکی نییە''بەڵام ئێمەی مرۆڤ وەرزشمان دروستکردووە و هەر ئێمەش واتای پێدەدەین''.
یەکەم یارییەکانی ئۆلۆمپیک لە گریکی کۆندا بووە، ئەوساش وەک ئێستا، ئەو یارییانە بوونەتە هۆی کۆکردنەوەی خەڵک پێکەوە. گریک لەو کاتەدا لە چەندین نەتەوەی سەربەخۆ پێکهاتبوو. ئەو تیپانەی کە لە یارییەکانی ئۆلۆمپیکدا پێشبڕکێیان دەکرد، وەها بیردەکرایەوە کە یارییەکان لەلایەن خواوەندەکانەوە بەڕێوەدەبرێن بۆیە بێلایەنانەن. ڕید دەبێژێ ''ئەوان پێکەوە کۆدەبوونەوە و جیاوازییەکانی خۆیان بەلاوەدەنا، سەرنجیان دەخستە سەر خاڵە هاوبەشەکانیان، نەک تەنیا سنوورەکانی نێوان خۆیان تێکدەشکاند، بەڵکو سنوورەکانی نێوان خواوەندەکان و مرۆڤ، ئێستا و ڕابردوویش''. کاتێک بینەران سەیری ڕاکەرێکیان دەکرد ڕەنگە بیریان لە ئەکێلس کردبێتەوە یان بڕوایان کردبێ کە ئەوە ئەکێلسە جارێکی دیکە دەرکەوتۆتەوە. ڕید دەبێژێ ''تۆ هەست بە یەکێتی دەکەی لەگەڵ ئەو خەڵکانەی تردا کە ئەوانیش لەژێر کاریگەریی ئەکێلسدان، هەروەها دروستکردنی خزمایەتی لەگەڵ ڕابردووی پڕ سەروەریی خۆتدا.''
ئەمڕۆ، ئەو هەستی یەکێتییە بۆ هەمان هۆکار ئیش دەکا وەک هەمیشە، ئەمە ''خودی وەرزشە''. ڕێکخستنی وەرزش، کاتێک هەموان لەسەر هەمان هێڵی دەستپێک دەستپێدەکەن و بەهەمان یاسا بەڕێوەدەبرێن، ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە پێشبڕکێکارانی سەرجەم وڵاتەکان یەکسانن. ڕید دەڵێ: ''لێرەدا شتێک هەیە لەبارەی ئەو ئەزموونی هەوڵدانی کۆیەکییە، کە وشەی کۆمپیتیتۆی لاتیینیش هەمان واتا دەگەیەنێت:پێکەوە هەوڵدان''. ''زۆر زەحمەتە سەیری یارییەکانی ئۆلۆمپیک بکەیت و نەکەویتە ژێر کاریگەریی توانای مرۆڤ و توانستەکەیان بۆ بەلاوەنانی جیاوازییە سیاسییەکانیان.''
فەیلەسوفانی کۆنی گریک بەباشی ئاگاداری سوودەکانی وەرزش بوون. درێو هایلاند، پڕۆفیسۆری فەلسەفە لە کۆلێژی ترینیتی دەڵێ یۆنانییە کۆنەکان لەبەردەم پەرستگەی دێلفی پێشبڕکێیان دەکرد، کە لە سەر دەرگەی پەرستگەکە دروشمی ''خۆت بناسە'' نووسرابوو. ئەمە لەگەڵ بیرۆکەی سۆکرات بۆ خۆناسین یەکدەگرێتەوە. سۆکرات جەختی لەسەر زانینی ئەو شتە دەکردەوە کە نایزانیت. ''ئەگەر تۆ وەرزشەوان بیت و بزانی تۆ چی دەکەیت، ئەوا تۆ بە بەردەوامی لەبارەی خۆتەوە فێردەبیت، ڕێک بەهەمان تێگەیشتنی سۆکراتێس.''
لە کاتێکدا، جەیمس شاڵ، پرۆفیسۆری فەلسەفەی سیاسی لە زانکۆی جۆرجتاون، لە وتارەکەیدا بەناوی ''لەبارەی واتای وەرزش'' تێبینی ئەوە دەکا کە ئەریستۆتێلیس بڕوای وابووە، ''یاریزان یان وەرزش نزیکترین شتە کە مرۆڤەکان لە یەکدی نزیک دەکاتەوە لەنێو چالاکییە بەرزەکانی مرۆڤدا''. جەیمس شاڵ دەڵێ سەیرکردنی وەرزش ئێمە دەباتە دەرەوەی خۆمان، ''ئێمە تەرکیز ناکەینە سەر خۆمان بەڵکو ئەو ڕووداوەی کە لە پێش ئێمەدا ڕوودەدا. وەرزش ئەو ئەزموونە بە ئێمە دەبەخشێ. ئەزموونی شتێک لەپێناوی خۆیدا''.
یۆنانییە کۆنەکان بڕوایان بە بینینی کەموکورتی و کامڵبوونی جەستەی مرۆڤ هەبوو. بۆیە نمایشی جەستە لە نمایشی ڕۆح جیاناکرێتەوە. وەرزشەوانەکان تاقیکردنەوەیەکی گرنگن بۆ پیشاندانی جوانی جەستەی مرۆڤ کە بە ڕۆح پڕکراوەتەوە. بەبێ ڕۆحی ململانێ هیچ کەسێک یارییەکە ناباتەوە و ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر ڕابکات. 
بیرۆکەی جوانی لەنێو وەرزشدا، هەتاکو ئەمڕۆیش گرنگیی هەیە. هایلاند دەڵێ ئێمە زاراوەی ئێستێتیکی بەکاردەهێنین کاتێک لەبارەی یاری و وەرزشەوە قسەدەکەین. بۆ نموونە دەڵێین یارییەکی جوانە، یان ئەو یاریزانە جوان یاری دەکا. 
بەهۆی زاڵبوونی ئاینی مەسیحی و فەلسەفەی مەسیحییەوە، گرنگیدانی فەلسەفە بە وەرزش کەم دەبێتەوە وەک ئەوەی کە لە یۆنانی کۆندا هەبوو. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە فەلسەفە گرنگی بە وەرزش دەداتەوە. بەڵام ئۆلۆمپیکی مۆدێرن بەئاشکرا لەژێر کاریگەریی ئۆلۆمپیکی یۆنانی کۆنە. بۆیە ڕاگەیەندراوی فەرمی ئۆلۆمپیک زۆر فەلسەفییە''ئۆلۆمپیزم فەلسەفەی ژیانە، لەنێو هاوسەنگی پێکەوەیی جەستە و ئەقڵ و ئیرادەدا. وەرزش لەگەڵ کولتوور و پەروەردەدا هاوبەشە. ئۆلۆمپیزم بەدوای دروستکردنی ڕێگەیەکی ژیاندا دەگەڕێ کە لەسەر بنەمای شادی هەوڵدان، بەهای پەروەردەیی، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە پرنسیپە ئێتیکییە گەردوونیەکان، بونیاد نرابێ''. بۆیە ''سەرجەم ئەو شتانەی کە ئەو یارییانە دەیکەن دەبێ لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیە بکرێن''.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure