نه‌خێر خۆی‌

بۆچوون / بیروڕا :: 22/08/2016

- گاه ده‌خنكێم، گاه‌ ده‌برژێم، غه‌رقی‌ ئاوو ئاگرم .. ئه‌یه‌مان 
+ توخوا تۆ به‌شه‌ری‌ هه‌تیو؟؟.. له‌ناو ئه‌و هه‌موو گه‌عده‌ خۆش‌و گۆرانییه‌ سێ‌ جرته‌كییه‌ی‌ میلله‌ته‌كه‌ماندا (گاه ده‌خنکێم)م بۆ ئه‌ڵێی‌؟؟ خۆمان خه‌فه‌تمان كه‌مه‌؟؟
- گه‌وره‌ی‌ به‌ڕێز .. هونه‌ر پێویسته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ واقیع بێ‌
+ كام واقیعه‌ هه‌ی‌ له‌ ئۆمه‌ت نه‌چوو؟؟
- ئه‌م واقیعه‌ سوتاوه‌ خنكاوه‌ی‌ خۆمان.. رۆژ نییه‌ سێ‌ چوار زه‌لام له‌خۆڕایی‌ نه‌خنكێن باشه‌ ئاخر بۆ؟ موحیتمان هه‌یه‌؟ له‌سه‌ر به‌حرین؟ یان حكومه‌ته‌كه‌مان كه‌مته‌رخه‌مه‌و هیچی‌ به‌لاوه‌ موهیم نییه‌؟!
+ حكومه‌ت بڵێ‌ چی‌ رۆڵه‌؟ خه‌ڵكه‌كه‌ خۆی‌ مه‌له‌ نازانێ‌ حكومه‌ت چی‌ بكات!
- فێری‌ مه‌له‌مان بكات.. خۆ هیچ ئیش‌وكاری‌ نییه‌ .. با بێت میلله‌ت فێری‌ مه‌له‌ بكات.
+ ده‌مێكه‌ فێری‌ مه‌له‌ی‌ كردوین كوڕم.
- له‌ئاوا؟!
+ نا .. له‌ بێعارییا.. فێریكردوین هه‌رچییه‌كمان به‌سه‌ردا بێت نقه‌ نه‌كه‌ین.
- وه‌ڵڵاهی‌ ئه‌وه‌م نه‌زانیبوو.. ماڵی‌ ئاوابێ‌ یاخوا.. كه‌واته‌ یه‌عنی‌ ئێستا هه‌ر موشكیله‌ی‌ ئاگره‌كه‌ ماوه‌.. ئیشه‌ڵڵا ئه‌ویش حه‌ل ئه‌كات.
+ كام ئاگره‌یان ئه‌ڵێی خه‌په‌ گیان؟
- ئاگری‌ ناته‌بایی‌ ناڵێم به‌گم.. ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا راهاتووین.. ئاگری‌ به‌نزیخانه‌كانت عه‌رز ئه‌كه‌م.
+ ئاگری‌ به‌نزین به‌حوكمه‌ت حه‌ل ناكرێ‌.
- بۆچی‌ حه‌ل ناكرێ‌.. خۆ به‌نزینه‌كه‌مان ئه‌سڵ نییه‌.. وه‌ڵڵا ئه‌گه‌ر ئاره‌زوو بكات به‌فوویه‌ك ئه‌یكوژێنێته‌وه‌.
+ ناتوانێ‌ كوڕی‌ باوكم.. زۆر زۆر سه‌قه‌ته‌.
- به‌نزینه‌كه‌ سه‌قه‌ته‌؟.
+ نه‌خێر خۆی‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure