ئایا کورد لە داعش ترسناکترە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 22/08/2016

دواڕۆژ
ئەنقەرە و تاران و بەغدا و دیمەشق هەم بەرژەوەندی زۆریان لەنێواندایە و هەم کۆمەڵێک مەسەلەی هەستیاری دێرینیش. لەناو ئەواندا نەفرەتەکانی جوگرافیا و ژەهرەکانی مێژوو دەبینین. ئەم دەوڵەتانە پێکدەگەن و لێک دووردەکەونەوە دەچنە ناو هاوپەیمانی دژ بەیەک و پاشان لە یەکتری دەبورن و تەوقە دەکەن و باسی لاپەڕەیەکی تازە دەکەن. بڕگە نەگۆڕەکەی نێوان ئەو چوار پایتەختە ترسە لە پابەندبوونی کوردەکان بە خەونە دێرینەکەیانەوە سەرباری ئەو کوێرەوەرییانەی کە دووچاریان کراون. ئەمڕۆش ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەمای قەناعەتێک ڕەفتار دەکەن کە دوودڵن لە ڕاگەیاندنیدا و ناوەڕۆکەکەی دەڵێت کورد لە داعش ترسناکترە. شارەزایانی کاروبار و کوێرەوەرییەکانی ئەم ناوچەیە چاک دەزانن چارەنووسی داعش تەنیا هەر شکستە و بوونی داعش گەورەترە لەوەی جیهان و ناوچەکە بتوانن بەرگەی بگرن. هەروەها دەشزانن کە تیرۆر کاتێک ناونیشانێکی زانراوی دەبێت گۆڕی خۆی بەدەستی خۆی هەڵدەکەنێت. لەبەرئەوە چوار دەوڵەتەکە لەسەر ئەو بنەمایە ڕەفتار دەکەن کە داعش مەترسییەکی گەورەی تێپەڕە، بەڵام کورد مەترسییەکی زەبەلاحە و ناڕوات. ئەوەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی والێکرد بەسەر داروپەردووی لەخۆباییبوون و فیزەکەیدا ڕێ بکات مەترسی نەبوو لە داعش بەڵکو ترسی کوردەکان بوو. کوردەکانی ناوخۆ و کوردەکانی سوریا. هەر بەمشێوەیە دەتوانین گەشتەکەی ئەردۆغان تێبگەین بۆ سان پترسبۆرگ و گەشتەکەی داهاتووی بۆ تاران. هەروەها هەر بەم شێوەیە دەتوانین تێبگەین کە بۆچی ئەنقەرە ڕایگەیاند قبوڵیەتی لە قۆناغی گواستنەوەدا بەشار ئەسەد رۆڵێکی هەبێت.

کردەوە تازەکانی ئەردۆغان ڕژێمی سوریایان هاندا کارتەکانی ئاشکرا بکات. ئەویش باوەڕی وایە کە کوردەکان لە داعش ترسناکترن. شەڕ و پێکدادانەکەی ئەم دواییە لە حەسەکە بە کردەوە وەکو ئاڵوگۆڕکردنی نامە وابوو لەگەڵ تورکیادا. دەربڕینی هەڵوێستی توند بەرامبەر بە ئاواتەکانی کورد ڕەنگە ئەو پردە بێت کە بتوانرێت لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا چاک بکرێتەوە، هەرچەندە دوو سەرۆکەکە دۆستایەتییان لەنێواندا نەماوە.

ئێرانیش لەڕێی خۆیەوە مەبەستییەتی کورد بخرێتەوە قاوغەکەی خۆی. ناتوانێت قبوڵی بکات کوردێکی ئێران داوای دۆخ و پێگەیەک بکات وەک ئەو دۆخ و پێگەیەی کە کوردی عێراق دەستی کەوتوون و کە کوردی سووریا چاوەڕوانیانە. لەکاتی سەرکەوتنی شۆڕشدا خومەینی پێشوازی کرد لە شاندێکی میوانی کوردەکان، شاندەکە مەسەلەی مافی کوردیان لای سەرۆکی شۆڕشەکە باس کرد و لە وەڵامدا وتی هیچ کێشەیەک لە ئارادا نابێت چونکە شۆڕشەکە ئیسلامییە. بەڵام شۆڕشەکەی ئێران کێشەی کوردی ئێرانی چارەسەرنەکرد بەو بەڵگەیەی کە هەندێک کورد دەستیان دایەوە خەباتی چەکداری.

ئێران بە کردەوە بەرژەوەندییەکی گەورەی هەیە لە لەباربردنی خەونی کوردەکانی سوریادا. سوریایەکی فیدراڵی مایەی دڵنیایی ئێران نابێت. کورد ئەگەرمافەکانی بەدەست بهێنێت، ئەوا مەسەلەی پێکهاتەکانی دیکە دێتە ئاراوە کە لەنێوانیاندا زۆرینەیەکی سوننی هەیە. سەرکوتکردنی چاوەڕوانییەکانی کورد پردێکی تازە دروست دەکات لەنێوان ئەنقەرە و تاراندا سەرباری بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سەرباری ڕێککنەکەوتنی هێزە ناوچەییە سوننییەکان لەسەر هەڵوێستێکی وا کە کۆنترۆڵی تەماعەکانی ئێران بکات لە عێراق و سوریادا. ئێرانیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە ڕەفتار دەکات کە کوردەکان لە داعش ترسناکترن.

ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا لە بەغدا لە ئارادان سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە شەڕی ڕزگارکردنی موسڵدا، ئەمیش هەر جەختدەکاتەوە لەسەر جیاکردنەوەی هەڕەشەیەکی گەورەی تێپەڕ لە هەڕەشەیەکی گەورەی نیشتەجێ. هەندێک هێزی کاریگەر لە بڕیاری بەغدادا ئێستا وا هەڵسوکەوت دەکات وەک ئەوەی پەشیمان بێت لەو شتانەی کە لە پێناوی ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێندا ڕادەستی کوردیان کردووە. زۆر ڕێی تێدەچێت کاتی خۆی تاران مۆڵەتی بە هاوپەیمانەکانی دابێت پێش پەلامارەکەی ئەمریکا داخوازییە کوردییەکان قبوڵ بکەن، چونکە باوەڕی وابوو ڕووخاندنی سەدام دەستکەوتێکی ستراتیجییە و ئەمەش لەکۆتاییدا دەرکەوت.

داعش پاش دەرکەوتنە خوێناوییەکەی مەترسییەکی گەورەی وای دروستکرد کە بووە مایەی نیگەرانی ناوچەکە و جیهان. بەڵام دڕندەییەکەی داعش لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی دروستکرد کە چەندین دەوڵەت و هێز قۆستیانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان چ لە عێراقدا بێت یان لە سوریا. لەژێر تابلۆی دژایەتیکردنی داعشدا دەستوەردانە دەرەکییەکان لە عێراق و سوریادا چەند بەرابەری جارانیان لێهات. زەبری هێزە فرە ڕەگەزەکان داعشی ناچارکرد گرمۆڵە ببێت، هەرچەندە هێشتا دەتوانێت لێرە و لەوێ قەسابخانە بنێتەوە. بەڵام سەمای هەڵوێستەکان و گەڕانەوە بۆ پێگەکانی جاران وەک دەردەکەون پەیوەستن بە هەڕەشە هەمیشەییەکەی کوردەوە زیاتر لەوەی پەیوەست بن بە مەترسییە تێپەڕەکەی داعش.

گومانی تێدا نییە کە ئەم ژانە خوێناوییە درێژ و توندوتیژ دەبێت. ڕەفتارکردن لەگەڵ کورددا بەو حسابەی کە لوغمی چێندراون لە نەخشەی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا نیشتەجێن، پێشبینی شەڕ و لەتوپەتبوونی زیاتری لێدەکرێت. مەحاڵە بتوانرێت کوردی سووریا بگێڕدرێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێنج ساڵ لەمەوپێش تێیدا بوو. هەروەها ناکرێت هەتاهەتایە کوردی تورکیا ڕاوبنرێت. ناشتوانریێت کێشەی کوردی ئێران لەڕێی تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە چارەسەربکرێت. قبوڵنەکردنی مافی ئەوەی کە جیاوازبین کارەساتێکە ئەنجامە وێرانکەرەکانی تەنیا هەر بەر کورد ناکەون. 

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure