ئەڵقەیەكی تازە لە زنجیرە ئابڕووبەرەكانمان

بۆچوون / بیروڕا :: 21/08/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
دوای ئەو هەموو نەهامەتیەی بەدرێژایی سیازدە ساڵی رابردوو بەسەرماندا هات لە مردنی بەكۆمەڵی رۆژانە و وێرانە و كاولكاری لە موڵك و ماڵ و دامەزراوە گشتی و  تایبەتەكان، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە دەوڵەتەكەمان وەك ئەوەی هیچ عیلم و خەبەرێكی لەهەموو ئەمانە نەبێت كە روودەدەن و بەسەر وڵات و خەڵكی وڵاتدا دێن، هێشتا كاردەكات بۆ هێشتنەوەی وەك خۆی لەناو ئەم چەرمەسەریەدا بۆ تاهەتایە.

 
ئەوەتا بەم دواییانە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە كە دەیەوێت چەند كەسێك بۆ هەندێك لە وەزیفەكانی فەرمانگەكانی خۆی دابمەزرێنێت. زۆربەی ئەوانەی كە نیشانیانگرتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە بەنرخەیان لە كیس نەچێت، تووشی سەرسوڕمان بوون كاتێك بینییان ئەو فۆرمەی كە دەبێت بۆ دامەزراندن پڕی بكەنەوە، بەندێكی تێدایە و پرسیار لە ئایینی خاوەن داواكە دەكات! لەوەیش خراپتر لە فۆرمەكەدا تەنیا سێ‌ ئایین دیاریكراوە بۆ ئەوەی كە خوازیاری دامەزراندن ئاماژەیی پێبكات، ئەوانیش بریتین لە: ئیسلام و مەسیحی و صابئی. ئەمەیش مانای وایە كە جگە لە دیندارانی ئەو سێ‌ ئایینە كەسی دیكە بۆی نییە داوای دامەزراندن بكات!.


بە دڵنیاییەوە ئەم فۆرمە داهێنراوی وەزارەتی تەندروستی نییە. لایەنێك لە ناو دەوڵەتدا هەیە كە پەیوەستە بە سیستمی دامەزراندنی هاووڵاتیان لە وەزیفە حكومیەكاندا و هەر ئەویش ئەم فۆرمەی ئامادەكردووە و وەزارەتەكانی راسپاردووە تا پێوەی پابەندبن.
كارەساتەكە لەوەدایە، هیچ كەسێكی بەرپرس لە وەزارەتی تەندروستی و هەروەها وەزارەتەكانی دیكەیش كە رەنگە نموونەیەكی ئەم فۆرمەی چووبێتە بەردەست و بە بەرچاویدا تێپەڕی بێت، ئەم بەندی تایبەت بە ئایینە راینەگرتووە و تووشی شۆكی نەكردووە. بەڵێ‌ پرسیاركردن لە سەر ئایین تووشی شۆكی نەكردوون و بەوەیش سەریان سوڕنەماوە كە ئەم بەندە ئیعتیرافنەكردنی دەوڵەتە بەو ئاییانەی تر كە دەستوور زۆر بە راشكاوی دانی پێداناون، بە تایبەت ئایینی ئێزیدی كە پەیڕەوكارانی ئەم ئایینە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نەهامەتییەكی ترسناكیان چەشت بەدەست چەكدارانی رێكخراوی داعشی تیرۆریستەوە، ئەمە بێجگە لە ئایینەكانی دیكەیش كە لەلایەن ژمارەیەكی بەرچاوی عێراقیەكانەوە پەیڕەو دەكرێن، وەك جوولەكە و كاكەیی و بەهائی و زەردەشتی. ئەمە سەرەڕای  بێدینەكان، واتا ئەوانەی كە پەیڕەوی هیچ دیینێك ناكەن و بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەم دواییەدا بڵاوكراوەتەوە رێژەیان 20% ی كۆمەڵگەی عێراقی تێپەڕاندووە. 

بەگوێرەی هەندێك زانیاری كە دوێنێ‌ دەربارەی ئەم واقیعە مەترسیدارە بڵاوكراوەتەوە، كاتێك وەزیری تەندروستی بە مەسەلەكەی زانیوە، خێرا فەرمانیداوە بە لابردنی بەندی ئایین لە فۆرمی داواكاریی دامەزراندن و بەڵینیداوە لێكۆڵینەوەی تێدا بكات بۆ ئەوەی بزانێت كە ئاخۆ كێ‌ ئەم بەندەی داناوە. ئەمە كارێكی باشە، بەڵام نابێتە چارەسەرێكی ئەنجامبەخش. چونكە كێشە راستەقینەكە لەو عەقڵیەتەدایە كە لەپشت پێشنیاركردنی ئەم بەندەوەیە. هەروەها لەو عەقڵیەتەدایە كە ئەو پێشنیارەی قبووڵكردووە و لەو عەقڵیەتەدایە كە لەو پێشنیارە بێدەنگ بووە و لەو عەقڵیەتەدایە كە پێشنیارەكەی جێبەجێكردووە، بێ‌ ئەوەی لە دژی بێت یاخود تێبینیەكی لەسەر بدات.


ئەمە عەقڵیەتی سەدان هەزار فەرمانبەری دەزگای بێرۆكراتیانەی دەوڵەتە كە وێرانیان كرد یان لە باشترین باردا لاوازیان كرد. هیچ هەستێكی نیشتمانییان نییە.
ئائەمەیە كە پێویستی بە چارەسەرێكی ئەنجامبەخش هەیە، نەك تەنیا بە لابردنی بەندی ئایین لە فۆرمی دامەزراندنی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا. 
دەمانەوێت داعش تێكبشكێنین. دەمانەوێت تیرۆر لە رەگەوە هەڵكبێشین. دەمانەوێت قەلاچۆی گەندەڵیی ئیداری و دارایی بكەین. دەمانەوێت ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان بەدیبێنین. دەمانەوێت هاووڵاتی بوێر و خۆنەویست و پاك و پیشەیی بێت. بەڵام نەك هەموو ئەمانە ناكرێن بەڵكو تەنانەت كەمێكیشیان نایەنەدی بەبێ‌ هەستی نیشتمانی و نیشتمانپەروەری، تەنانەت بە كەمترین ئاست و سنووریش... عەقڵیەتی باوی بەندی ئایین لە دەزگای دەوڵەتدا هەرگیز رێگە بەمە نادات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure