شەرحی دیموکراسی

بۆچوون / بیروڕا :: 21/08/2016

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ئەگەر تۆ دانیشتووی ئەم لایەی جیهان بیت، کە بە دڵنیاییەوە لایەکی ناجوگرافییە، چونکە وەک دەبینیت جوگرافیا بووە بە شتێک لە مێژوو. خودی مێژووش بووە بە شتێک لە هیچ، وەک هەموو جارێک کە ئەقڵی تێکدەچێت. کەواتە ئەگەر بەشێک بیت لەم جیهانە، کە مەبەست لێی جیهانەکەی تۆ و جیهانەکەی منە، خوا پەنای هەموو لایەک بدات، مانای وایە ڕاهاتوویت، یاخود خۆتت ڕاهێناوە لەسەر ئەو شتانەی کە دانیشتوانی بەشەکانی تری ئەم جیهانە نە دەتوانن تێیبگەن و نە لەگەڵیشیدا ڕادێن.
بۆ نموونە زاراوەی دیموکراسی وەربگرە بەوشێوەیەی کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح تێیگەیشتووە. ئەو هەڕەشەی کوشتنی ڕاگەیاند دەرهەق بە هەرکەسێک کە نەچێتە دانێشتنەکەی پەرلەمانەوە. لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا پەیڕەوکردنی دیموکراسیی هەڵبژاردن و بڕیار و ئارەزووە، بەڵام لای عەلی بەگ، تەنیا یەک چەمکی هەیە: گوێرایەڵی یان کوشتن. بێگومان تۆ واقت وڕ نەماوە و مەسەلەکەت بەلاوە عەجایەب نییە. چونکە پێشتر عەلی عەبدوڵڵا ساڵحت بینی ڕایگەیاند پەشیمان بووەتەوە لەوەی خۆی بۆ سەرۆکایەتی بپاڵێوێت. پاشان بینیت پەشیمان دەبێتەوە لە پەشیمانبوونەکانی پێشووتر. ئینجا بینیت بە فڕۆکە و تانک و زرێپۆش هێرشدەکاتە سەر ناوچەی حوسییەکان. دواتر بینیت پێشیان کەوتووە و پەلاماری سەنعا و عەدەن دەدات. نیازیشی وابوو درێژە بە ڕێگاکە بدات بەرەو ماڵی باپیرانی لە ئەندەلوس.
سەیرەکە لەوەدایە کە هەڕەشەی کوشتنی پەرلەمانتارەکان، لەم بەشەی جیهاندا بەشێوەیەک تێپەڕی وەک ئەوەی هەواڵی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تازە یان دۆزینەوەی ڕووبارێک بێت لە مەئرەب. تەنیا هەر لەم بەشەی جیهاندا دەتوانیت لە ناونیشانێکی ساکاری ناونیشانەکانی دیموکراسیدا هەواڵێک بخوێنیتەوە بڵێت تورکیا ٣٨ هەزار زیندانیکراوی ناسیاسی ئازاد دەکات بۆئەوەی جێگا بۆ ٣٨ هەزار زیندانیکراوی تازە دابین بکات. بەڵام ئاخۆ حکومەت پێشتر چۆن زانیویەتی کە ژمارەی حوکمدراوەکان ڕێک بەقەدەر ژمارەی تاوانبارە ئاسایییەکانە، ئەوە مەسەلەیەکە لەبواری پسپۆڕی دیموکراسییەکاندایە. هەروەها ڕەنگە تێبینیت کردبێت کە ئەو سوڵتانەی بە ئاماژەی پەنجەیەک فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی ڕووسی بێ هیچ دوو دڵییەک و چاوپیاخشاندنەوەیەک خستەخوارەوە، خۆی هەڵگرت و چوو  بۆ کرملین، کە لەوێ فەخامەتی سەرۆک پۆتین بە ئەنقەست یەک هەنگاو نەچووە دەرەوەی نوسینگەکەی بۆ پێشوازیکردنی ئەم میوانە کتوپڕە. تەواو؟... نەخێر تەواو نەبووە. چونکە ئیمپراتۆرە جیهانییە تازەکە کە هەتا دوێنێ لە پەیمانێکی داینامیکیدا بوو لەگەڵ ڕابەری گەورەی شۆڕشی ئێراندا دژی تەکفیرییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، سوڵتانی خستە ناو خودی هاوپەیمانییەکەوە پاش ئەوەی کە تاوانباری دەکرد خۆی و زاواکانی نەوت بە داعش دەفرۆشن.
لەم بەشەی جیهاندا خاوەن فەخامەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەستی کردووەتەوە بە هاوپەیمانیکردنەکەی پێشووی لەگەڵ ڕژێمی سووریدا لەسەر هەموو ئاستەکان؛ خێزانی و تایبەت و سەربازی. ئیتر نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرمانگە تایبەتەکانی با هەر بۆخۆی ژمارەی کوژراوان و مردووان و لێقەوماوان بژمێرێت لەسەر زەمینی سوریا و لە تورکیای دراوسێدا. هیوادارم ئەو وشانەت خوێندبێتەوە کە بە پیتی زۆر ورد لەژێر ئەو فڕۆکەیەدا نوسرابوون کە لە ئێرانەوە بەڕێ کەوت بۆ لێدانی سوریا. وێنەکە دەڵێت کە بەرهەمی وەزارەتی بەرگری ڕوسیایە و ئەوەش کە بەڕۆژنامەکانی جیهاندا بڵاویکردەوە ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی بوو. خۆ ئەگەر بەدوای بەڕێز ئۆباماشدا دەگەڕێیت، ئەوا وەک پێشبینی دەکەین، سەرگەرمی نووسینی بەشێکی تری بیرەوەرییەکە کە نە تامی هەیە و نە ڕەنگ و نە بۆن و نە ژیان.







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure