کاتێک ژنان شەڕی داعش دەکەن

بۆچوون / بیروڕا :: 21/08/2016

سەرچاوە: نیویۆرك تایمز
وەرگێڕان: نەبەز سەمەد

دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم مانگە، دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) هێرشی کردە سەر ئێزیدییەکان، کە کەمینەیەکی ئایینیی کوردن لە دەورووبەری چیای شەنگال دەژین. چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندەکان، پیاوەکانیان کوشتن و بە هەزاران ژن و منداڵیان برد، تاکو ژنانەکان وەک کۆیلەی سێکسی بفرۆشن. 

هەر ئێزیدییەک کە توانی ڕابکات، ئاوارە بووە سەر چیای شەنگال بەبێ خواردن، جلوبەرگی تەواو، یان تەنانەت هەندێکیان بەبێ پێڵاو. ئەوان بۆ چەندین ڕۆژ لەوێ مانەوە، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا بە کەمێک یارمەتیی نێودەوڵەتییەوە. ئەوانەی کە لە سەرەتاوە بەڵێنی پاراستنی ئێزیدییەکانیان دابوو، پێشمەرگەکانی مەسعود بارزانی، ئەوان لەگەڵ هێرشی داعشدا بەبێ بەرگریکردن ڕایانکردبوو. 

پاشان شەڕڤانان و گەریلاکان بوون کە شەڕیان لە دژی داعش کرد تاکو ڕێگە بکەنەوە بۆ ئاوارە ئێزیدییەکانی سەر چیا و ڕزگاریان بکەن، ئێزیدییە ڕزگاربووەکان بەرن بۆ ناوچەی خۆ-بەڕێوەبەری کوردەکان لە سوریا کە پێی دەگوترێ ڕۆژاڤا. زۆرینەی ئەو شەڕڤان و گەریلایانە ژن بوون، ئاخر ئەمە پرنسیپێکی بنەڕەتییە بۆ ماوەی چەندین دەیە لەنێو بزاڤی ئازادیخوازی کورد، کە ژنان نابێ چاوەڕێی ئەوانی دیکە بکەن تاکو بەرگرییان لێ بکەن، بەڵکو دەبێ خۆیان بۆ ئازادیی شەڕ بکەن. لە ڕاستیدا، هەندێ لەو ژنانە دەڵێن کە ئەوان بۆ ژنانی دیکە شەڕ دەکەن، چونکە دەزانن ئەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە گیراون چ مەترسییەک چاوەڕێیان دەکات. 


لە شەڕی ڕۆژاڤا لە دژی داعش، ژنان نەک تەنیا وەک شەڕڤان بەڵکو وەک فەرماندەی یەکەکانی گەریلاش بەشدارن. دوای ڕزگاربوونیان، هەندێ لە ژنە ئێزیدییەکان بڕیاریاندا کە ئەوانیش بەدووی ئەم نموونەیە بکەون و یەکەیەکیان بەناوی ژنانی یەکەی پاراستنی شەنگال دامەزراند. بە هەمان شێوە، لە کوردستانی عێراق، ئەو ژنە ئێزیدییانەی لە کۆیلەیەتی سێکسی ڕزگاریان ببوو،یەکەی خۆیان دامەزراند.


گەریلای ژن لە خەباتی ئازادیی نەتەوەییدا شەڕیان کردووە، لە شوێنەکانی وەک چین، ڤێتنام، کوبا، نیکاراگوا، مۆزەمبیق، ئەنگۆلا، ئێران و فەلەستین، هەروەها ڕێکخراوە فێمێنیستیەکان لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی بەشداریان کرد كە لەماوەی یەکەم جەنگی جیهانیدا دامەزرا. ئەم کۆمەڵەیە بۆ چارەسەری بە قوربانیبوونی ژنان لە ماوەی جەنگدا دوو داواکاری هەبوو. یەکەم، دژی شەڕ بوو، دووەم دڵنیاکردنەوە لەوەی کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ ژنان لەسەر مێزی دانوستاندا بەشدار بن. 


بەڵام مێتۆدی بزاڤی ئازادیخوازی کورد، بە پێچەوانەوە، جەخت لەسەر خۆ-بەرگریی دەکاتەوە لە هەر دوو لایەنی سەبازی و کۆمەڵایەتی. شەڕڤانانی ژن دەبێ وەک نموونەی ڕێبەرایەتی ژنان ببینرێن لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا. لە سیستمی خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژاڤادا، بەشدارییەکی بەهێزی ژنان لە حوکمڕانیدا هەیە، سەرجەم ڕێکخراوەکان لەلایەن دوو هاوسەرۆکی ژن و پیاوەوە بەڕێوەدەبرێن. کۆمیتەکانی ژنان دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەیان هەیە بەسەر کێشەکاندا وەک کێشەی هاوسەرگیریی بەزۆر و توندوتیژیی خێزانی. 


بەڵام بەتایبەتی شەڕڤانی ژن دژەوێنەیەکی بەهێز پیشاندەدا بەرانبەر بەو قوربانیانەی کە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و کراون بە کۆیلەی سێکسی، کە ئەمانە وەک سەرچاوەی شەرم بۆ خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان دەبینرێن. ئیدی پیاوسالارەکانی کۆن، دەستدرێژیی سێکسی و کۆیلایەتیی سێکسییان وەک ستراتیژێکی ناوەندی لە ململانێ و جینۆسایدەکاندا بەکارهێناوە، وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی شوناسی دوژمن. بەم شێوەیە دەستدرێژیی سێکسی لە بۆسنە، کۆماریکۆنگۆی دیموکراتی، هیند، بەنگلادیش، هەروەها ئەمڕۆش لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنرێت.

ژنانی وەک ئێزیدییەکان کە بەشێوەیەکی زۆر خراپ بوونە بابەتی توندوتیژیی سێکسی، ئەوا بەسانایی ناگەڕێنەوە بارودۆخی ئاسایی جارانی خۆیان، ئەگەر ئەوان وەک قوربانی شەرمەزار سەیری خۆیان بکەن یان سەیریان بکرێ. بەشێک لە پرۆسەی چاکبوونەوە (گەڕانەوە دۆخی ئاسایی)بەشداریکردنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەکەداربوونی ڕزگاربووەکان. 


بێگومان، ڕێگە هەن بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەبێ ئەوەی دەست بۆ چەک ببرێ. بەڵام فاکتەکە ئەوەیە کە هەندێ لە ڕزگاربووەکان لەنێو کامپی ئاوارەکان لە کوردستانی عێراق، کە هێشتاش زۆر بە سەختی پیاوسالارانەیە، هەڵبژاردنی ئەو ڕێگەیە کاریگەریی ژنە گەریلا ڕادیکاڵەکان پیشاندەدا. ئەنجومەنی ژنان کە تەموزی ڕابردوو پێکهێنرا لەلایەن ئەو ئێزیدیانەی کە لەژێر کاریگەریی ڕۆژاڤادان، بووە هۆی ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئامانجەکە نابێ کڕینەوەی ژن و منداڵانی ئێزیدی بێ کە لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون، بەڵکو دەبێ ئازادکردنیان بێ لەگەڵ دامەزراندنی ترادیسیۆنێکی نوێ بۆ بەرگریکردن لە خۆ. 

ئەمە ئاسان نابێ، دوای دوو ساڵ لە گرتنیان، هێشتایش بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی بە دەستبەسەری ماونەتەوە. زۆری دیکەش لە کامپەکانی تورکیا، عێراق یان ڕۆژاڤادا پەرش و بڵاوبوونەتەوە، لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان هەوڵیانداوە بۆ ئەوروپا ڕابکەن. بەڵام لوتکەی خەباتی ئێزیدییەکان لەسەر چیای شەنگال ماوەتەوە، ماڵی ڕەسەنی خۆیان، کە ئێستا زۆر لە ئاوارەکانی کامپەکانی عێراق داوای گەڕانەوە بۆ ئەوێ دەکەن. یەکێک لە لەمپەڕەکان ماوەتەوە ئەویش هەمان هێزەکانی مەسعود بارزانین کە دوو ساڵ پێش ئێستا بەجێیانهێشتن، ئەو پێشمەرگانەن کە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژاڤا و بەشی باکوری چیای شەنگال کۆنترۆل دەکەن، دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانیان زۆر قورس کردووە ئەگەر مەحاڵیان نەکردبێ. ئەمە بە هاوکاریی تورکیا لە دژی کوردانی ڕۆژاڤا کراوە. 

ئەوانەی لە ئێمە بەهۆی هەژانی ئێزیدییەکان و وێنەی ژنانی شەڕڤان کە دژی داعش شەڕ دەکەن بزوێنراوە و کاریگەری لەسەر دانراوە، دەتوانێ و دەبێ زیاتر بکا لە تەنیا دەربڕینی ستایش بۆ شەڕڤانانی ژن. ئێمە پێویستە یارمەتی حکومەتی ئەمریکی بدەین تاکو گوێ لە ئایدیاکانی خۆی بگرێ سەبارەت بە یەکسانی جێندرەی، دیموکراوی و فرەیی. ئەمریکا تازە بەڵێنی بڕێکی باش هاوکاریی سەربازیی بە مەسعود بارزانی داوە. 

 لە کۆتاییدا، هاوکاریکردنی ئێزیدییەکان بەم شێوەیە دەبێ کە ڕێگەیان لێنەگیرێ، بتوانن بگەڕێنەوە و خانوو و ماڵەکانیان دروستبکەنەوە، بە بەشداریی هەموو ژنان و ڕزگاربوانی توندوتیژیی سێکسی دەستی داعش. هەروەها بەهەمیشەیی کۆتاییهێنان بە داخستنی سنوور لە ڕۆژاڤا، داخستنی سنوور بەسەر ئەو شەڕڤان و گەریلایانەدا کە تاکە هێزبوون توانیان شەڕی دژی داعش بکەن، بەهۆی فێمێنیزمبوونەکەیانەوە.   





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure