ململانێی چینە سیاسیەكە

بۆچوون / بیروڕا :: 20/08/2016

دواڕۆژ
سەرچاوە: ئەلسەباح
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

چی لە عێراقدا روو دەدات؟ رەنگە هەر یەك لە ئێمە ئەم پرسیارەی لەخۆی كردبێت و لە خەڵكانی دیكەیشی بیستبێت. وەڵامەكەیش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی جیاوازە بەپێی ئەو گۆشە نیگایەی كە رووداوەكانی پێدەبینێت. ئەم تێڕوانینەیش وابەستەی چەندین هۆكارە، بەڵام هەموویان ئەو دۆخە دیاریدەكەن كە خەریكە دەردەكەوێت و دەیسەلمێنێت ئەوەی كە ئێستا روودەدات بریتییە لە ململانێی چینە سیاسیەكەی عێراق. ئەو چینەی كە ئەمڕۆ هەوڵ دەدات خۆی لە قەیرانەكەی بدزێتەوە و بینێرێتە شەقامی عێراقییەوە. ئەمەیش ئەو كارەیە كە رەنگە شەقامی عێراقی رەتیبكاتەوە چونكە نایەوێت ببێتە لایەنگری ئەم لایەن و ئەولایەن. ئەمەیش لەبەر چەندین هۆكار: یەكەمیان ئەوەیە كە شەقامی عێراقی چیدی توانای لەخۆگرتنی قەیرانی تازەی نەماوە دەرهاویشتەی ململانێ‌ بەردەوامە سیاسیەكە بێت كە پەیامیگەلێكی خراپی داوەتە  هێزە نەیارەكانی عێراق، ئیتر هێزە تیرۆریستەكان بن یاخود ئەو وڵاتانەی پشتیوانییان لێ دەكەن.  

دەبێت دان بەوەدا بنێین كە قەیرانگەلی گەورە لەناو كوتلە سەرەكییە سیاسیەكاندا هەیە، ئەم قەیرانانەیش كاریگەرییان لەسەر هەموو شتێك لە عێراقدا كردووە، هەر لە خزمەتگوزاریەكانەوە هەتا شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها رۆڵی پارلەمانیشی پەكخستووە لە دەركردنی یاسای تایبەتدا. ئەوەتا زۆربەی دانیشتەكانی ئەم دواییەی پارلەمان گۆڕاون بۆ تۆمەتبەخشینەوە. ئەمەیش وامان لێدەكات داوا لە هێزە سیاسیەكان بكەین كە كێشە ناوخۆییەكانیان بخەنەلاوە و بكەونە خزمەتكردنی گەلی عێراقەوە. رەنگە ئەوەمان گوێ‌ لێ‌ بووبێت كە دەگوترێت گوایە ئەمە كارناكاتە سەر ئاستی شەڕی دژی داعش، بەڵام بەپێی ئەزموونی خۆمان دەڵێن جەنگاوەری عێراقیش دەكەوێتە ژێر كاریگەریی دیمەنە سیاسیەكەوە و زیاتریش كاریگەری لەسەر دروست دەبێت كاتێك دەبینێت كە ئەم جیاوازی و دابەشبوونە سیاسیە كاری كردووەتە سەر تەنانەت هاتوچۆی سەر شەقامەكانی پایتەخت و ئەوانیشی شێواندووە، ئیتر چۆن كار ناكاتە سەر رەوتی رووداوەكان و پرۆسەكانی دژە داعش. بەتایبەت كە هەموان باش دەزانن، لە بنەڕەتەوە تیرۆر دەرەنجامی دابەشبوونە سیاسیەكەیە و وایكردووە هەندێك پەنا ببەنەبەر رێكخراوە تیرۆریستەكان بۆ خۆبەهێزكردن بەرامبەر ئەویدی و سەپاندنی ئەجێندای دیاریكراو. 

هاووڵاتیی عێراقی هەست بەو راستیە دەكات ئەو ململانێ‌ سیاسیەی كە هەیە دەیەوێت قەیرانێكی تازە بخاتە شەقامی عێراقییەوە كە هەر لە بنەڕەتەوە لایەنگریی زۆربەی هێزە سیاسیەكانی رەتكردووەتەوە. ئەم رەتكردنەوەیەیشی لە خۆپیشاندانی فراوانی ئاشتیانەدا دەربڕیوە و تێیدا داوای چاكسازی و قەلاچۆكردنی گەندەڵی و بەشبەشێنەی كردووە. ئەو داواكاریانەیش هێشتا هێندە كەمی لێ‌ جێبەجێكراوە كە رای گشتیی عێراقی قەناعەت پێ‌ نەكردووە چونكە ئەوان خوازیاری چاكسازیەك بوون كە لەگەڵ ویستەكانی هەموو هاووڵاتیاندا بێتەوە لە هەموو لایەكی عێراقدا. 

هەموو ئەمانە وامان لێدەكەن درك بە قەبارەی ئەو دابەشبوونە سیاسیە و مەترسیەكانی لەسەر عێراق بكەین، بەتایبەت لە ئێستادا كە ململانێكە كەوتووەتە ناو یەك كوتلە و  هاوكاتیشە لەگەڵ ئامادەكاریەكانی عێراق و هێزە چەكدارەكان بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ لە پۆخڵیی (داعش). ئەم شەڕەیش بەدیاریكراوی شەڕی تەنیا عێراق نابێت بەڵكو شەڕی هەموو ئەو جیهانەیە كە رێكخراوە تیرۆریستیەكەی لە موسڵ و رەققەی سوریادا گەمارۆداوە. هەروەك هەڵوێستی دیكەی نێودەوڵەتییش لە ناوچەكەدا سەریهەڵداوە كە رەنگە زۆر لە هاوكێشە سیاسیەكانی جەنگی دژە تیرۆر بگۆڕێت، بەتایبەت لە سایەی گۆڕینی هەڵوێستی توركیا و نیمچە رێككەوتنی روسیا و ئەمریكا لەسەر كۆتایهێنانی  دۆسیەی (داعش).
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure