مژدەیەکی ئەمریکی: جەنگەکانی سوریا بەردەوامن

بۆچوون / بیروڕا :: 20/08/2016


نوسینی: مستەفا زەین
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
شکستهێنانی گفتوگۆکانی جنێف سەبارەت بە سوریا شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، هەروەها دواخستنی هەموو جارێکی ئەو گفتوگۆیانە بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەوە نەبووە لە حەڵەب و ناوچەکانی دیکە، پەیوەستنەبوونی لایەنە شەڕکەرەکانیش نەبووە بە ئاگربەستە ڕاگەیەندراوەکەوە. هۆکارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە هێشتا ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێکنەکەوتوون لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان خۆیاندا، بۆیە ڕێگەیان داوە وڵاتانی ناوچەکە زیاتر نغرۆ ببن لەم زەلکاوەدا. ڕووسیا و ئەمریکا هەریەکەیان ئامانجی خۆی هەیە. مۆسکۆ هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتربکات و چاوی لە بوژاندنەوەی پرۆژەیەکی ستراتیجی ئیمپراتۆریی زۆر کۆنە کە بریتییە لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەک یاخود تەکەتولێکی سەربازیی سیاسیی کە بگاتە تاران و بەغدا و دیمەشق. ئەم پرۆژەیە پێشتر ڕێگری زۆری هەبوو، چونکە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تورکیا و ئیسرائیل و ئێرانی سەردەمی شا نەیاندەهێشت جێبەجێ ببێت، لەدوای شۆڕشی ئێرانیش تاران ئەوەندە لاوازبوو کە نەیدەتوانی هاوکاری بکات لە جێبەجێکردنیدا، ئەمە جگە لە لەتوپەتبوونی یەکێتی سۆڤیەت لە سەرەتای نەوەدەکاندا و سەربەخۆبوونی ئەو دەوڵەتە ئاسیاییانەی کە سەر بە مۆسکۆ بوون و دواتر ڕوویانکردە خۆرئاوا و تەنانەت هەندێکیان ڕێگەیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا بنکەی سەربازیی دابمەزرێنێت. ئەمڕۆ پۆتین دەرفەتەکە بە گونجاو دەزانێت بۆ زیندووکردنەوەی ئەم خەونە لەڕێی پەیوەندییە بەهێزەکانییەوە لەگەڵ ئێران و هەروەها شەڕی سوریا و پابەندبوونی مۆسکۆ بە ئەسەدەوە و بێلایەنبوونی تورکیا کە دەترسێت دەوڵەتێکی کوردی لەنزیک سنوورەکانییەوە دروست ببێت.
بەڵام واشنتۆن لەڕێی پتەوکردنی هاوپەیمانیەتییەکانییەوە لە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەروەها لەڕێی دامەزراندنی بنکەی سەربازیی لەو وڵاتانەدا ڕووبەڕووی ئەو پرۆژەیە دەوەستایەوە. هەروەها پاش شۆڕشەکەی ئێران ئابڵوقەی تارانی دا و سوریای خستە بەرەی وڵاتانی شەڕخوازەوە و پەلاماری عێراقی دا و ڕژێمەکەی ڕووخاند، پاش ئەوەی کە جەنگی یەکەمی کەنداو پرزەی لەو وڵاتە بڕیبوو، و ڕژێمێکی لایەنگری خۆی تێدا دروستکرد کە مانەوەی ئەو ڕژێمە سەدی سەد پەیوەستە بە پشتیوانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکاوە بۆئەوەی نەکەوێتە باوەشی تارانەوە، لەهەمان کاتدا نەبێتە دوژمنیشی، هەروەها بۆئەوەی بەڕووی سوریادا نەکرێتەوە و خەونە کۆنەکەی سەردەمی ئەسەدی باوک نەبوژێتەوە سەبارەت بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ مۆسکۆدا لەسەر ئەو هێڵە ستراتیجییە. لەم ڕوانگەیەوە واشنتۆن و مۆسکۆ لە سوریادا ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و لەسەر باکگراوندی ئەم مەسەلەیە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات خەریکی دانوستانن بەڵام هێشتا پانتاییەکیان نەدۆزیوەتەوە بۆ ڕێککەوتن. یاریدەدەرێکی سەرۆک ئۆباما لەم بارەیەوە دەڵێت:(ڕوسەکان دژی گۆڕینی سیاسی نین لە سوریادا بەڵام دەیانەوێت دۆخێکی وا دروست نەبێت کە جیهادییەکان سەربکەون و دام و دەزگاکانی دەوڵەت وێران ببن. هەروەها وای ڕادەگەیەنن کە لەگەڵ ئاگربەستدان بەڵام دژی ئەوەن بەرەی نوسرە سوود لەم ئاگربەستە ببینێت. ئێمەش لەو دوو خاڵەدا هەمان هەڵوێستی مۆسکۆمان هەیە).
ئەو ڕاوێژکارە دەڵێت:[ئێمە ڕاشکاوانە دەڵێین ئەگەر مۆسکۆ ئەم قسانەی بەڕاست بێت یان نا هەروەها ئەگەر نەشتوانێت ڕژێمی سوریا ناچار بە وەرگرتنی هەڵوێستی گونجاو بکات (ڕاگرتنی بۆردوومانکردنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو)، ئێمە هیچمان لەکیس ناچێت. بەردەوامیش دەبین لە یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا و ڕێگە بە ڕژێم نادەین سەربکەوێت]. ڕاوێژکارەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:(واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکاری لەگەڵ ڕوسیادا بکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش، بەڵام ئەگەر ئەم هاوکارییە شکستی هێنا ئەوا ئامادە دەبین هەنگاوی وا بگرینەبەر کە ململانێکە درێژخایەنتربکات).
هەرچەندە ئەم ڕاوێژکارە ڕوونی نەکردووەتەوە ئامانجە هاوبەشەکان کامانەن و چۆنییەتی بەدەستهێنانیشی ڕوون نەکردووەتەوە. بەڵام ئەو دوو خاڵەی کە ئەو باسیان دەکات (واتە گواستنەوەی سیاسی و ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی دەوڵەت بەس نین بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە خەریکە پەل دەهاوێت بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا. هەروەها ڕوونیش نییە چۆن ئەم دوو دەوڵەتە ڕێکدەکەون لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانە ئاڵۆزەکان لە ئۆکرانیاوە بۆ جۆرجیا و سوریا و ....)
هەموو ئاماژەکان بەڵگەی ئەوەن کە جەنگە تائیفی و مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵاتی عەرەبی و عێراقدا درێژخایەن دەبن، چونکە نە مۆسکۆ ئامادەیە واز لە خەونەکەی بهێنێت سەبارەت بە دامەزراندنی هێڵە ستراتیجییەکە لە تاران و بەغداوە بەرەو دیمەشق، نە واشنتۆنیش ئامادەیە ناوچەکە جێبهێڵێ. بەڵکو بە ورە و هێزەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە، پاش ساردبوونەوەیەکی کەمخایەن، هەروەها سەردەمەکەش سەردەمی شەڕ نییە لەنێوان (یانکی) و سوپای سوردا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure