كه‌واته‌ بۆ دژى رژێمى سه‌دام بووین؟

بۆچوون / بیروڕا :: 18/08/2016

دواڕۆژ
یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین غه‌ڵه‌ته‌كانى سیستمى سیاسیى ئێستاى عێراق و بگره‌ دیارترین نیشانه‌كانى شكست و هه‌ره‌سى چوارچێوه‌ ئه‌خلاقى و نیشتیمانیه‌كه‌ى، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستایش كار به‌ یاساكانى رژێمى سه‌دام و بڕیاره‌ دیكتاتۆرییه‌ ناڕه‌واكانى ده‌كات. به‌ڵكو زۆر به‌تووندى په‌یڕه‌وى ده‌كات و به‌رگریى لێده‌كات له‌ناو گرنگترین ده‌سته‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا كه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌یش دواى سیازده‌ ساڵ له‌ رووخانى ئه‌و رژێمه‌.

به‌ درێژایى ده‌ ساڵى رابردوو، خشته‌ى كارى چه‌ندین دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، پێشنیارگه‌لێكیان له‌خۆگرتبوو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیارانه‌ى كه‌ مه‌جلیسى قیاده‌ى سه‌وره‌ له‌ سه‌رده‌مى رابردوودا ده‌ریكردوون. ئه‌و ئه‌نجومه‌ن (مه‌جلیس)ه‌یش له‌ رووى تیۆرییه‌وه‌ بریتى بووه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى حزبى به‌عس كه‌ ئیداره‌ى ده‌وڵه‌تى به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ و له‌ڕووى پراكتیكیشه‌وه‌ ده‌سته‌ى باڵاى حكومه‌ت بووه‌ و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ى په‌سه‌ند ده‌كرد كه‌ سه‌دام ده‌ریده‌كردن، ئیتر ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى دیكتاتۆره‌كه‌ ده‌ریده‌كردن دژى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتی و نیشتمانییش بوایه‌. ئه‌مه‌یش به‌ شایه‌تیدانى سه‌ركرده‌كانى پێشووى حزبى به‌عس و ئه‌ندامانى هه‌مان ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌. هه‌بوونى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌یش یه‌كێك بوو له‌و ئاماژانه‌ى كه‌ به‌ڵگه‌ بوون بۆ دیكتاتۆریه‌تێكى شمولیى ئه‌و رژێمه‌. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش بوو كه‌ یه‌كێك له‌ داواكاریه‌كانى هێزه‌ نه‌یاره‌ نیشتمانییه‌ عه‌ره‌بى و كوردیه‌كان له‌و كاته‌دا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بوو. زۆربه‌ى بڕیاره‌كانى مه‌جلیسى قیاده‌ى سه‌وره‌ كاره‌ساتى تایبه‌ت و گشتیى به‌سه‌ر سه‌دان هه‌زار عێراقیدا هێناوه‌ و ساڵانه‌یش سه‌دان بڕیار له‌لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ده‌رده‌كرا.

بێگومان هه‌بوونى ئه‌نجومه‌نى قیاده‌ى سه‌وره‌ و ده‌ركردنى بڕیاره‌ ناڕه‌واكانى، به‌ته‌واوى كۆك بوون له‌گه‌ڵ سروشتى شمولیى دیكتاتۆریانه‌ى رژێمه‌كه‌ى سه‌دامدا، بۆیه‌ پێویست وابوو كه‌ یه‌كه‌م كارى سیستمى نوێ، هه‌ڵوه‌ساندنه‌وه‌ى بڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆڕش و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ بوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیستمه‌ دیموكراسیه‌دا نایه‌نه‌وه‌ كه‌ چینه‌ سیاسییه‌ هاتووه‌كه‌ به‌ڵێنی پێدابووین بیهێننه‌دى، ئه‌و چینه‌ سیاسیه‌ى له‌ دواى 2003 وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكایى و بریتانیه‌كاندا هاتنه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ده‌بوو یاساگه‌لى نوێیان دانایه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ناوه‌رۆكى دیموكراسیانه‌ى ئه‌و سیستمه‌ تازه‌یه‌ بوایه‌ كه‌ هێنایان.
 
ئه‌وه‌ى بوو، جێبه‌جێنه‌كردنى ئه‌م كاره‌بوو. هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چینه‌ سیاسیه‌ى دواى سه‌دام حسێن ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، له‌ رووى ناوه‌رۆكه‌وه‌ له‌و جیاواز نه‌بوو. چینێكى جیاكراوه‌ى حزبه‌ شمولیه‌كانى وه‌ك حزبى به‌عس بوون و كه‌سانێكى دیكتاتۆرى وه‌ك سه‌دام حسێن سه‌ركردایه‌تى كردن. ئه‌م چینه‌ سیاسیه‌ بایه‌خی نه‌دا به‌ دامه‌زراندنى سیستمێكى دیموكراسیانه‌. ده‌ستورێكى خراپى ناته‌واویان دانا كه‌ چاره‌كێكى دیموكراسى و سێ چاره‌كى نا دیموكراسیانه‌یه‌. ئه‌و یاسایانه‌یش كه‌ ده‌ستور چینى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدارى پێ پابه‌ندكردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵێكى دواى هه‌ڵبژاردنى یه‌كه‌م ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران (سه‌ره‌تاى 2006) به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت بنیات بنێن و ئازادییه‌كان و مافه‌ دیموكراسیه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، تا ئێستا نه‌نووسراون. ئه‌م چینه‌ سیاسیه‌ هه‌ستى نه‌كردووه‌ یاسایه‌ك دابنێت جگه‌ له‌و یاسایانه‌ى كه‌ خزمه‌تى خۆی ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی ده‌چه‌سپێنێت و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ ده‌پارێزێت كه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و دزینى سامانى گه‌ل دروستكراوه‌. ئه‌و چینه‌، له‌ یاساكانى سه‌دام و بڕیاره‌كانى مه‌جلیسه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ى دۆزیه‌وه‌ته‌ كه‌ هه‌رچی خۆی ده‌یه‌وێت بێته‌دى، ئیتر زه‌حمه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌داوه‌ته‌ به‌رخۆى كه‌ كاتى به‌زینه‌كانى و ململانێكانى و ركابه‌ریه‌كانى و شه‌ڕه‌كانى و پیلانگێڕیه‌كانى كورت بكاته‌وه‌ بۆ دانانى ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ گه‌ل پێویستیى پێیانه‌.

بێگومان هیچكام له‌ ئه‌ندامانى ئه‌م چینه‌، به‌یانیان هه‌ستى شه‌رمه‌زارى دایناگرێت چونكه‌ تا ئێستایش كار به‌ یاساكانى سه‌دام و به‌ بڕیاره‌كانى ئه‌و ده‌كات.  هه‌روه‌ها هیچیشیان ئێواران هه‌ست به‌ ته‌نگژه‌یه‌كى ئه‌خلاقى ناكات چونكه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ حوكم ده‌كات... هۆكارى راسته‌قینه‌ى ئه‌مه‌یش نه‌ك هه‌ر لاوازیى بیرى نیشتمانى و ئه‌خلاقییه‌، به‌ڵكو نه‌بوونیه‌تى. كێیش لێكدانه‌وه‌یه‌كى ترى هه‌یه‌ با پێمان بڵێت.

 نیشتمانیى وا ده‌خوازێت و ئه‌خلاقیش وا پێویست ده‌كات كه‌ پاساو بۆ نه‌یارى و دژایه‌تى خۆمان بۆ رژێمى سه‌دام و پشتگیریمان له‌ رووخانى ده‌رببڕین. تا ئێستایش كار هه‌ر به‌  یاساكان و بڕیاره‌كانى سه‌دام ده‌كرێت، له‌ رووى نیشتمانى و ئه‌خلاقییشمانه‌وه‌ ناتوانین پاساو بۆ ئه‌مه‌ بێنینه‌وه‌ كه‌ كردوومانه‌. ئه‌ى وانییه‌؟ كێ رایه‌كى دیكه‌ى هه‌یه‌ فه‌رموو با پێمان بڵێت. 

نووسینى: عه‌دنان حسێن
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure