بۆچی بۆمبهاوێژەکانی ڕوسیا حەڵەب لە هەمەدانەوە بۆردوومان دەکەن

بۆچوون / بیروڕا :: 17/08/2016

سەرچاوە: ڕەئی ئەلیەوم
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


بێدەنگبوونی ڕەهای حکومەتی ئەمریکا لە دوو مەسەلەی بنەڕەتی، یەکەمیان ئەوەی کە بۆمبهاوێژە ڕوسییەکان لە بنکەی ئاسمانی شاری هەمەدانی ئێرانەوە هەڵبسن و پێگەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و بەرەی نوسرە لە حەڵەب و دێرلزۆر و ئەدلب بۆردوومان بکەن نیشانەی ئەوەیە کە حکومەتی ئەمریکا ئەم بۆردوومانە ڕوسییەی پێ پەسەندە و گڵۆپێکی سەوزی ئەمریکی بۆ ڕوسیا داگیرساوە کە ڕیکخراوە تیرۆریستەکان لەناوببات، بەتایبەت بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی، پێشتریش وەزیری بەرگری ڕوسیا لە ڕاگەیاندنێکدا وتی:(ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا خەریکین دەگەینە هاوئاهەنگییەکی سەربازی لە باکوری سوریادا).


کاربەدەستەکانی ڕوسیا کە بە ناوچەکەدا دەگەڕێن و لێرە و لەوێ لێدوان دەدەن سەبارەت بە بارودۆخی سوریا و شاری حەڵەب بەتایبەتی، لەڕوانگەی لێکتێگەیشتنە نهێنییەکانی ئەمریکا و ڕوسیاوە قسەدەکەن و بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.


ئێستا ڕوسیا بڕیاردەر و مەرجەعی بنەڕەتییە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا و قسەی سەرەتا و کۆتایی هەر هی خۆیەتی و پێی وایە بنکە ئاسمانییەکانی ئێران ئەڵتەرناتیڤی بنکەی ئینچەرلیکی تورکیان کە فڕۆکە ئەمریکایی و سعودییەکانی تێدا جێگیرکراون.


پەیامی بەکارهێنانی ئەم بنکە ئێرانییانە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە و لەوەدا کورتدەبێتەوە کە پەیوەندییەکەی نێوان تاران و مۆسکۆ پەیوەندییەکی ستراتیجییە، چونکە ڕوسیا خاوەنی بنکە ئاسمانییەکانی (حومەیمیم) لە باکوری سوریایە و پێویستی بە بنکە ئاسمانییەکانی ئێران نییە لەبەرئەوەی بنکەکانی باکوری سوریا نزیکترن لە حەڵەب لەچاو بنکە ئاسمانییەکانی ئێراندا.


شانبەشانی چالاکییە سەربازییەکانی بۆمبهاوێژەکانی ڕوسیا، چالاکییە دیبلۆماسییەکانی مۆسکۆش بە گورج و گۆڵی خەریکن، کە هەرە دیارەکەیان سەردانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بوو بۆ تاران و لەوێشەوە بۆ قەتەر بە مەبەستی بینینی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەوی سوریا و نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس.
گۆڕەپانی سوریا بەتایبەتی ناوچەی حەڵەب لە لێواری شەڕێکی یەکلاکەرەوەدایە کە هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی سوریا و ئێران و ڕوسیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دژی گرووپە تیرۆریستییەکان ئەنجامی دەدەن بەمەبەستی ئەوەی لە کۆتاییدا بگاتە ڕێگەچارەیەکی ئاشتی کە پەیکەرەکەی حکومەتێکی بنکە فراوانی سوری بێت بە سەرۆکایەتی سەرۆک بەشار ئەسەد کە وڵاتە گەورەکان چیتر داوای لەسەرکارلاچوونی ناکەن.


ئەوەی جێگەی سەرنجە بچوکبوونەوەی رۆڵی تورکیا و بێدەنگی وڵاتانی عەرەبە لەم سەردەمەدا کە بە کردەوە سەردەمی ڕوسیایە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure