قۆشمەكانی سیاسەتی بریتانیا

بۆچوون / بیروڕا :: 16/08/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا

درەوشاوەترین سیاسەتمەداری بریتانی لە قۆشمەچێتیدا، ریچارد شریدان بوو. كە بە ڕەچەڵەك ئایرلەندیە و لە ئینگلترا ژیاوە. قۆشمەچێتی و نوكتە و گاڵتەجاڕیی زۆرجار ژیانی پەڕلەمانی و كاركردن لە شانۆدا دەبەستێت بە یەكەوە. شریدان-یش لەوجۆرە بوو. ئەو هەم ئەندام پەرلەمان بوو هەم شانۆیەكیشی لە لەندەندا بەڕێوەدەبرد و شانۆگەریی زۆر كۆمیدی و قۆشمەی دەنووسی. بۆ نموونە (دوو ناحەزەكە) و ( قوتابخانەی ریسواییەكان). لە پەڕلەمانیشدا هەڵوێستی پێكەنیناویی بەناوبانگی هەبوو. جارێكیان ئەو شانۆیە دەسووتێت كە لە لەندەن دایمەزراندبوو. تەماشایانكرد لەسەر كورسییەك دانیشتووە و پێكێك شەرابی بە دەستەوەیە. خەڵكەكە لەسەر ئەمە رەخنەیان لێگرت، بەسەرزەنشتەوە پێیانگوت: ئەمە چییە؟ شانۆكە لە بەرچاوتدا دەسوتێت تۆیش دانیشتوویت و دەخۆیتەوە؟!. وەڵامی دانەوە:" ئایا مرۆڤ بۆی نییە لە بەردەم ئاگرێكی گەرمدا پێكێك شەراب بخواتەوە!".
جۆرج برناردشۆ، ئەمیش بەهەمان شێوە بوو، لە ئایرلەنداوە هات و لە ئینگلترا سەقامگیر بوو بۆ ئەوەی ببێتە مەزنترین نووسەر و قسەكەری گاڵتەجاڕ لە مێژوودا. بەبڕوای من ئەو كەسەی نوكتەیەكی برناردشۆی لەبەر نەبێت رۆشنبیر نییە. برناردشۆ نەچووە پەرلەمانەوە، بگرە تا رادەیەكیش پەڕلەمانی پێ‌ سووك بوو. لەو بڕوایەدابوو كە كاری بەكەڵك و بەئەنجام هەر لە ئەنجومەنی شارەوانیدا دەكرێت. بۆیە چەندین ساڵی بە ئەندامێتیی ئەنجومەنی سان بانكرس لەلەندەن بەسەر برد. شۆ كەسێكی سۆسیالیست و بێ‌ دین بوو. رۆژێك (جسترتن) ی نووسەری ئینگلیز چاوی پێیدەكەوێت. جسترتن كەسێكی موحافیزكار و كاسۆلیكێكی بە دین بوو، هەروەها قەڵەویش بوو. بە پێچەوانەی برناردشۆ كە زۆر لاواز بوو. ئەم كە چاوی بە برناردشۆ كەوت پێوت:"هەركەسێك بتبینێت وا دەزانێ‌ لە جیهاندا برسێتی بڵاوبووەتەوە". برناردشۆ لە وەڵامدا پەنجەی بۆ ورگی ركابەرەكەی راكێشا و وتی:"هەر كەسێكیش تۆ ببینێت هۆكاری ئەو برسێتیە تێدەگات".
ئێمە زۆر جار ئەم هێڵە لە كلتور و سیاسەتی بریتانیادا دەبینین. ژمارەیەك كەسایەتی لە ئایرلەندا لەدایك دەبن و پێدەگەن، پاشان بلیمەتیەكەیان لە ئینگلترا دەردەخەن. ریچارد شریدان و برناردشۆ لەمجۆرەن. هەروەها ئۆسكار وایەڵد، ئەمیش یەكێك بوو لە بلیمەتەكانی شانۆی كۆمیدیی گاڵتەجاڕ. زۆر بایەخی نەدەدا بە سیاسەت. بەڵام سەرجەم شانۆگەرییە كۆمیدیەكانی ئەوسا و ئێستایش هیچ و پووچیی  چینی ئەرستۆكراسی و بۆرژوازییان بەرجەستە دەكرد و دەكەن. هەر لەبەر ئەمەیشە سۆڤیەت بایەخی بەو شانۆییانە دەدا و چەندینجار دەرهێنانیان بۆ كراوەتەوە. ئۆسكار وایەڵد بە قسە نەستەق و وتارە گاڵتە ئامێزەكانی بەناوبانگە. بۆ نموونە:
"هەمیشە لەدوژمنكانت خۆشببە.. چونكە هیچ شتێك هێندەی ئەو لێبووردنە ئازاریان پێناگەیەنێت". 
"تاقە شتێك كە دەتوانیت بیكەیت ئەوەیە كە ئامۆژگاری و حیكمەتەكان فەرامۆش بكەیت و بیانبەخشیت بە خەڵكی دیكە".
"راستە جیهان هەمووی شانۆیەكە، بەڵام ئەو ئەكتەرانەی كە تێیدا دەردەكەون زۆر خراپن".
ئەم قسەیەی دواییان كۆمێنتێكی گاڵتەجاڕیانەیە لەسەر قسە بەناوبانگەكەی شكسپیر كە دەڵێت (جیهان هەمووی شانۆیەكە). ئۆسكار وایەڵد ئەم هەموو قسە گەوهەربارانەی لە مەجلیسەكەی خۆیدا دەكرد لە گازینۆی (دی پاریس) لە لەندەن. بۆیە خەڵكەكە وتویانە ئەوەی هاوسەردەمی ئۆسكار وایەڵد بووبێت و گوێی لە قسەكانی نەبووبێت، وەك ئەوە وایە لە سەردەمی یۆنانیەكاندا ژیابێت و پەرستگای پارسەنون-ی نەبینیبێت.
دواتر چەند هەڵكەوتوویەكی دیكە رێَگەی هەمان كۆمەڵە بلیمەتیان گرتەبەر، ئایرلەندی بوون و لە ئینگلترا هەڵكەوتن. یەكێك لەوانە شانۆنووسێكی بەناوبانگە. مەبەستمان سامۆئێل پیكێت-ە، خاوەنی شانۆگەرییە بەناوبانگەكەی (لە چاوەڕوانی گۆدۆ)دا و چەند شانۆگەرییەكی دیكە كە هیچ وپووچیی و ناتەواوی كۆمەڵگەی بۆرژوازیی بریتانی و بیروباوەڕەكانی ئەو كۆمەڵگەیەیان بەرجەستە دەكرد. پیكێت هێندە رقی لەم كۆمەڵگەیە بوو كە بڕیاریدا لە فرەنسادا بژی نەك لەبریتانیا و ئایرلەندا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە