ناوی‌ سه‌رده‌می‌ فه‌لافل

بۆچوون / بیروڕا :: 16/08/2016

- ئه‌وه‌ مه‌شغوڵی‌ چیت رۆڵه‌؟
+ قوربانی‌ گه‌وره‌ی‌ خۆم بم، وه‌ڵڵاهی‌ بێ‌ ئه‌ده‌بی‌ نه‌بێ‌ له‌ڕووی‌ جه‌نابتا، بیلاته‌شبیی‌ بیلاته‌شبیی‌، بیرئه‌كه‌مه‌وه‌.
- كام نه‌وعه‌یان كه‌لـلەپووت؟! نه‌ته‌وه‌یی‌ یان چینایه‌تی‌؟
+ رووی‌ ده‌مم له‌ تۆ نه‌بێ‌ قوربان گیان بیری‌ ئیداری‌..
- بیری‌ ئیداری‌!! ئه‌ڵڵا .. بیرئه‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌ڵێی‌ چی‌؟!
+ ئه‌ڵێم ئێمه‌ بۆیه‌ كشتوكاڵه‌كه‌مان بووه‌ به‌ مه‌سخه‌ره‌ی‌ عاله‌م چونكێكم كاره‌باكه‌مان قۆڕه‌، كاره‌باكه‌شمان بۆیه‌ قۆڕه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ په‌روه‌رده‌كه‌مان ملی‌ شكاوه‌، په‌روه‌رده‌كه‌شمان بۆیه‌ ملی‌ شكاوه‌ چونكێكم ئه‌وقافه‌كه‌مان له‌ ئه‌وقافی‌ ئۆمه‌تی‌ محه‌مه‌د ناچێ‌. یه‌عنی‌ مه‌خله‌س شته‌كان هه‌موویان له‌حیم كراون به‌ یه‌كترییه‌وه‌.
- ئه‌ی‌ ئافه‌رم بلیمه‌ت، ئه‌مه‌ خۆت هه‌ڵتهێنا یان موراجه‌عه‌ی‌ كتێبی‌ علومت كرده‌وه‌؟
+ بۆچی‌ كتێبی‌ علوم شتی‌ وا موهیمی‌ تیایه‌؟
- ئه‌ی‌ چۆن رۆڵه‌ .. له‌وه‌ش موهیمتری‌ تیایه‌
+ له‌وه‌ش موهیمتر؟! مه‌سه‌له‌ن وه‌كو چی‌؟
- وه‌كو زۆر شت .. بۆ نموونه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ مناڵ بووین و له‌ كۆڵاناندا هه‌لوكێن و مزراحێنمان ئه‌كرد.
+ ئای‌ ده‌ستی‌ شكاوم بۆ ئه‌و زه‌مانه‌ ئوستاز ..
- هه‌زار جار ..
+ بۆن‌و به‌رامه‌ی‌ چێشتی‌ ماڵان چ سه‌فایه‌كی‌ هه‌بوو خالق! تاس كه‌بابی‌، شله‌ قاورمه‌، قوبڵی‌ و بامێ‌ .. وای‌ كه‌ خۆش بوو.
- له‌ زه‌مانی‌ ئه‌و چێشته‌ خۆشانه‌دا هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانیبێژه‌كان كێ‌‌و كێ‌ بوون؟
+ ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بیرم بێ‌ گه‌وره‌م حه‌سه‌ن زیره‌ك‌و برایانی‌ زیزی‌‌و حه‌مه‌ی‌ ماملێ‌‌و ره‌شۆڵ‌و....
- مه‌عقول بوو گۆرانیبێژێكی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ناوی‌ لۆكه‌ بوایه‌؟
+ ئه‌یه‌ڕۆ رۆڵە لۆكه‌ی‌ چی‌؟
- ئه‌ی‌ هانی‌‌و كاریناو كریستینا؟
+ قوربان وه‌ڵڵا ئه‌یانكرد به‌ كێوا.
- بۆچی‌ ئه‌یانكرد به‌ كێوا.
+ چونكه‌ ئه‌و ناوانه‌ هی‌ زه‌مانی‌ شله‌ قاورمه‌و پیرخه‌نیله‌ نین.
- ئه‌ی‌ ناوی‌ كام سه‌رده‌مه‌ن؟
+ ناوی‌ سه‌رده‌می‌ پیزاو شاورمه‌و فه‌لافلن.



 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure