کودەتاکەی تورکیا لە چی دەچوو؟

بۆچوون / بیروڕا :: 15/08/2016

نوسینی: دەنیس گیڵ
سەرچاوە: نیو ڕیپەبڵیک
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

تورکەکانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر و شارەکانی دیکە وەک چۆن توڕە و بێزار بوون لە دەنگی تەقینەوەکانی بۆمبە دەنگییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی F16 لە ١٥ی تەموزی ٢٠١٦دا، بەهەمان ئەندازەش سەرسام و بێزار بوون بە دەنگێكی ئاشنا و سەرنجڕاکێش: بانگی نوێژ.
من وەک وشارەزایەکی مۆسیقای نەتەوەیی توێژینەوە دەکەم لەبارەی ئەو شێوازە تایبەت و جۆراوجۆرانەی کە خەڵکەکە دەیگرنەبەر بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا و دەنگ. کودەتاکەی مانگی تەموز ڕەهەندێکی دەنگیی تازەی بۆ کۆمەڵگاکانی خۆرئاوای تورکیا خوڵقاند: دەنگەکانی توندوتیژی کە لەگەڵ دەنگی بانگدا یەکیان گرتبوو. ئەم وشەیە کە بە تورکی پێی دەوترێت (ئەزان) وەک دەقێکی خوێندراوەی میلۆدی نیشانەیەکی جەوهەری ژیانی ڕۆژانەیە و ئیمانداران بانگهێشت دەکات بۆ نوێژکردن. لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا بانگ ڕۆژی پێنج جار دەبیسترێت. لە شارە قەرەباڵغەکانی تورکیادا دانیشتوان چەندین بانگەواز دەبیستن کە هاوکات لە مزگەوتەکانەوە بەرزدەبنەوە. هەندێک ناوچە لە ئیستەنبوڵدا بەشێوازی تایبەتی بانگدانیان ناسراون و بانگدەرانی خاوەن ئەزموون بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش وەڵامی یەکتری دەدەنەوە. بەڵام ئەمە یەکەمجار بوو تورکەکان لەدەرەوەی وادەی دیاریکراودا گوێیان لە بانگ ببێت. ئەمە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی ١٦ی تەموزدا گۆڕا. کاتێک کە سوپای تورکیا کۆنترۆڵکردنی وڵاتیان ڕاگەیاند تورکەکان هەم گوێیان لە بانگ بوو هەم لە بانگی سەڵا [بە عەرەبی(سەلات ئەلجەنازە)] - نوێژی تایبەت کە داوای لێبوردن دەکات بۆ ئەو موسڵمانانەی کە مردوون- بە دەنگێکی ناخۆش کە چەند کاتژمێرێکی خایاند. تورکەکان بەتەواوی واقیان وڕمابوو، ئایا ئەم بانگانە بانگەواز بوون بۆ چەک هەڵگرتن.
دیاریکردنی شوێنی بانگەکە
ژمارەیەکی زۆری سەرچاوە هەواڵییەکانی تورکیا ڕایانگەیاند کە سەرکردە ئاینییەکانی مزگەوتەکان لە سەرتاسەری تورکیادا ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی کاروباری ئاینییەوە داوایان لێکرا بانگ بدەن. بە واتایەکی دیکە پارتی داد و گەشەپێدان کە بەشێوەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراوە وەزارەتی بەکارهێناوە بۆئەوەی بانگدان بکات بە ئامڕازێک تا هاوڵاتیان ڕووبەڕووی ئەو سەربازانە ببنەوە کە هەوڵی کودەتا دەدەن. هەروەها سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕێگەی فەیس تایمەوە لە کەناڵی سی ئێن ئێن تورک دەرکەوت و داوای لە خەڵکی کرد لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا کۆببنەوە بۆ بەرهەڵستیکردنی کودەتاکە.
بێجگە لەمجارە دوایین دووجاری دیکە کە بانگ و نوێژی جەنازە لە دەرەوەی کاتی خۆیدا بیستراون پێش دامەزراندنی کۆماری تورکیا بوو کە لە ساڵی ١٩٢٣دا سنوورەکانی دیاریکرا. لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا کاتێک کە هێزەکانی بریتانیا و فرەنسا لە جەنگی (گالیپۆلی)دا ئابڵوقەیان خستەسەر ئەستەنبوڵ عوسمانییەکان گوێیان لە ئەزان و لە نوێژی جەنازە بوو لە دەریای مەرمەرەوە. ساڵی ١٩٢٢سەربازە یۆنانییەکان کە لەناوچەی ئەنادۆڵ پاشەکشەیان دەکرد بەندەری ئیزمیریان بەجێهێشت لەکاتێکدا کە بانگەکە لە گوێیاندا دەزرنگایەوە. لەم دوو حاڵەتەدا بانگ و نوێژی جەنازە بەکارهێنراون بۆ هاندانی موسڵمانە عوسمانییەکان کە بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن. بانگدانی ئەمجارە لە دەرەوەی کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە کاتی کودەتاکە جۆرێکە لە شەڕ دژی خودی تورکیا.
لەکاتی هەوڵە کودەتاییەکەدا هەندێک گوێگر بەو بانگە جۆش و خرۆشیان تێکەوت. باوەڕیان وابوو کە وەڵامدانەوەی ئەو بانگهێشتە بە کۆبوونەوە لە شەقامەکاندا دەربڕینی پشتیوانییە لە پارتی داد و گەشەپێدان و ڕەگ و ڕیشە ئیسلامییەکان.
گوێگرانی دیکە- کە مەرج نییە لایەنگری ئەکەپە و ئەردۆغان بن - لە بنەڕەتدا بۆیە ڕژانە شەقامەکان بۆئەوەی دژی توندوتیژی هەڵوێست وەربگرن ئەو توندوتیژییەی کە لەگەڵ کودەتاکانی پێشووتردا بینیبوویانن.
گروپێکی دیکەی گوێگران کە گوێیان لە بانگەکە و نوێژی جەنازەکە بووە کودەتاکەی میسریان بیرکەوتووەتەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا کاتێک مزگەوتەکانی قاهیرە هەمان بانگەوازیان بڵاوکردەوە. ئەمانە نیگەرانی ئەوە بوون کە ئێستا تورکیا زیاتر لە وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت نەک ئەوروپایی و هەروەها وڵاتەکەیان زیاتر بەرەو تاکڕەوی دەڕوات نەک دیموکراسی. ئەمانە بەردەوام پرسیار دەکەن ئایا ئەم کودەتایەی دوایین جار دەبێتە مایەی توندوتیژی زیاتر کە ژیانی کۆمەڵایەتی تورکیا بشێوێنێت.
ئەم شێوازە جۆراوجۆرانەی کە لە ڕێگەیانەوە خەڵکەکە گوێیان لە کودەتاکە گرت و دەنگەکەیان تەرجەمە کرد ڕەنگدانەوەی جەمسەرگیرییە درێژخایەنەکەیە لەنێوان عەلمانیەتی دەوڵەت و پەیڕەوکردنی ئیسلام لەلایەن خەڵکەکەوە. کە ڕۆژ بەرەو  کۆتایی ڕۆیشت و ئێوارە داهات و کودەتاکە بە ڕەسمی بێدەنگ کرا، تورکەکان پەنایان بردە بەر سۆشیاڵ میدیا بۆ تاوتوێکردنی ئەو مەسەلانە.
سیاسییەک دەڵێت:( لە ڕابردوودا لایەنگرانی کودەتا عەلمانییەکان بانگیان بێدەنگ دەکرد ئێستا بانگ هاندەرانی کودەتا بێدەنگ دەکات).
چەند هەفتەیەک پاش کودەتاکە بانگ رۆڵی ئاسایی خۆی بەدەستهێنایەوە لە ژیانی ڕۆژانەدا. بەڵام لە گوێی زۆرێک لە تورکە کۆزمۆ پۆلیتییەکاندا هێشتا بانگ دەنگ دەداتەوە چونکە ئەوانە ڕانەهاتوون لەگەڵ توند و تیژیدا.
ڕۆژێک پاش کودەتاکە، چاوپێکەوتن لەگەڵ پیاوێکدا کرا کە لەبەردەم تانکێکدا وەستا بوو لە کاتێکدا کە پۆلیس سەربازەکانی لێ دەهێنایە دەرەوە ( لە شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکاندا کە کودەتا دەکرا باو و باپیرانمان بێدەنگ بوون بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین) ئەم قسەیە تا چەند ڕۆژێکیش لە سۆشیاڵ میدیادا دەستاودەستی پێدەکرا.
ئەم بەکارهێنانی بانگە دەریخست کە هەبوونی دەنگ یەکسانە بە هەبوونی دەسەڵاتی سیاسی، لە کاتێکدا کە (بێدەنگەکان) نە ئاژانسێکی سیاسییان هەیە و نە کەس نوێنەرایەتییان دەکات.
ڕەتکردنەوەی بێدەنگی ئەوەیە کە دەنگ وەکو هێزێک تەماشا بکەیت. بەڵام درێژخایەنترین گۆڕانکاری کە ئەم کودەتایە هێنایە ئاراوە نە بریتییە لە دەنگ بەرزکردنەوە و نە غەڵبەغەڵبکردن، بەڵکو کودەتاکە و ڕووداوەکانی دواتر ناچارمان دەکن شێوازی تازەی گوێگرتن بگرینەبەر. ئەمە شتێکە کە بەڕاستی پێویستە خۆمانی لەسەر ڕابهێنین. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure