وێران

بۆچوون / بیروڕا :: 15/08/2016

زاناكان بۆیان مەعلوم بووە (كەنغەر) ئەگەر كلكی لێ‌ بكەیتەوە ئیتر فەقیرە ناتوانێ بڕوات. تەشبیهات نەبێ‌ حیزبە گەورەكانیش عەینی موشكیلەیان هەیە. بەبێ‌ حیزبە بچكۆلانەكان هیچیان بۆ ناكرێ‌ و پەكیان ئەكەوێ‌.

(پەك) وشەیەكی دێرین و رەسەنی كوردییە كە پیاوم ئەوێ‌ بتوانێ‌ مەعنایەكی بۆ بدۆزێتەوە لە قاموسا. قاموسیش كە خەزێنەی لێوانلێوی مەعنا و مەبەستەكانە، لە وەزن و قافییەدا برابەشێكی هەیە پێی ئەڵێن ناموس. 

ناموس بە عەرەبی مێشولەی خوێڕییە كەچی لای هیندۆئەوروپییەكان شەرەفە. شەرەف خزمی حەیایە و پێشینان وتویانە تەنیا قەترەیەكە، هەر كە وتی تك ئیتر كابرا حسابی ئەڕوات. 

لەمەوە دەرئەكەوێ‌ كە حساب بۆیە ئەتوانێ‌ بڕوات چونكە قاچی هەیە. قاچ ئەگەر قووچی لەگەڵدا كۆبكەیتەوە ئەبێتە ئەو قاچوقوچەی كە لە رەقابەی مالیدا پێی ئەڵێن گەندەڵی. 


گەندەڵی لە عێراقدا شتێكە نەكردنی بووەتە عەیبە. عەیبە لە شیعرەكەی فایەق بێكەسدا شۆڤلێكی ئەخلاقییە ماڵی خەڵق وێران دەكات. 

وێران ئاوەڵناوە و وەسفی ناوێك ئەكات، مەسەلەن ئەڵێن حیزبەكان كوردستانیان وێران كرد. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure