درۆ لەگەڵ گەلەكانیاندا دەكەن

بۆچوون / بیروڕا :: 14/08/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
كەناڵی چواری تەلەفزیۆنی بریتانی، بەرنامەیەكی هونەریی مێژوویی پێشكەشكرد بە ناوی سەدام حسێن لە هۆڵیوود. بەرنامەكە باسی لە دەرهێنانی فیلمی عێراقی- ئینگلیزی (المسألە الكبری- Clash of Loyalties) ی دەكرد. فیلمەكەیش چیرۆكی شۆڕشە بەناوبانگەكەی عێراق دەگێڕێتەوە كە بە شۆڕشی بیست ناسراوە لەدژی داگیركاریی بریتانیا.

 

 بێگومان ئێمە راهاتووین لەسەر درۆی ناو فیلمەكان، بەڵام درۆی حكومەتەكان بۆ گەلەكانیان بەلای منەوە گەورەتر و ترسێنەرترە. لەم فیلمەدا دوو درۆ سەرنجی منیان راكێشا. یەكێك لەو سەركردانەی شۆڕش كە ئیدانەی داگیركاریەكەیان دەكرد مەلا (مەهدی ئەلبەصیر) بوو. لە فیلمەكەیشدا دەردەكەوێت كە ئیدانەی ئینگلیز دەكات بە عەمامە رەشە نەجەفی-یەكەیەوە. هەر لەگەڵ فیلمەكەیان پیشانی بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی عێراقی داوە یەكسەر فەرمانیدا بە راگرتنی. بە تووڕەییەوە هەڵچوو. نابێت ئەم فیلمە پیشانی سیادەی رەئیس بدرێت. چونكە مەهدی بەسیر عەمامەی رەشی لە سەردایە. ئەمەیش مانای وایە كە زانایەكە لە زاناكانی شیعە. سەدام حسێن بەمە تووڕە دەبێت. چونكە ئەمە وای دەردەخات وەك ئەوەی كە شۆڕشەكە لەلایەن شیعەوە بەرپاكراوە. ئەی چی بكرێت لە كاتێكدا كە فیلمەكە ملیۆنەهای تێچووە؟
دەبێت عەمامە رەشەكە بگۆڕدرێت بە عەمامەیەكی سپی بۆ ئەوەی وادەربكەوێت كە مەلا مەهدی بەسیر لە زانایانی سوننەیە!. لەتیف جریفانی-ی هاوڕێیشم كە بەرهەمهێنەری فیلمەكەبوو، ناچار تەكنیككارێكی بریتانی هێنا كە پسپۆر بوو لە گۆڕینی فیلمدا. كارەكەیش ئەوەبووە كە لەبەردەم موكەبەرەكاندا دانیشێت و ئامێری سەدان چوارچێوە كارپێبكات كە عەمامەكەی مەهدی بەسیر-یان تێدا دەردەكەوێت. ئیتر دوای خەرجكردنی سەدان پاوەند لە پرۆسەكەدا، وەرە و بیبینە چی روویداوە و چۆن عەمامەكە لە رەشەوە بووە بە سپی! سوبحانەڵـڵا!.


فیلمەكە گرتەی دیمەنێكی تێدایە كە شۆڕشگێڕەكان یەكێك لە شەمەندەفەرەكانی ئینگلیز دەتەقێننەوە. ئەم گرتەیە لەكاتی جەنگی عێراق- ئێراندا تۆماركراوە، ئەو جەنگەی كە پێیدەڵێن جەنگی یەكەمی كەنداو. ئێرانیەكان هەواڵی ئەوەیان بیست كە لە سنووری خۆرئاوای وڵاتەكەیانەوە شەمەندەفەرێك بۆ كارێكی سینەمایی تەقێنراوەتەوە. یەكسەر بەلاغێكی سەربازیی ئێرانیی پێ دەركرا و بووە هەواڵێك كە رادیۆی تاران ئاوا خوێندیەوە: سەربازە قارەمانەكانمان، شەمەندەفەرێك لە شەمەندەفەرەكانی هێڵی ئاسنینی عێراقیان تەقاندەوە!. 


لەو سەردەمەدا من لە سەنتەری رۆشنبیریی عێراق لە لەندەن كارم دەكرد. نەخشەیەكی ناوچەی ئەهواز (عەرەبستان)م دەستكەوت و بە دیواری نووسینگەكەمەوە هەڵمواسی بۆ ئەوەی لە رەوتی رووداوەكانی جەنگەكە بگەم. وا رێكەوت كە پاشكۆی سەربازیی عێراق چاوی بە نەخشەكە كەوت، زۆر پێی سەرسام بوو و بردی بۆ نووسینگەكەی خۆی. دوای چەند رۆژێك پەیوەندیی پێوەكردم و داوای دە دانەی دیكەی لێكردم بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق. دیاربوو ئەوان بە بێ‌ نەخشەی ناوچەكە لە دژی ئێران دەجەنگان. 


رۆژی دواتر چووم بۆ كۆگای نەخشەكان لە شەقامی سان مارتنز. بە كچە فرۆشیارەكەم وت: چەند دانەیەكم لەو نەخشەیە بدەرێ‌. وتی: ببوورە، هەمووی تەواوبووە. پێموت: چۆن و كێ‌ بردوونی و لێی كڕیویت؟ سەیرێكی تۆمارەكەی بەردەستیی كرد و دوایی وتی: پیاوێكی باڵیۆزخانەی ئێران كڕیوونی. واتا عێراق هێرش دەكاتە سەر ناوچەیەك بێ‌ ئەوەی نەخشەكەیی لابێت، شتێكی سەیر و شازە. بەڵام رەنگە لەویش سەیرتر ئێران بێت كە دەستیگرتووە بەسەر ئەم ناوچە هەستیارەدا كەچی ئەویش نەخشەیەكی سەربازیی نییە تا بەرگریی پێ بكات.


دیارە ئەم خزمەتكارەی خۆتان، نووسەری ئەم چەند دێڕە، تەنیا كەسێك بووبێت كە نەخشەیەكی سەربازیی ئەهوازی دەستكەوتبێت! جا خوێنەری بەڕێز، لێرەوە ئاستی وردیی و راستگۆیی ئەو بەلاغە سەربازییانە تێبگە كە لە هەردوو لایانەوە دەركراون!. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure