ئەردۆغان سەرکێشی دەکات بە چارەنووسی تورکیاوە

بۆچوون / بیروڕا :: 14/08/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەڵگەنامەکان زۆرتر دەبن لەسەرئەوەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵدەدات کۆمارە عەلمانییە تورکییەکە لەناوببات کە دەوروبەری ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش کەمال ئەتاتورک دایمەزراند و سوڵتاننشینێکی عوسمانی دروستبکات کە خۆی تیایدا سەرۆک یاخود سوڵتان بێت.


هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە لە ١٥ی تەموزدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەوروبەری ٢٥٠ کەس و دەستگیرکردنی ١٦ هەزار کەس و دەرکردنی ناحەزە ڕاستەقینە یاخود خەیاڵییەکانی ڕژێمی ئەردۆغان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت. من بەش بە حاڵی خۆم باوەڕناکەم سەدان جەنەراڵ و کۆلۆنێڵی تورک و هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان و پەیمانی ناتۆ و حاکم و داواکاری گشتی و میدیا و مامۆستای زانکۆ هەوڵە کودەتاییەکەیان ڕێکخستبێت و حکومەتی تورکیا پێش جێبەجێکردنەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر کودەتاکە و لەسەر ئەو کەس و لایەنانە نەبوبێت.


ئەرۆغان بێزاری دەربڕی لەو پشتگیرییە ساردەی کە پاش هەوڵە کودەتاییەکە خۆرئاوا لێی کرد. پەیمانی ناتۆش بە ڕەسمی بەناوی سکرتێری گشتییەوە ڕایگەیاند کە تورکیا ئەندامێکی گرنگە لە پەیمانەکەدا و چاوەڕێ دەکات بەردەوام بێت لە بەشداریکردن لە چالاکییەکانی ناتۆدا لەبەرامبەر ئەوەشدا ناتۆ پشتیوانی لە تورکیا بکات.


چاوخشاندنەوەیەک بە میدیاکانی تورکیدا کە تورکەکان بە تێکڕا، واتە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکانی ئاسایی سەر شەقامەکان هاوڕان لەوەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و لەگەڵیدا پەیمانی ناتۆ بەشێوەیەک لە شێوەکان لەپشت هەوڵە کودەتاییەکەوە بوون.
تۆمەتەکە پشت بە بەڵگەیەکەی وا نابەستێت کە هیچ دادگایەک بڕوای پێبکات و من دەیگێڕمەوە بۆ هەوڵی ئەردۆغان لەپێناو ڕزگاربوون لە هاوپەیمانەکەی جارانی، فەتحوڵا گولەنی بانگخواز، کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە واتە ٥ ساڵ پێش ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان بگاتە دەسەڵات، ئەو لە ویلایەتی پێنسلڤانیا نیشتەجێ بووە.


لایەنگرانی گولەن قوتابخانە و بازرگانی و کاری خێرخوازییان هەیە لە نزیکەی ١٠٠ وڵاتدا، کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانە و خودی گولەن ئیدانەی هەوڵە کودەتاییەکەی کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەناردەکارانی تورکدا ڕایگەیاند کە ئەرکێکی نیشتمانییە هاوڵاتیان خەبەر بدەن لە لایەنگرانی گولەن. ئەگەر کارەکانی پێشووی ئەردۆغان لە سەرکوتکردنی میدیای لۆکاڵی و داخستنی پێگە ئەلەکترۆنییە ئیعلامییەکان و دەستگیرکردن و ڕەوانەکردنی دادگای ڕۆژنامەنووسانی بخەینە سەر، دەبینین هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تاک حیزبی لە تورکیادا.


لەبەرامبەردا، ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ڕوسیادا کە تا ڕادەی دابڕان گرژ و ئاڵۆز بوون ڕوو لە چاکبوونەوەن و ئەردۆغان بەتایبەت سەردانی ڕوسیای کرد لە یەکەمین سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات پاش هەوڵی کودەتاکە و سەرۆکی ڕوسیای بە هاوڕێی ئازیزم ناوزەد کرد و پۆتینیش لە وەڵامی ئەمەدا و لە لێدوانێکیدا بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە تورکانەی کە هاوڕێیەتی سەرۆک ئەردۆغانیان کردبوو گوتی هەڵوێستی ڕوسیا دژایەتیکردنی هەموو کارێکە پێچەوانەی دەستوور بێت. ئەم قسەیە لە کوێ و لێکەوتەکانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی ڕوسیا لە کوێ کە ٢٤/١١/٢٠١٥ لەنزیک سنووری سوریاوە خرایە خوارێ و پاش ئەو ڕووداوە ڕێگری کرا لە گەشتیارانی ڕوسیا بچن بۆ تورکیا.


ڕوسیا وردە وردە ئەو سزایانە هەڵدەگرێت کە پاش هەرەسهێنانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان سەپێنرابوون و گەشتە ئاسمانییەکانی گەشتیارە ڕوسەکان دەستپێدەکەنەوە، هەروەها ئابڵوقەی سەر هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تورکیا هەڵدەگیرێت. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە ڕوسیا کوورەیەکی ئەتۆمی لە تورکیا دروستدەکات حکومەتی تورکیاش گفتوگۆکان دەستپێدەکاتەوە بۆ ڕاکێشانی هێڵەکانی گازی سروشتی.


بە واتایەکی دیکە، پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە خۆرئاواییەکاندا و بە دیاریکراوی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پەیمانی ناتۆدا هەتا ئاستی هەرەسهێنان تێکدەچێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا پێدەنێتە قۆناغێکی هاوکاری واوە کە نموونەی نەبووە. تەنانەت ناکۆکییەکانیش سەبارەت بە مەسەلەی سوریا خرانە گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و پۆتینەوە بەڵام وردەکارییەکان بڵاونەکرانەوە. مەوزوعیبوون پێمان دەڵێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین کە ئەردۆغان پشتیوانی زۆرینەی گەلی تورکیای لەگەڵدایە، بەڵام من وای دەبینم کە ئەو وڵاتەکەی لە دیموکراسی دووردەخاتەوە و هەڕەشە لە دواڕۆژی دەکات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure