ئەردۆغان بە ئەندازەی پێنج مانگ دووردەکەوێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 13/08/2016

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شیرکۆ عەبدوڵڵا
لە کەشوهەوایەکی پڕ چاوەڕوانیدا لە ناوچەکە و لە خۆرئاودا هەردوو سەرۆکی تورکیا و ڕوسیا یەکیان بینی، و سێ جار ئەردۆغان زاراوەی (هاوڕێی خۆشەویستم)ی بۆ سەرۆکی ڕوسیا بەکارهێنا لە ئاکامی کۆبوونەوەیەکدا کە ٤ کاتژمێری خایاند. ئایا ئەردۆغان دوورکەوتووەتەوە لە شایستەییەکانی وڵاتەکەی و مەسەلە ئاڵۆزەکانی سەر سنوورەکەی، کە هەرە دیارەکەیان قەیرانەکەی سوریایە؟ ئایا پشتی کردووەتە ناتۆ و ئەمریکای هاوپەیمانییەوە کە زامنی ئاسایشی تورکیان و هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانەی خستووەتە لاوە کە لەگەڵ ئەوروپاییەکاندا سەرقاڵیان بووە؟
زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە ئێستا مەسەلەیەکی زەحمەتە، چونکە هەڵگەڕانەوەی ئەردۆغان بەسەر ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا سەرکێشییەکی گرانە و زۆر لەسەر تورکیا دەکەوێت. کەواتە ئەمە چییە ئێستا ئەردۆغان دەیکات؟ چی دەستدەکەوێت لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا کە یەکەم وڵات بوو سەردانی بکات پاش هەوڵە کودەتاییە شکستخواردووەکە؟ ئایا تورکیا لەڕووی ستراتیجییەوە ڕوو لە گۆڕانە، یاخود ئێمە لەبەردەم چرکەساتێکین لە چرکەساتەکانی کاردانەوە و توڕەبوونی ئەردۆغانیدا. خوێندنەوە سەرەتاییەکە پێمان دەڵێت ئەردۆغان زۆر بە وردی ئەم شەڕەی ئێستای هەڵبژاردووە. کە شەڕی توندکردنە لەگەڵ ئەمریکادا هەرچەندە بە ئینفیعالەوە دەیکات، هەروەک چۆن لەکاتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەدا بە ئینفیعالەوە هەڵوێستی بەرامبەر ڕوسیا وەرگرت. ئەوەتا ئەمڕۆ دەبینین ئەردۆغان لە باوەشی سەرۆک ڤلادیمیر پۆتیندایە. ئێمە دەڵێین سەرۆک ئەردۆغان شەڕەکەی بە وردی هەڵبژاردووە و بەڵگەی قسەکەشمان هۆکارێکی سادەیە چونکە پەنابردن بۆ باوەشی پۆتین زللەیەکە لە حکومەتەکەی ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا.
ئەردۆغان باش دەزانێت کە ئۆباما ئێستا دوا وەرزەکانی خۆی لە کۆشکی سپیدا بەسەردەبات و ناتوانێت بڕیاری جومگەیی بدات مەگەر بوومەلەرزەیەکی سیاسی بەهێز لە ناوچەکە بدات. لەبەرئەوە توندکردنەوە لەگەڵ ئەمریکادا لە مەسەلەی فەتحوڵا گولەندا ئەردۆغان لەناو تورکیادا خۆشەویستتر دەکات و وەک سەرکردەیەکی بەهێز دەردەکەوێت کە تەحەدای ئەمریکا دەکات و ئەمەش وادەکات خەڵک زۆر سەرنج نەدات لە چۆنیەتی گەڕانەوەی ئێستای ئەردۆغان بۆ لای پۆتین. ئەردۆغان پێی وایە ڕازیکردن و توڕەکردنی ئۆباما هیچ بایەخێکی نییە چونکە ئەو سەرۆکە لەدوایین قۆناغە سیاسییەکانی خۆیدایە، جگەلەوەش پۆتین و ئەردۆغان هەردووکیان یەک مەسەلە کۆی کردوونەتەوە کە بوغزاندنی سەرۆک ئۆبامایە و ئەم دوو کەسە بەوە ناسراون هەست و سۆزی تایبەتی خۆیان تێکەڵی سیاسەت دەکەن.
لەبەرئەوە ئەردۆغان ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا بەهێزدەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی ئەوەی دەتوانێت لەڕووی ئابوورییەوە بەدەستی بهێنێت پاشئەوەی هەشت مانگ لەیەکتری دابڕان و پێشئەوەی سەرۆکە تازەکەی ئەمریکا دەستبەکار ببێت. دوای ئەوە ئیتر ئەردۆغان دەتوانێت سەرلەنوێ لە ئەمریکییەکان نزیک ببێتەوە و لاپەڕەیەکی تازە لەگەڵ سەرۆکە تازەکەدا هەڵبداتەوە و ئەوەش لەلایەن ئەردۆگان و دەستوپێوەندەکانییەوە بە سیاستەتێکی ئەقڵانی وێنا دەکرێت و لاپەڕەی قەیرانە دیپلۆماسییەکەی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن دەپێچرێتەوە. ئەمەش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە پێچانەوەی لاپەڕەی ناکۆکییەکە لەگەڵ ئەوروپاییەکاندا. سەبارەت بە سوریاش ئەردۆغان دەزانێت کە ئیتر زەحمەتە دەستپێشخەری ڕاستەقینە و سازش لە مەسەلەی سوریادا پێشکەش بکرێت بەتایبەت لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغەکەی ئۆبامادا. پۆتینیش ئەمە زۆر باش دەزانێت، لەبەرئەوە ئەردۆغان هیچ زیانێک ناکات ئەگەر بە ئەندازەی پێنج مانگ لە ئەمریکا دووربکەوێتەوە و دواتر لەگەڵ سەرۆکە تازەکەدا بگەڕێتەوە. پرسیارەکە ئێستا ئەمەیە: مانەوەی ئەردۆغان لەگەڵ پۆتیندا بۆ ماوەی ٥ مانگ نرخەکەی چەندە؟





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure