هەنگاوێکی باشی حکومەت ... بەڵام ناتەواوە

بۆچوون / بیروڕا :: 13/08/2016

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
لانی کەم ساڵێک پێش ئێستا پێویست بوو حکومەت ئەم هەنگاوە بنێت، وە دەبوایە لە چوارچێوەی ئەو چەپکە ڕیفۆرمەدا بوایە کە حکومەت بەڵێنی دا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێکی کاریگەر نابێت بەوشێوەیەی کە پێویستە ئامانجە خوازراوەکان بپێکێت و پێویستە بە هەنگاوی دیکە بەهێز بکرێت، کە بەدەستهێنانی ئامانجەکە مسۆگەر بکەن.
ئەوەی مەبەستمە ڕێککەوتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیە کە لە بەغدا لەگەڵ پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئیمزاکرا بۆ بەهێزکردنی توانای حکومەتی عێراق لە مەسەلەی لێکۆڵینەوەکردن لە گەندەڵییە گەورە و ئاڵۆزەکاندا و شوێنکەوتنیان لەڕووی یاساییەوە. بەپێی ڕێککەوتنەکە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ دابینکردنی ژمارەیەک لێکۆڵەری نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدان لە مەشقپیکردن بە لێکۆڵەرە عێراقییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ئامۆژگاری پێیان. بەپێ لێدوانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنی نوسینگەی سەرەکوەزیران کە نوێنەری لایەنی حکومەتە لە ڕێککەوتنەکەدا، ئەو ڕێککەوتنامەیە (بەشێکە لە پاکێجی چاکسازی و خۆدزینەوە نییە لە بەرپرسیاریەتییەکانی حکومەت، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی ئەو پاکێج و سیستمەیە لەڕێگەی پەنابردن بۆ شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان) ئەمە قسەی گوتەبێژی نوسینگەکە بوو کە ڕوونیکردەوە (بەپێی ڕێککەوتنەکە کاردەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەسەلانەی گەندەڵی کە گەورەترین بایەخیان هەیە) (دیارە مەبەست لێی مەسەلە گەورەکانە کە ژمارەیان زۆرە و لێپرسراوی گەورەی دەوڵەت لە پشتیانەوەن بەتایبەت لە سەردەمی دوو حکومەتەکەی پێشوودا).
دیارە پەنابردن بۆ لێکۆڵەری نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی پیشەییبوون و بێلایەنبوونی لێکۆڵینەوەکان و ڕزگاربوون لەو گوشارانەی کە لێکۆڵەرە عێراقییەکان هەمیشە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام کورتکردنەوەی مەسەلەکە لە پەنابردن بۆ لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیاریکردنی ئەرکەکانیان بە مەشقکردن بە لێکۆڵەرە عێراقییەکان، بەس نییە و هەنگاوی دیکەی پێویستە. خودی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکان و بەرنامەکانیشی دوورنین لە مەسەلەی گەندەڵییەوە. ئەمە شتێکی زانراوە لەسەر ئاستی جیهاندا و ڕەنگە وەک نوسینگەی سەرەکوەزیران لێی دەترسێت بکەوێتە ژێرگوشارەوە.
کەمترین خەمڵاندنەکان دەڵێت ئەوەی گەندەڵکاران لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە بودجەکانی حکومەتیان تاڵان کردووە کەمتر نییە لە ٢٢٠ ملیار دۆلار، و هەندێک خەمڵاندنی دیکە دەڵێن ژمارەکە زیاترە لە ٤٠٠ ملیار دۆلار. دزە گەورەکانی ئەم بڕە فەلەکییانە بریتین لە سەرانی سیستمی سیاسی و جێگر و یاریدەدەر و ئەندامانی خێزانەکانیان. جا لەبەرئەوەی ئەمانە هەموویان هێشتا سەرچاوەی هێزیان بەدەستەوەیە لەڕێی دەستگرتنیان بە سەرچاوەکانی دەسەڵاتدا، کەواتە ئەرکی شارەزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان  و لێکۆڵەرە عێراقییەکان ئەرکێکی ئاسان و دابینکراو نابێت. گەندەڵکارە بەهێزەکان دەزانن چۆن گوشار بخەنەسەر پسپۆڕ و لێکۆڵەرەکان و چۆن هەڕەشەیان لێبکەن، یاخود لەباشترین حاڵدا لەخشتەیان ببەن. ئەم هەنگاوە پێویستی بەوەیە لەڕێی هەنگاوێکی دیکەوە بەهێزبکرێت، کە بریتییە لە پەنابردن بۆ کۆمپانیا جیهانییە ڕەسەنەکانی پسپۆڕ لە مەسەلەکانی ژمێریاری و ئاشکراکردنی پرۆسەکانی شتنەوەی پارە. دەتوانرێت سوود لەم کۆمپانیایانە وەربگیرێت و هەر لەشوێنی خۆیانەوە چاو بخشێننەوە بە حساباتی حکومەتە جۆراوجۆرەکاندا لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تا ئێستا. کۆمپانیاکان زۆرن بۆ نموونە کۆمپانیای ئارنست یۆنگ کە عێراق پێشتر سوودی لێ بینی بۆ بەدواداچوونی پارەکانی سندوقی گەشەپێدانی عیراق و چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی قەرزە عێراقییەکان. ئەمجۆرە کۆمپانیایانە لە کۆمپانیاکانی دیکە زیاتر جێگەی متمانەن و دەکرێت لە چوارچێوەی گرێبەستدا لێکۆڵەر و ژمێریارە عێراقییەکانیش ڕاهێنان و مەشقیان پێبکرێت بەجۆرێکی وا کە لە ئایندەدا پشتیان پێ ببەسترێت و پێویست ناکات پیدانی سی چل ملیۆن دۆلار بەزۆر بزانین بۆ کۆمپانیای لەم جۆرە بەمەبەستی گێڕانەوەی سەدان ملیاری دزراو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure