نەوت و دەیناسۆر

بۆچوون / بیروڕا :: 11/08/2016

دواڕۆژ

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

زۆر كەس كۆمپانیای (كۆداك)ی ئەمریكییان لەبیرماوە كە سیمبولی پیشەسازیی كامێرا و فیلم و هەموو ئەو شتانە بوو كە پەیوەندییان بە وێنەگرتن و ئامێرە جیاوازەكانی ئەو بوارانەوە هەبوو. هەروەها ناوی كۆمپانیای (نۆكیا)ی فینلەندیشیان هەر لەبیرە كە پێشەنگی بێ‌ ركابەری مۆبایل بوو لە جیهاندا. ئەم دوو كۆمپانیایە لە دوو نموونەی دیار و جیاواز و سەركەوتووی ناودارەوە، بوونەتە ئایكۆنێكی شكست و بێتوانا لە خوێندنەوەی ئاراستەكانی باهۆزی گۆڕانكاری و وەرچەرخانەكان. 

  (كۆداك) نەیتوانی لەوە بگات كە شێوازی وێنەگرتن گۆڕاوە و مۆبایل بووەتە كامێرای دواڕۆژ و رۆڵی فیلم كۆتایی هاتووە، درێژەی دا بە كەلـلەڕەقیەكەی خۆی هەتا شەمەندەفەرەكە تێیپەڕاند و جێیهێشت. ئیتر كۆمپانیا مۆبایلسازەكان دیمەنەكانی كامێرا و وێنەگرتن بەرهەمدێنن و (كۆداك) مایەپووچ بوو و بەتەواوی لە بازاڕدا نەما. 


هەرچی (نۆكیا)یشە، چیرۆكی خۆیی هەیە كە هیچی وای لەو كەمتر نییە. ئەو پێشڕەوی دروستكردنی مۆبایلی تەقلیدی بوو. كاتێك كۆمپانیای (ئەپڵ) مۆبایلی زیرەكی (ئایفۆن)ی بەرهەمهێنا و بەڵێنی بە بەكارهێنەرانی دا كە دەربازیان دەكات لە گزیی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن و دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەكانی ئەم ببەستێت، (نۆكیا) ئینكاریی لەم ئاراستەیەكرد و دەستیدایە خستنەبازاڕی كۆمپیوتەرەوە و هیچیشی لەسەر نەدەزانی، ئیتر ئەوە روویدا كە روویدا و هەموومان دەیزانین. (ئایفۆن)یش بووە ئەستێرەیەكی سەركەوتووی بوارەكە و زۆر لایەن لاساییانكردەوە، (نۆكیا)یش بە هەماندەردی (كۆداك) چوو و هەردووكیان وەك دەیناسۆرەكان قڕبوون. 


كەلـلەڕەقی و خۆبوێری لە خوێندنەوەی باهۆزی گۆڕان و وەرچەرخان، لەگەڵ درككردن بەوەی كە دەبێت دووبارە سەنتەرگیری و دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری بازاڕ و بازاڕداری بكرێت، ئەنجامەكانیان روون و ئاشكران. بەتایبەت ئەنجامە ترسناكەكانیان. لەوەدەچێت ئەو كۆمپانیایانەی كە ئەمڕۆ چارەنووسیان لەبەردەم ئەم هەڕەشەیەدان، كۆمپانیا زەبەلاحەكانی نەوتی جیهان بن، چونكە ناتوانن گۆڕانكاری و وەرچەخانەكان بخوێننەوە كە لە جیهانی وزەی نوێبووەوە و ئەڵتەناتیڤ و یاساگەلی پارێزەری ژینگەدا هاتوونەتە پێش و هەر رۆچوونەتە ئامانجە كورتمەوداكانەوە و هەموویان كاردەكەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بڕی بەرهەمهێنرا و لە كێڵگە و بیرەكانی ئێستا و كنەكردن و گەڕان بەدوای شوێنی تازە لە جیهاندا بۆ دەرهێنانی نەوت.
گرنگە لێرەدا باس لەوە بكەین كە گرنگترین تەحەدای ئێستای بەردەم پیشەسازیی نەوت ئەوەیە كە نەوت لە رووی ئابورییەوە وشك بكرێت پێش ئەوەی لە رووی سروشتییەوە وشك ببێت. چونكە خەڵووز كە رۆژێك لە ڕۆژان سەرچاوەی سەرەكیی وزە بووە و تا ئێستایش بەرهەمدەهێنرێت و بەكاردەهێنرێت، بەڵام لەرووی ئابورییەوە وشك بووە. كەچی لەسروشتدا هەر ماوەتەوە. هەر ئەمەیش چارەنووسی چاوەڕوانكراوی نەوتە لەگەڵ فراوانبوونەوەی رووبەر و ئاستی بەكارهێنانی وزەی جێگرەوە (نوێبووەوە)ی وەك وزەكانی خۆر و هەوا و ئەتۆم و ئەوانی دیكەیش. ئەمە جگە لە هێرشە یاساییەكانی ژینگەوان و ژینگەپارێزان كە وردە وردە بەرەو ئەوە دەڕوات كە بەكارهێنانی نەوت بەتەواوی قەدەغە بكرێت، چونكە وزەیەكی ژینگە پیسكەر و زیانبەخشە بۆ مرۆڤ و دەورووبەری. هەوەك چۆن ئەم كارە لەگەڵ تووتن و جگەرەیشدا دەكرێت.


ئێستا ئاراستەیەكی بەهێز و روون و ئاشكرا هەیە بۆ پێداچوونەوە و چاوخشاندنەوە بە ئەندازەی پیشەسازیی نەوتدا بۆ ئەوەی ببێتە پیشەسازییەكی وزە بەبێ‌ نەوت.


لەم سەردەمەدا، ئێمە لە ناو بارێكی راگوزەرداین و كۆمپانیاكانی نەوتیش لەبەردەم گەورەترین تەحەدادان، كە یان ئەوەتا چارەنووسی دەیناسۆرەكان و (نۆكیا) و (كۆداك) یان دەبێت، یان دەبێت بە باشی رووداوەكان بخوێننەوە و ئامادەبن بۆ گۆڕان و وەرچەرخان بێ‌ كەلـلەڕەقی و خۆبوێریی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure