بۆچى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ ئیسرائیل ده‌ترسێت

بۆچوون / بیروڕا :: 09/08/2016

سه‌رچاوه‌: زه‌ ناشناڵ ئینترێست
وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

له‌ ئاكامى هێرشه‌كانى سه‌ر ئۆرلاند و ئه‌ستانبوڵدا، سه‌رۆك ئۆباما بڕیاره‌كه‌ى خۆى دووپات كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ له‌ناوبردنى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) له‌ رێگه‌ى په‌یڕه‌وكردنى ستراتیژێكه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان و چالاكییه‌كانى هێزه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌مریكا و پشتیوانیكردنى هێزه‌ لۆكاڵیه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌به‌ستێت به‌یه‌كه‌وه‌. هه‌ردوو كاندیده‌كه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یش سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كارى زیاتر بكات: دۆناڵد ترامپ لایه‌نگرى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واشنتۆن خاكى ئه‌و گروپه‌ به‌تووره‌كه‌ ببێژێت، له‌ كاتێكدا هیلارى كلینتۆن به‌ڵێن ده‌دات ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت خه‌لافه‌ت وردوخاشى بكات. واتا هه‌رسێكیان به‌ توندى له‌ یه‌ك خاڵدا هاوبه‌شن: ئامانجى بنه‌ڕه‌تى پێویسته‌ له‌ناوبردنى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) بێت.
سوور بوون له‌سه‌ر "له‌ناوبردنى" (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) بووه‌ته‌ مه‌به‌ستێكى هێنده‌ بێ چه‌ندوچوون و خێراى پرۆژه‌ى دژه‌ تیرۆرى ئه‌مریكا كه‌ كه‌م كه‌س راده‌وه‌ستن بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ شایسته‌ ستراتیژیه‌كه‌ى. به‌ڵام ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ى كه‌ ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى  هه‌یه‌ له‌شه‌ڕى دژه‌ تیرۆردا، ئه‌م ستراتیژه‌ى به‌ هه‌ندوه‌رگرتووه‌ و پێیوایه‌ ستراتیژێكى پێویسته‌.
ئه‌و شوێنه‌ى ئیسرائیلیه‌كان لێى ده‌ژین زۆر له‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامیه‌وه‌ نزیكه‌ به‌ به‌راورد به‌ ئه‌مریكیه‌كان. (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ په‌لامارى ده‌وڵه‌تى جوله‌كه‌ بدات و بیلكێنێت به‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ى خۆیه‌وه‌. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رسوڕهێنه‌ر هێزه‌كانى به‌رگریى ئیسرائیل ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ راسته‌وخۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى ئیسلامیدا بكه‌ن. له‌كاتێكدا ئیسرائیل له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كدایه‌ كه‌ له‌هه‌موو چركه‌یه‌كدا ره‌نگه‌ سه‌دان ئیسرائیلى تیایدا بچن، كه‌چى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ستراتیژێكى له‌ئامێزگرتووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌جێنداى سیاسه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا نییه‌. به‌سوودوه‌رگرتن له‌لاپه‌ڕه‌یه‌كى به‌رنامه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ به‌كاریهێنا بۆ شكستهێنان به‌و هێزه‌ شۆڕشگێڕانه‌ى یه‌كێتى سۆڤیه‌تى كۆمۆنیست له‌ جه‌نگى سارددا رابه‌رایه‌تیانى ده‌كرد، ئیسرائیل رێگرى ده‌كات له‌ هێرشه‌كانى (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) له‌ رێگه‌ى ستراتیژى پشوودرێژى و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى تونده‌وه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناتوانێت ده‌قاوده‌ق ئه‌م میتۆده‌ى ئیسرائیل په‌یڕه‌و بكات. ئه‌و ژینگه‌یه‌ى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كارى تێدا ده‌كات له‌ رووى ئه‌منیه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ ژینگه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى جوله‌كه‌، كه‌ رووبه‌ڕووى چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستى بووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر  سنووره‌كانى. به‌ڵام چه‌ند وانه‌یه‌كى گرنگ هه‌ن كه‌ ئه‌مریكا ده‌توانێت فێریان ببێت بۆ به‌هێزكردنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى خۆى.
هه‌ڵوێستى ئیسرائیل به‌رامبه‌ر (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) روون و ئاشكرایه‌. ئیسرائیل ده‌یه‌وێت قه‌ناعه‌ت به‌ (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) بكات تا په‌لامارى نه‌دات، به‌وه‌ى تێى بگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌گه‌ر په‌لامار بدرێت تۆڵه‌ ده‌سێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر په‌لامارمان بده‌یت، ئێمه‌ به‌جۆرێك كاردانه‌وه‌ ده‌نوێنین ئازاره‌كانى زۆر زۆر زیاتر بن له‌و ده‌ستكه‌وته‌ى كه‌ تۆ چاوه‌ڕێییت. وه‌ك داڕێژه‌ره‌ ستراتیژه‌كانى جه‌نگى سارد فێرى بوون، جێبه‌جێكردنى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌كرده‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر چاره‌نووسسازه‌. به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاریگه‌ربێت پێویستى به‌ سێ مه‌سه‌له‌یه‌: روون و ئاشكرا بێت و لایه‌نه‌كه‌ تواناى هه‌بێت و راستگۆ بێت. خاڵى یه‌كه‌میان كه‌ روون و ئاشكراییه‌ پێویسته‌ ئه‌و هێله‌ سووره‌ دیارى بكات كه‌ به‌هیچ جۆرێك نابێت پێشێل بكرێت و تێبپه‌ڕێنرێت و به‌ زمانێكى وا پێى بگوترێت كه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر تێیبگات، مه‌به‌ست له‌ توانایش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌لاماره‌كه‌ى لایه‌نى به‌رامبه‌ر به‌جۆرێكى وا وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ كه‌ زۆر زیاتر له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى زیانى پێ بگات. راستگۆیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆى بسه‌لمێنیت كه‌ تۆ ئاماده‌یت و مه‌به‌ستیشته‌  به‌رپه‌رچى بده‌یته‌وه‌. شكست كاتێك رووده‌دات كه‌ به‌رپه‌رچده‌ره‌وه‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌و سێ مه‌سه‌له‌یه‌دا كه‌موكوڕى بنوێنێت. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر من هێڵێكى سوور بكێشم و تۆ پێشێلى بكه‌یت، به‌ڵام من هه‌ر به‌قسه‌ كاردانه‌وه‌ بنوێنم و هیچ سزایه‌كى كرده‌نیم لێ نه‌بینیت، ماناى وایه‌ من له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كه‌مدا راستگۆ نه‌بووم. هه‌ر بڕوبیانوویه‌ك بۆ به‌رپه‌رچنه‌دانه‌وه‌كه‌ بهێنمه‌وه‌ و چه‌ندێك بڵێم له‌ جارى داهاتوودا مه‌سه‌له‌كه‌ جیاواز ده‌بێت، سوودى نابێت چونكه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر بڕوا به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانم ناكات.
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ به‌س نه‌بوون، وه‌ك تۆماس شیلینگ-ى گه‌وره‌ ستراتیژیستى ئه‌تۆمى فێرمان ده‌كات، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ پێویستى به‌ شتێكه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ زیاتر. دیوى ئه‌ودیوى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌ڵێنێكى یه‌كسان و هاوبه‌ش: ئه‌گه‌ر تۆ خۆت بپارێزى له‌ كرده‌وه‌ى دوژمنكارانه‌، منیش خۆم ده‌پارێزم له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى سزادانت. ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر  هۆیه‌كه‌وه‌بێت من بڕیار بده‌م سزایه‌كى تایبه‌تى تۆ بده‌م له‌ كاتێكدا كه‌ تۆ داواكاریه‌كانى منت جێبه‌جێ كردبێت، ماناى وایه‌ من مه‌سه‌له‌كه‌م تێكداوه‌ و ئیتر ناتوانم ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌كاربهێنم بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى تۆ. قسه‌یه‌كى باو هه‌یه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌ كردن و به‌ نه‌كردنى كارێك هه‌ر نه‌فره‌ت لێكراوبم، ئیتر بۆ نه‌یكه‌م. 
پێشنیارى ئه‌وه‌ى كه‌ تیرۆریستانى خوێنڕێژى وه‌ك (ده‌وڵه‌تى ئسلامى) ده‌توانرێت به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه‌، پێشنیارێكه‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ى  هه‌ره‌زۆرى كاربه‌ده‌ستانى سیاسى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ پێشنیارێكى ساویلكانه‌ یاخود ترسناكه‌. هه‌ندێك ده‌ڵێن تیرۆریستان ته‌نیا حه‌زیان له‌ كوشتنه‌. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئه‌مانه‌ ناعه‌قڵانین و كه‌سێك كه‌ ئاماده‌بێت له‌ پێناوى مه‌سه‌له‌كه‌ى خۆیدا بمرێت كه‌واته‌ شتێكى بێ مانایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنى لێ بكه‌یت.
هه‌روه‌ها داڕێژه‌رانى ستراتیژى ئه‌مریكى هێشتا له‌ژێر شۆكى هێرشه‌كه‌ى قاعیده‌دان بۆ سه‌ر سه‌نته‌رى بازرگانیى جیهانى و پێنتاگۆن. بیهێنه‌ره‌وه‌ به‌رچاوى خۆت حكومه‌تێكى به‌رپرسیار، بزانێت رووبه‌ڕووى دوژمنێك بووبێته‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ تیرۆریستێك توانیبێتیان هێرشێك بكه‌ن كه‌ سه‌دان كه‌سى تیا بكوژرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ بڕیار بدات له‌ رێگه‌ى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌وه‌ دژى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ نه‌ك له‌ڕێى هێرشى خۆپارێزییه‌وه‌، ئیتر چۆن وه‌ڵامى هاووڵاتییه‌كانى خۆى ده‌داته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و تیرۆریستانه‌ هێرشێكى دیكه‌ى وه‌ك ئه‌وه‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر پاریس ئه‌نجامبده‌ن.
ستراتیژیسته‌ ئیسرائیلیه‌كان هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌كه‌ن و هه‌موو وه‌ڵامه‌ نه‌خوازراوه‌كانیش له‌به‌رچاو ده‌گرن، به‌ڵام گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ى كه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ باشترین بژارده‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ناته‌واویش بێت. له‌ راستیدا هێزه‌كانى به‌رگریى ئیسرائیل باوه‌ڕیان وایه‌ ئه‌م سیاسه‌تى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر  هه‌موو دوژمنه‌كانى باكوردا: ده‌وڵه‌ته‌كانى وه‌ك ئێران و لوبنان و سوریا و رێكخراوى گه‌وره‌ى وه‌ك حزبوڵـڵا و حه‌ماس و ته‌نانه‌ت رێكخراوى تیرۆریستى وه‌ك (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) و بزووتنه‌وه‌ جیهادى ئیسلامیى فه‌له‌ستینى و قاعیده‌دا. ستراتیژیسته‌كانى  ئیسرائیل ئه‌و كۆده‌نگیه‌ى واشنتۆن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ترسناكه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو جیهانى شارستانى، به‌ پێچه‌وانه‌ى  بۆچوونه‌كه‌ى سه‌رۆك ئۆباماوه‌ كه‌ ده‌ڵێت پێوسته‌ (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) له‌ ریزبه‌ندى یه‌كه‌مدا بێت، به‌لاى ئیسرائیله‌وه‌ (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) ته‌نیا گروپێكى دیكه‌ى تیرۆریستیه‌- بگره‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یش نییه‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل. وه‌ك سه‌رۆكى پێشووى هه‌واڵگریى سه‌ربازیى (ئامۆس یادلین) رایگه‌یاندووه‌ "له‌كۆتاییدا ده‌وڵه‌تى ئیسلامى بریتییه‌ له‌چه‌ند هه‌زار تیرۆریستێكى توندڕه‌و كه‌ سوارى پیكاب ده‌بن و به‌ كڵاشینكۆف  و ره‌شاش ته‌قه‌ده‌كه‌ن".

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure