لەڕاهی خوادا

بۆچوون / بیروڕا :: 09/08/2016

+ تێم ناگەیەنی ئێوە پاش ئەو هەموو خەبات و قوڕبەسەرییە چیتان داوە لە حكومەت؟!
-بڵێم چی، وەڵـڵا نازانم.
+ هیچ دەستان ئەڕوا؟
-بەس بەسەر چایچی یەكەدا.
+ ئەی لە مەسەلەی پارە و خەرجی و شتا؟
-پارەی چی قوربان..كەوتووینەتە سەر ساجی عەلی.
+ ئەی بەرنامە و پێشنیار و چوزانم..نەخشەو ئەمانە؟
-ناوبەناو پرسەگورگانەیەكمان پێ‌ ئەكەن، بەڵام بەقسەمان ناكەن.
+ ئەی وەكو بزانن لەناو میلـلەتا چۆنن؟
-قابیلە چۆن بین!!.. جاران لە پشتەوە چەمۆڵەیان لێ‌ ئەناین، ئێستا رووبەڕووە.
+ لەمەوزوعە گەورەكانا چۆنن؟ شەریكن یان تەریكن؟
-بەسەری خۆم زۆر جار لە تەلەفزیۆنەوە ئەیبیستین.
+ عەجیب!..باشە بۆ ماونەتەوە؟
-ئەم سوئالەی جەنابت نوكتەیەكی بیرخستمەوە. ئەڵێ‌ جارێكیان مەلایەك ئەبێ‌ بە میوانی ماڵێك. لە عانی نانخواردنا مەلا باسی سەبەبەكانی ژنهێنان ئەكات بۆ كابرا و ئەڵێ‌ پیاو لەبەر چوار سەبەب ژن ئەهێنێ‌.. یان ئەوەتا ئافرەتەكە جوان و شۆخ و شەنگە، یاخود دەوڵەمەندە و كابرا مرخی لە پارە و ماڵ و مڵكەكەی خۆش كردووە، یان ئەوەتا ژنەكە ژیر و دانا و ماڵداریكەرە، یاخود لە بنەماڵەیەكی ناودار و موحتەرەمە. كابرا لەم عانا قسەكە بە مەلا ئەبڕێ‌ و دەست بۆ ژنەكەی خۆی رائەكێشێ‌ كە هیچ لەو مواسەفاتانەی تیا نی یە و ئەڵێ‌ یان لە راهی خوادا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure