حەڵەب و پۆتین و ئەردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: 08/08/2016

وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
هێشتا زووە بڵێین ئەو وەرچەرخانەی کە شەڕەکەی حەڵەب بەخۆیەوە بینی گۆڕانکارییە لە ڕەوتی جەنگە کراوەکەی سوریادا هەروەها هەڵەیە لە بایەخی ئەو ڕووداوە کەمبکەینەوە کە شارەکە بەخۆیەوە بینی و ئەو پەیامانە بەهەند وەرنەگرین کە تێکشکاندنی ئابڵوقەکان ڕایانگەیاند.

 
یەکەمین پەیام ئەوەیە کە هێشتا ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکە ورەیەکی زۆر بەرزی هەیە بۆ شەڕکردن بەتایبەت لەلای گرووپە ئیسلامی و جیهادییەکان. بەڵام هێشتا زووە کە پێمان وابێت ئەم شەڕەی دوایی حەڵەب مانای وایە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە درێژایی نەخشەی سوریا شەڕەکە یەکلایی بکاتەوە. هەروەها ئەوەش پەلەپەلکردن بوو گەر پێمان وابوایە سوپای سوریا بەهاوبەشی میلیشیا هاوپەیمانەکانی دەتوانێت سوود لە دەستوەردانی ئاسمانی ڕوسیا ببینێت بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە لەسەر تەواوی خاکی سوریا.

شەڕەکەی حەڵەب پەیامێکی قورسی ئاراستەی سوپای سوریا کرد کە دەستوەردانە سەربازییەکەی ڕوسیا تا ئەندازەیەک دەستی باڵا کردبوو. پەیامەکە هەروەها بۆ میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانیشە کە هیچیان بۆ نەماوەتەوە جگەلەوەی زیاتر و زیاتر بگلێنە ناکۆکییەوە، ئەو ناکۆکییەی کە ئیتر ناتوانرێت نکۆڵی لە سروشتە مەزهەبییەکەی بکرێت. شەڕەکەی ئەم دواییەی حەڵەب دەریخست کە گرووپە ئیسلامییەکان بڕبڕەی پشتی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکەی سوریان و ئەمەش دەتوانێت تێوەگلانی ڕوسیا قووڵتر بکات و دوورکەوتنەوەکەی ئەمریکاش زیاتر بکات. سەرکەوتنی شەڕی شکاندنی ئەو ئابڵوقەیەی کە سەپێندرابوو بەسەر ئۆپۆزسیۆنەکانی حەڵەبدا دەرفەتێک دەدات بە بەرەی نوسرە بە جلوبەرگە تازەکەیەوە کە زیاتر لەناو پێکهاتەی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکەدا بڵاوببێتەوە و لەلای دوژمنانی ڕژێمیش لەناو سوریادا خۆشەویستتر ببێت.

پرۆسەی تێکشکاندنی ئابڵوقەکە مانای وایە شەڕەکەی سوریا زۆر درێژە. تەنانەت هەندێک کەس پێی وایە کە شەڕەکەی حەڵەب ڕەنگە ئیتر وا لە ڕژێم بکات تەنیا دەست بەو شوێنانەوە بگرێت کە دەتوانێت بەرگرییان لێ بکات. ئەمەش بەدڵنیاییەوە تارمایی دابەشکردنی سوریا دەهێنیتە ئاراوە تەنانەت ئەگەر سوپا و هاوپەیمانەکانیشی بیانەوێت لەچەند قۆڵێکی دیکەوە قەرەبووی بکەنەوە.

شەڕەکەی حەڵەب پەیامێکی قورسیشی ئاڕاستەی ڤیلادیمیر پۆتین کرد کە ناتوانێت بیری بچێتەوە لەکۆتایی مانگی داهاتوودا وڵاتەکەی مۆمی یەکەمی دەستوەردانی لە سوریادا دەکوژێنێتەوە. لە شەڕە ئاڵۆزەکاندا پێویستە هەمیشە ئاگامان لە جەنەراڵێکی زۆر ترسناک بێت ئەویش جەنەراڵ (کات)ە. ترسناکترین دەرەنجامی پرۆسەی ئابڵوقە شکاندنەکە ئەوەیە کە ڕوسیا وردە وردە دەبێتە تەنیا لایەنێکی شەڕکەر لە ناکۆکییەکی دوورودرێژدا.

کاتێک دەوڵەتێکی گەورەی وەکو ڕوسیا داخڵی ناکۆکییەکی لەم جۆرە دەبێت بەهەڵە وادەزانێت کە دەتوانێت شەڕەکە یەکلایی بکاتەوە. وادەزانێت دەتوانێت چەند واقیعێکی مەیدانی تازە بسەپێنێت کە ئۆپۆزسیۆن ناچاربکەن داواکارییەکانیان بچوک بکەنەوە بۆئەوەی توشی تێکشکانێکی کەمەرشکێن نەبن. دەستوەردانەکەی ڕوسیا توانی لاپەڕەی ڕووخاندنی ڕژێم بپێچێتەوە بەڵام هیچ شتێک پێمان ناڵێت کە ڕژێمەکە لەگەڵ پاراستنی سیمبولەکانی و بڕیارەکانیدا دەشتوانێت هەموو خاکی سوریا بگێڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. مانەوەیەکی دوورودرێژ لە سوریایەکی لەتوپەتی ئاگرتێبەربوودا ئەو وێنەیە نادات بە ڕوسیا کە گەورە هێزی جیهانە. ڕوسیا زیاتر و زیاتر نقوم دەبێت لە خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لە داروپەردووی نەخۆشخانەکاندا. ڕازیبوونی ڕوسیا بەوەی چەندین ساڵ رۆڵی جەنگاوەر بگێڕێت وادەکات پۆتین هەروەک پاسەوانی کەمایەتییەکان یاخود پاسەوانی دابەشکردنی سوریا دەربکەوێت و هەر کام  لەو دوو رۆڵبینینەش زۆر دەکەوێت لەسەر پۆتین.

خۆرئاوا لەگەڵ پۆتیندا هاودەنگە کە پیویستە تیرۆریستان و تەکفیرییەکان شکست بهێنن. بەڵام خۆرئاوا پێی وایە کە مەرجی سەرکەوتن ئەوەیە بەڕە لەژێر پێی توندڕەوەکان دەربهێنرێت بە پێشنیارکردنی چارەسەرێک بریتی بێت لە گۆڕینی دیارترین سیمبولەکانی ڕژێم لەپیناو پاراستنی سیستمەکە و دامودەزگاکانی. دیارە پۆتین نەیتوانیوە ڕژێمیش و ئێرانیش ڕازی بکات بە مەسەلەی گواستنەوەی سیاسی. هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکەش لەمەدا هاوشێوەی وڵاتانی خۆرئاوایە و دەڵێن مەحاڵە جەنگەکە بە ڕزگارکردنی ڕژێم و سیمبولەکانی کۆتایی بێت.

پۆتین خۆی ئامادە دەکرد چێژ لە ژوانەکەی سبەینێی ببینێت لەگەڵ ئەردۆغانی میوانیدا. سوڵتان داوای لێبوردنی کرد و واهاتوشە پەیوەندییە ئابووری و گەشتیارییەکان پینە بکاتەوە. ئەو ئێستا سەرقاڵی ڕاونانی دوژمنەکانی ناوخۆیە. هەوڵی کودەتاکە گومانەکانی ئەمی لە هاوپەیمانەکانی زیاتر کردووە. بڕیاری داوە بە گژ ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا بچێتەوە. پۆتین پێی وابوو زۆرترین شت کە ئەردۆغان لە سوریا داوای بکات تەنیا کەمێک بەزەییە بۆ ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئابڵوقەدراو لە حەڵەب و کەمکردنەوەی سۆزداری لەگەڵ کوردەکاندا. سوڵتان ئەگەر لە حەڵەبدا ئابڵوقە درابێت ناتوانێت ببێتە یاریزانێکی کاریگەریی ناوچەیی.

خۆشییەکەی قەیسەر زۆری نەخایاند. ئەو هەڵگەڕانەوەیەی کە حەڵەب بینی گومانەکانی پۆتین لە مەبەستەکانی میوانەکەی زیاد دەکات. ئەم هەڵگەڕانەوەیە دەیخاتە بەردەم ژمارەیەک بژاردەی قورس و سەخت. چیرۆکەکە زۆر ئاڵۆزە. بۆچی ئێران بۆی هەبێت خاوەنی قسەی کۆتایی بێت لە بەغدا کەچی تورکیا بۆی نییە رۆڵێکی هەبێت لە حەڵەبدا؟ حەڵەب یارییەکەی لە قەیسەر ناخۆش کرد. هەندێک لە ورەی سوڵتانی میوانی بەرزکردەوە. باراک ئۆباما پیسە. نە حوکمی ئەسەدی دەوێت نە ئەم ئۆپۆزسیۆنەش کە توندڕەوەکان پێشەنگین. خۆی دوورخستەوە و پۆتینی بەجێهێشت لەناو کێڵگەی پشکۆدا.
ئەمە وەرزی یارییە ئۆڵۆمپییەکانە. گەلی سوریا هەر زوو مەدالیای زێڕینی وەرگرت وەک کڵۆڵترین میللەت پاش جەنگی دووەمی جیهانی ئەمە زۆر سەخت و ناخۆشە.

سەرچاوە: ئەلحەیات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure