ئایا به‌ڕاست حاڵمان باشتر بوو؟!

بۆچوون / بیروڕا :: 07/08/2016

سه‌رچاوه‌: DW
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


ئایا له‌پێش به‌رپابوونى شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بیدا حاڵمان زۆر باشتر نه‌بوو؟!
پرسیارێكه‌ هه‌موو ساتێك له‌ زۆربه‌ى پایته‌خته‌كان و شاره‌كان و گونده‌ عه‌ره‌بیه‌كانى تونس و قاهیره‌ و دیمه‌شق و سه‌نعا و ته‌رابلوس و سرت و درنه‌دا ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ پایته‌خته‌ زۆره‌كانى كه‌نداویشدا كه‌ به‌هاریشیان نه‌دیوه‌ به‌ڵام ده‌ڵێن به‌ ئاگره‌كه‌ى داخ بوون. ئه‌وانه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كانى نیشتمانى عه‌ره‌بیدا ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن:
"به‌ڵێ گه‌نده‌ڵى و چه‌وساندنه‌وه‌ هه‌بوون و دیموكراسى په‌كیكه‌وتبوو، به‌ڵام لانیكه‌م كه‌مترینى جێگیریى ئه‌منى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌بوو".
ئه‌م لۆژیكه‌ له‌ ناو ئه‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا زیاتر باو و بڵاوه‌ كه‌ ئاستێكى خوێندنى كه‌میان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و پیشه‌وه‌رانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌خۆیان هه‌یه‌ به‌ جێگیرى و سه‌قامگیرییه‌وه‌ وه‌ك كارمه‌ندانى چێشتخانه‌كان و كرێكارانى بوارى گه‌شتیارى و شۆفێرانى ته‌كسى و كرێ.
ناچارئه‌بووم قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و توێژانه‌دا (كه‌ شۆفێرى تاكسین) بكه‌م. هه‌ندێكیان ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى سڵاویشت لێ بكه‌ن یه‌كسه‌ر به‌ زمانه‌ میلـلییه‌ میسریه‌كه‌ ده‌ڵێت:"خوا ماڵى شۆڕش وێرانكات وه‌ك ماڵى وێران كردین". منیش وه‌ڵامم ده‌دایه‌وه‌ و ده‌مگوت كاكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وێت سوودى بۆ خۆت و منداڵه‌كانت ده‌بێت و خوێندنێكى باش و چاودێریه‌كى ته‌ندروستیى باش دابین ده‌كات، گرنگ دیموكراتى و ئازادیه‌. ئه‌ویش وه‌ڵام ده‌داته‌:"ئازادیى چى پاشا!.. یه‌كه‌م شت پێویستیمان به‌ خۆراكه‌". هه‌ندێكیشیان ئه‌و په‌نده‌ میلـلییه‌ میسرییه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت :"ئه‌مڕۆ بمژیێنه‌ و سبه‌ى بمكوژه‌".
پسپۆرانى سیاسى و ئابورى و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش وایداده‌نێن كه‌ بیركردنه‌وه‌ى ئه‌م توێژه‌ ئاساییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ و ئه‌وه‌ى ئه‌م كه‌مه‌ جێگیریى و كاره‌یان بۆ دابین بكات لاى ئه‌وان ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین قاره‌مان و پاڵه‌وانیان. به‌ڵام كاتێك قه‌ناعه‌تى ئه‌وه‌ى پێده‌كه‌یت كه‌ ئازادى و دیموكراتى رێگه‌ى سه‌ره‌كیین بۆ باشكردنى ژیانیان، له‌وكاته‌دا قه‌ناعه‌ت ده‌كات به‌ڵام جارێكى تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر قسه‌كه‌ى خۆى و ده‌ڵێته‌وه‌:"بارودۆخه‌كه‌ ناهه‌مواره‌".
ئه‌وه‌ى جێى مه‌ترسیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ ته‌نیا هه‌ر لاى ئه‌م توێژانه‌ نین، به‌ڵكو درێژه‌ده‌كێشێ و ته‌شه‌نه‌ ده‌كات و فراوان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گاته‌ توێژه‌كانى دیكه‌. هه‌ندێك له‌و توێژانه‌یش خوێنده‌وارى باشن و وا پێویست ده‌كات كه‌ خاوه‌نى دیدگاى گشتگیر و پاشه‌ڕۆژ و دوورمه‌ودابن.
ئایا ده‌كرێت له‌و خاوه‌ن ئه‌و تێڕوانینه‌ خۆشبین كه‌ زۆر كه‌س پێیانوایه‌ ته‌نیا و دیاریكراون؟!
تاڕاده‌یه‌ك به‌ڵێ، چونكه‌ نه‌بوونى سه‌قامگیرى و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى تیرۆر به‌ شێوه‌یه‌كى پێشتر نه‌بوو، نه‌ك ته‌نیا له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهاندا، وایكردووه‌ كه‌ فاكته‌رى ئاساییش پێوه‌رى سه‌ره‌كى بێت به‌تایبه‌ت كه‌ زه‌حمه‌ته‌ باس له‌ پلۆراڵ یان دیموكراتى یان ئازادیه‌كان و یاخود مافه‌كانى مرۆڤ بكرێت به‌بێ به‌دیهێنانى ئاساییش و سه‌قامگیرى.
كاتێك مرۆڤ له‌ماڵ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، پێوه‌ده‌بێت و ده‌كوژرێت، ئیتر له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كى خۆكوژیى له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانى به‌غدا بێت یان له‌ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستیدا بێت له‌ ره‌ققه‌ یان حه‌ڵه‌ب یاخود ئیدلب، یان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرشێكى مووشه‌كى له‌ سرت و درنه‌ یان له‌ پێكداهه‌ڵپژانێكى چه‌كداریى له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانى یه‌مه‌ن یاخود له‌ ته‌قینه‌وه‌كانى ناوچه‌ى په‌رستنه‌كان له‌ سعودیه‌، یان له‌ ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى چێنراو له‌ باكورى سینا. كاتێك ئه‌مانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نیمچه‌ رۆژانه‌ چه‌ندباره‌ ده‌بنه‌وه‌، زاڵكردن یان له‌پێشینه‌دانانى بارى ئه‌منى لاى هاووڵاتییه‌كى ساده‌ ده‌بێته‌ كارێكى ئاسایى، نه‌ك خه‌یاڵى بچێت به‌لاى ئازادى و دیموكراتى و مافه‌كانى مرۆڤه‌وه‌.   
به‌دبه‌ختیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ ده‌سته‌بژێر داده‌نێن لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باس له‌ پێویستیى ئه‌من و ئاساییش ده‌كه‌ن و به‌ كه‌سانێكى خراپ و خۆپه‌رست و گێل و نه‌زان تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، ئیتر تۆزێك هه‌وڵ ناده‌ن تا بگه‌نه‌ زانینى ئه‌و بارودۆخ و حاڵه‌ته‌ى كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ لاى ئه‌و خه‌ڵكه‌ دروست ببێت.
ئه‌م هاووڵاتییه‌ ساده‌یه‌ خۆیى بینیوه‌ته‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌، له‌لایه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تێكه‌وه‌ كه‌ داواى لێده‌كات به‌ ته‌واوى پشتگیریى بكات و به‌ كوێرانه‌ ملكه‌چى بێت، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆنێك كه‌ داواى لێده‌كات بڕژێته‌ شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندان بكات ته‌نانه‌ت توندوتیژییش بنوێنێت و بۆمبى مۆلۆتۆڤ بهاوێژێت و دامه‌زراوه‌كان وێران بكات، ئیتر ئاوا تا ده‌گاته‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ جۆرایه‌تیه‌كان.
له‌ نێوان توندڕه‌ویه‌كه‌ى ئێره‌ و ئه‌وێدا، ئه‌م هاووڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ ده‌نگى هیچ حزبێكى دیكه‌ یان هێزێكى سیاسیى راسته‌قینه‌ و كارا نادۆزێته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌رێكى لۆژیكى و واقیعیانه‌ پێشكه‌ش بكات و بارى ژیانى به‌ره‌و باشتر بگۆڕێت جگه‌ له‌ راهاتن له‌سه‌ر لێدوانه‌كان و دروشمه‌ دووباره‌ بێزاركه‌ره‌كان كه‌ هیچ سوود و كه‌ڵكێك ناگه‌یه‌نن.

ئه‌م هاووڵاتییه‌ سه‌ر به‌وه‌بوو كه‌ به‌ (پارتى قه‌نه‌فه‌/حزب الكنبه‌) ناو ده‌برێت یان ئه‌وه‌ى كه‌ پێى ده‌گوترێت زۆرینه‌ى بێده‌نگ كه‌ نه‌ به‌شداریى ده‌كات و نه‌ كارلێكه‌وته‌ى هه‌یه‌. ئه‌مه‌یش یان له‌ ته‌مه‌ڵیدا یاخود له‌ نائومێدى و یان له‌ تێكشكاندن و ده‌ستله‌خۆشۆردندا. به‌شێكى زۆرى پارتى قه‌نه‌فه‌ له‌ رۆژه‌كانى كۆتایى شۆڕشى 25 ى یه‌نایه‌رى 2011 دا، به‌ شێوه‌یه‌كى چالاكانه‌ به‌شدارییان كرد له‌ رووداوه‌كان و گۆڕانكاریه‌كانى دواتردا و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كى پێوانه‌ییشیان تۆماركرد كه‌ پێشتر له‌ میسردا بێ وێنه‌ بووه‌. ئه‌وه‌بوو له‌ یه‌كه‌م راپرسیى به‌ناوبانگى 2011 دا سازشیان كرد له‌ هه‌موو شایسته‌ییه‌كى هه‌ڵبژاردن و نیشتمانى- كه‌ ده‌ستورى په‌كخست، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا تۆوى دابه‌شبوونێكى پێشوه‌خته‌یشى چاند- به‌ تێپه‌ڕاندنى ده‌ستورى 2014 و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك عه‌بدولفه‌تاح سیسى به‌ زۆرینه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌.
 ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا و ده‌پرسین: ئایا به‌ڕاست حاڵمان باشتربوو له‌ سه‌رده‌مى ملهوڕ و سته‌مكاره‌كانى عه‌ره‌بدا هه‌ر له‌ زه‌ین عابدین بن عه‌لى و حوسنى موباره‌كه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح و به‌ شار ئه‌سه‌د؟
پرسیارێكه‌ پێویستى به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى ورده‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure