بەجیهانیبوون و ناڕەزاییە تازەکانی

بۆچوون / بیروڕا :: 07/08/2016

سەرچاوە: پرۆجێکت سێندیکەیت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
١٥ ساڵ لەمەوبەر کتێبێکی بچکۆلەم نووسی بە ناونیشانی (بەجیهانیبوون و ناڕەزاییە تازەکانی)، تیایدا باسی ئەوەم کردبوو کە لە جیهانی تازە پێگەیشتوودا ناڕەزایی دژی چاکسازییەکانی جیهانگیری ڕوو لە زیادبوونن. ئەوە وەکو مەتەڵ وابوو: دانیشتوانی وڵاتە تازە گەشەکردووەکان پێیان گوترابوو کە جیهانگیری بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی هەموان چاک دەکات. کەواتە بۆچی ئەو خەڵکە زۆرە بوونەتە ناحەزی؟
ئێستا لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکاندا دوژمنانی جیهانگیری لە بازاڕە تازەکان و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا دەیان ملیۆن کەسن. ڕاپرسییەکان، بەو شرۆڤە وردەشەوە کە ستانلی گرینبێرگ و هاوکارەکانی بە ئەنجامیان گەیاند بۆ پەیمانگای ڕۆزفڵد، دەریدەخەن کە بواری بازرگانی لەناو ئەمریکییەکاندا یەکێکە لە سەرچاوە گەورەکانی ئەو ناڕەزایەتییە. هەمان بیروبۆچوونیش لە ئەوروپادا ئاشکرایە.
کەواتە چۆن دەبێت شتێک هێندە نەفرەتلێکراو بێت لەکاتێکدا کە سیاسییەکانمان و ئابووریناسەکانمان گوتبێتیان بارودۆخی هەموو کەسێک باشتر دەکات؟.
وەڵامێک کە ناوبەناو لە ئابووریناسە نیولیبراڵەکانەوە دەبیسترێت کە ئەم سیاسەتانەیان پەیڕەوکردووە ئەوەیە دەڵێن لەڕاستیدا ئێستا حاڵی خەڵکەکە لە جاران باشترە. بەڵام نایزانن. لەبەرئەوە ناڕەزایەتییەکانیان مەسەلەیەکە پەیوەندیی بە پزیشكی دەروونییەوە هەیە نەک بە ئابووریناسەوە.
بەڵام داتای داهاتەکان پێمان دەڵێت کە ئەوە نیولیبراڵەکانن پیویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە. کەرتێکی گەورەی دانیشتوانی وڵاتە پێگەیشتووەکان بارودۆخیان باشتر نەبووە: لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەو٩٠%ی خەڵکەی کە لە ژێرەوەن ماوەی ٣٠ ساڵ زیاترە داهاتییان لەشوێنی خۆیدایە. تێکڕای داهاتی فوولتایمی کرێکاری نێر لەڕاستیدا کەمترە لە داهاتی ٤٢ ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر هەڵئاوسان ئەژمار بکەین کرێی ڕاستەقینە وەک کرێی ٦٠ ساڵ لەمەوبەر وایە.
کاریگەرییەکانی کێشە و ناڕەحەتییە ئابوورییەکان کە بەشی زۆری ئەمریکییەکان پێوەی دەناڵینن تەنانەت لەبواری تەندروستیشدا ڕەنگیانداوەتەوە. بۆ نموونە هەردوو هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ (ئانی کەیس) و (ئەنگوس دیتۆن) سەلماندوویانە کە ڕێژەی تەمەن لەناو چەند توێژێکی سپی پێستەکانی ئەمریکادا کەمی کردووە.
مەسەلەکان لە ئەوروپادا کەمێک باشترن- بەڵام تەنیا کەمێک
کتێبە تازەکەی (میلانۆڤیچ) بە ناونیشانی (نایەکسانی جیهانی): میتۆدێکی نوێ بۆ سەردەمی جیهانگیری، هەندێک تێڕوانینی گرنگمان پێدەبەخشێت لەڕێی دەرخستنی براوە گەورەکان و دۆڕاوە گەورەکانی داهات لە ٢٠ ساڵی نێوان ١٩٨٨-٢٠٠٨، یەکێک لەو توێژانەی کە براوەی گەورەن بریتین لە دەوڵەمەندە دەسەڵاتدارەکانی جیهان کە ڕێژەکەیان (١%)ە. بەڵام لەو وڵاتانەدا کە ئابوورییەکانیان تازە خەریکە سەرهەڵدەدات، چینی ناوەڕاستیش سوودی پێگەیشتووە. دۆڕاوە گەورەکان- ئەوانەی کە هەرهیچ سوودیان پێ نەگەیشتووە یان سوودێکی زۆر کەمیان پێ گەیشتووە، بریتی بوون لە چینەکانی خواری خوارەوە و ناوەڕاست و چینی کرێکاری وڵاتە پێشکەوتووەکان. دیارە جیهانگیری تاقە هۆکار نییە بەڵام یەکێکە لە هۆکارەکان.
بەگریمانەکانی بازاڕی کامڵ (کە کۆڵەکەی بەشێکی زۆری شرۆڤە ئابوورییەکانی نیولیبراڵەکانە) بازرگانیی ئازاد کرێی کرێکارانی نەشارەزای سەرتاسەری جیهان یەکسان دەکات، بازرگانیکردنی کاڵاکان جێگرەوەی جمووجۆڵی خەڵکییە. هاوردەکردنی کاڵا لە وڵاتی چینەوە- ئەو کاڵایانەی کە پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆری کرێکاری نەشارەزا هەیە بۆ بەرهەمهێنان- دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داواکاریی لەسەر کرێکاری نەشارەزا لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
ئەم هێزە هێندە گەورەیە کە ئەگەر گواستنەوە بەخۆڕایی بوایە و ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا هیچ سەرچاوەیەکی تری کێبڕکێکردنیان نەبووایە، بۆ نموونە لە تەکنەلۆجیادا، سەرەنجام مەسەلەکە وەک ئەوەی لێدەهات کە کرێکارانی چین بەردەوام کۆچیان بکردایە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا هەتا جیاوازیی کرێ بەتەواوی نەدەما. مایەی سەرسامی نییە کە نیولیبراڵەکان هەرگیز ئەم دەرەنجامەی ئازادکردنی بازرگانییان دەرنەخستووە، چونکە هەر دەیانگوت -باشتر وایە بڵێین درۆیان دەکرد- کە هەموان سوودمەند دەبن.
شکستی جیهانگیری لە بەدیهێنانی بەڵێنەکانی سیاسییەکان، بە دڵنیاییەوە متمانەی خەڵکی کەمکردەوە بە دامودەزگاکان. کاتێکیش کە حکومەتەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠٠٨ زۆر بەخشندانە کەوتنە ڕزگارکردنی بانقەکان کەچی هاووڵاتیی ئاساییان بەتەنیا جێهێشت، ئەم سیاسەتە وایکرد خەڵکەکە بڵێن کە شکستەکە تەنیا خراپ بڕیاردانێکی ئابووری نییە.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، کۆنگرێسمانە کۆمارییەکان تەنانەت دژی ئەوەش بوون هاوکاریی ئەو خەڵکانە بکرێت کە ڕاستەوخۆ زیانیان پێگەیشتووە لەلایەن جیهانگیرییەوە. بە شێوەیەکی گشتی تر نیولیبراڵەکان، کە بە ڕواڵەت نیگەران بوون لە کاریگەرییە خراپەکانی هاندان، دژایەتی ئەو ڕێوشوێنانەیان کرد کە زیانلێکەوتووەکانیان دەپاراست.
بەڵام ئەمان ناتوانن هەردووکیان بەدەستبهێنن: ئەگەر جیهانگیری سوودمەند بێت بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا، کەواتە پێویستە ڕێوشوێنی بەهێزی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەئارادا بێت. ئەسکەندەناڤییەکان زۆر دەمێکە ئەمەیان بۆ دەرکەوتووە؛ ئەوە بەشێک بوو لە گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکە کە کۆمەڵگەیەکی کراوەی دەستەبەر کرد- کراوە بە ڕووی جیهانگیری و گۆڕانکارییەکانی تەکنەلۆجیا-. نیولیبراڵەکان لە هیچ شوێنێکی تر ئەمەیان بەدەستنەهێناوە و ئێستاش لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپادا سزای خۆیان وەردەگرنەوە.
بێگومان جیهانگیری تەنیا بەشێکە لە مەسەلەیەکی گەورەتر؛ داهێنانی تەکنەلۆجی بەشێکی دیکەیە. بەڵام تێكڕای ئەم کراوەیی و دابڕانە پیویست بوو ئێمە دەوڵەمەندتر بکەن و وڵاتە پێشکەوتووەکان دەبوایە سیاسەتی وایان بهێنایەتە ئاراوە کە دەستکەوتەکان بە مسۆگەریی بەشێوەیەکی بەرفراوان دابەش بکرانایە.
کەچی لەبری ئەوە، جۆرە سیاسەتێکیان گرتەبەر کە بازاڕەکانیان بەجۆرێکی وا داڕشتەوە کە نایەکسانییان زیاتر کرد و ئەدای گشتی ئابوورییان لاواز کرد؛ لەڕاستیدا گەشەکردن خاوبووەوە کاتێک کە یاساکانی ئەو گەمەیە وا داڕێژران کە قازانجی کۆمپانیا و بانکەکان زیاتر بکەن - دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان- لەسەر حسابی خەڵکانی تر. هێزی گفتوگۆ و دانوستانی کرێکاران لاوازکرا؛ لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لانی کەم، یاساکانی کێبڕکێکردن لەگەڵ بارودۆخەکاندا نەدەگونجان و دۆخی کۆمپانیا گشتییەکانیش خراپتریان لێهات.
ئێستا، وەک لە کتێبە تازەکەمدا (نووسینەوەی یاساکانی ئابووری ئەمریکا) دیاریمکردووە، پیویستە یاساکانی ئەو گەمەیە جارێکی دیکە بگۆڕدرێن- ئەمەش پێویستە هێواشکردنەوەی جیهانگیری لەخۆبگرێت.
دوو ڕێککەوتننامە گەورەکەی کە سەرۆک ئۆباما داکۆکییان لێدەکات، (واتە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ١١ وڵاتەکەی کەناری ئۆقیانوسی ئارام و هەروەها ڕێککەوتننامە ئەتڵەسییەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا) کۆمەڵە جووڵەیەکن بە ئاڕاستەیەکی هەڵە.
پەیامە سەرەکییەکەی کتێبی یەکەمم ئەوەبوو کە کێشەکە لە جیهانگیریدا نییە، بەڵکو لەشێوەی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا بووە. بەداخەوە بەڕێوەبردنەکە نەگۆڕا. ١٥ ساڵ دوای ئەوە ئێستا دەبینین کە ناڕەزایەتییەکان بەرۆکی ئابوورییە پێشکەوتووەکانیشی گرتووەتەوە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure