شەڕی سەروەرییەکانی پێشوو

بۆچوون / بیروڕا :: 06/08/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
لەژێر ناونیشانی (بوژاندنەوەی ئیسلام)دا کە نیازی خراپیشی تێدایە، ڕۆژنامەی لۆمۆند لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرۆک فرانسوا هۆلاند بڕیاری داوە جان- بیار شۆفینمان بکات بە سەرۆکی دەزگایەک بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئیسلامییەکان و (ئاسانکاریکردن لە سپۆنسەرکردنی مزگەوتەکان و زیاتر شەفافکردنیاندا). هەڵبژاردنی ئەم پیاوە لەبەرئەوەیە کە ناوبانگێکی باشی هەیە لە جیهانی عەرەبیدا چونکە بەتوندی دژی شەڕی هاوپەیمانان بوو بەرامبەر عێراق، لەو کاتەدا کە وەزیر بووە و هەروەها پەیوەندی بەهێزیشی هەیە لەگەڵ کاربەدەستان و دەوڵەمەندە گەورە موسڵمانەکاندا کە دەتوانێت لەڕێگەیانەوە سەرچاوەی دارایی بۆ ئەم دامەزراوەیە دابین بکات.
شٶفینمان بەپەرۆشەوە بیرۆکەکەی قبوڵ کرد، هەرچەندە پێی وایە کە ئەرکێکی زەحمەتە و هەوڵدەدات بە هاوکاری لەگەڵ بیرمەندانی موسڵمان و ژمارەیەک دامو دەزگای سەربەخۆ پرۆژەکە سەربخات. ئیتر ئێمە دەتوانین کارەکەی ئەو بێنینە بەرچاوی خۆمان، ئەوێک کە لە دامو دەزگا فرەنسییە ڕەسەنە زۆر عەلمانییەکانەوە هاتووە. زەحمەتەکە لە بڵاوکردنەوەی (ئیسلامی ڕاستەقینە)دا نییە، وەک هەندێکیان دەڵێن، بەڵکو لەو سیاسەتە پراکتیکییەدایە کە هۆلاند لە بەرامبەر جیهانی عەرەبیدا گرتوویەتیەبەر. سەرۆکەکانی پێش ئەم پەنایان بردە بەر ژمارەیەک بیرمەندی عەرەب (بۆ نموونە محەمەد ئەرگۆن) و ئیمامی مزگەوتەکان بۆ ئاسانکردنی تێکەڵکردنی موسڵمانان لە کۆمەڵگای فرەنسیدا و بەکاریان هێنان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەیەکی چاکەخواز و دامەزراندنی ئەوەی کە پێی دەگوترێت (ئیسلامی ئەوروپی) بەڵام پرۆژەکە شکستی هێنا و لەگەڵیشیدا ئەو کەسانەش شکستیان هێنا کە بەڕێوەیان دەبرد و تۆمەتبارکران بە ناپاکی و کارکردن بۆ جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت. ئەمەش تۆمەتێکە لە ئەدەبیاتی باڵادەستدا سزاکەی شمشێرە و لە یاساکانی داعش و نوسرە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەدا سەرپەڕاندنە.
ئەوەی هۆلاند و لێپرسراوە فرەنسییەکانی دیکە  تێی نەگەیشتوون ئەوەیە کە هاوسۆزی کۆچبەران، بەتایبەت لە وڵاتانی خۆرئاوای عەرەبیدا لەگەڵ تیرۆریستەکاندا هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ئایینی ئیسلام وەک پەیامێک کە شۆفینمان دەیەوێت ڕاستەقینەکەی زیندووبکاتەوە، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەندی هەیە بەمێژووی ئیستیعماری فرەنسا و بەبوژاندنەوەی ئەو مێژووە لەڕێگەی ئەو سیاسەتانەی کە حاڵی حازر پاریس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەویان دەکات. (جیل کیبیل) کە پسپۆڕێکی فرەنسییە دەربارەی لاوانی خۆرئاوای عەرەبی لە نەوەی سێهەمی فرەنسادا دەڵێت ئەمان دوژمنایەتی چینی دەسەڵاتدار دەکەن و (هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە وا هەست دەکەن کە شەڕەکەی باو و باپیرانیان دەکەن کاتێک کە کۆچیان کرد بۆ فرەنسا) و پێش ئەوە کاتێک لە وڵاتەکانی خۆیاندا بوون شەڕی سوپای ئیستیعماریان دەکرد. پێویستە بیرمان نەچێت کە بەرەی ڕاستی توندڕەو، کە (بەرەی نیشتمانی) نوێنەرایەتی دەکات دەیەوێت ئەم مێژووە بگێڕێتەوە بەتایبەت لەڕێگەی دروشمی (فرەنسای ڕاستەقینەوە)، واتە فرەنسایەک کە موسڵمانی تێدا نەبێت. مەسەلەکەش تەنها هەر ڕاستڕەوەکان نین، بەڵکو لە ڕیزەکانی پارتی سۆشیالیستی دەسەڵاتداریشدا هەیە. ڕاستە پارتی سۆشیالیست ئەوجۆرە دروشمانە بەرزناکاتەوە، بەڵام بەکردەوە مێژووی ئیستیعماری دووپات دەکاتەوە بۆ نموونە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ڕازی نەبوون داوای لێبوردن لە جەزائیر بکەن سەبارەت بەو کوشتارە گەورانەی کە سوپای فرەنسا کردوونی. هەروەها هیچ شەڕێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نابینین کە فرەنسا لە ڕیزی پێشەوەی هاندەرەکانیدا نەبێت و یەکەم کەس نەبێت سەرباز بنێرێت بە مەبەستی گێڕانەوەی دەسەڵاتی ڕابردوو (بۆ نموونە سوریا و لیبیا).
نکوڵی لەوە ناکرێت کە بەرپرسیاریەتی تیرۆر دەکەوێتە سەرشانی ئەو تاقمە ئیسلامییانەی کە لەناو کۆچبەراندا خەڵکی پیاوکوژ ڕادەکێشن بەلای خۆیاندا، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە حکومەتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت فرەنسی، بەرپرسیارە لە مەشقپیکردن و چەکدارکردنی تیرۆریستەکان و پشتیوانیکردنی جەنگەکانیان (لەپێناوی بڵاوکردنەوەی ئازادی و دیموکراسی) و وا هەست دەکەن کە خۆیان پارێزراون و ئەم تیرۆریستانەش هەمیشە بە دۆست و دڵسۆزیان دەمێننەوە.
دەزگای شٶفینمان بەهیچ شێوەیەک باشتر نابێت لە دامو دەزگاکانی دیکەی ئێستا و پێشووتردا و ناتوانێت (ئیسلامی عەلمانی ببوژێنێتەوە) بەوشێوەیەی کە هۆلاند دەیەوێت. چونکە مەسەلەکە لە سەرەتا و کۆتاییدا مەسەلەیەکی سیاسییە و تاقە ڕێگەی گۆڕینیشی ئەوەیە سیاسەتی ناوخۆی پاریس بەرامبەر کۆچبەران بگۆڕێت و سیاسەتی دەرەوەشی بەرامبەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەروها کۆمەککردنی شەڕەکان و هەڵگیرساندنیان بوەستێنێت کە بە مەبەستی گێڕانەوەی شکۆکانی ڕابردوو کۆمەکیان دەکات، چونکە تیرۆریستانیش خاوەنی ڕابردووی شكۆدارن کە شانازی پێوە دەکەن و هەوڵی گێڕانەوەی دەدەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure