ئەردۆغان توندڕەویی خۆی ئاشكرا دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 04/08/2016


سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

تەماحە شاراوەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەبوو كە ببێتە سوڵتانێكی بەدەسەڵات و كودەتا سەرنەكەوتووەكەیش دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساند كە ئەو ویستەی بەدیبێنێت.
هەوڵە كودەتاكەی 15 ی تەموز، بووە هۆی كوژرانی زیاتر لە 200 تورك و برینداربوونی زیاتر لە 400ی دیكە. جگە لەو دە هەزار دەستگیركراوەی كە زۆربەیان كەسوكاریان هیچ هەواڵێكیان نازانن ئاخۆ ماون یان مردوون. هەروەها 45 هەزار كەسی دیكەیش لە كارەكانیان دەركراون، لەوانە سەدانیان قازی و داواكاری گشتیین. لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا یاداشتی دەستگیركردن بۆ 42 رۆژنامەنووس دەركرا و 25 مۆڵەتی رۆژنامەوانی هەڵوەشێنرانەوە و 20 پێگەی ئەلیكترۆنیی هەواڵ داخران و باری نائاسایی بۆ سێ‌ مانگ سەپێنرا كە بڕواناكەم درێژ نەكرێتەوە.

ئەردۆغان لە سەرۆكایەتی وەزیرانەوە چووە سەرۆكایەتی كۆمار، لەبەرئەوەیش كە دەسەڵات لە دەستی حكومەتدایە نەك سەرۆك بۆیە هەر لە یەكەم رۆژەوە دەستیكرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی وڵات كە نزیكەی سەد ساڵە كاری پێدەكرێت، چونكە ئەو سیستمێكی سەرۆكایەتیی دەوێت، ئەگەرچی كۆی راپرسیەكانی توركیا، بە زۆرینەیەكی بەرچاو دژی بیرۆكەكەی ئەون.

دوای كودەتا شكستخواردووەكە، ئەردۆغان وتی كە دەیەوێت كۆنترۆڵی سوپا بكات، واتا بیكاتە دامەزراوەیەكی شوێنكەوتەی پارتەكەی. هەوەها وتی ئەگەر پارلەمان بڕیار بدات بە گەڕانەوەی ئیعدام ئەوا ئەم پەسەندی دەكات، بەڵام ئەوە بوو یەكێتی ئەوروپا تێیگەیان كە ئیعدام واتا مەحاڵبوونی ئەندامێتیی توركیا لە یەكێتیەكەدا. هەروەها بە هەڕەشەكردنەوە داوای لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كرد فەتحوڵـڵا گویلەن-ی بانگخواز و كۆنە هاوپەیمانی خۆیی رادەست بكاتەوە. رۆژ دوای رۆژ، ئەردۆغان تۆمەتێك بۆ گویلەن دەپێوێت و ئاراستەی دەكات. ئەوەبوو تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ كە لەپشت هەوڵە كودەتاكەوەیە بێ‌ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە بێت. لەوەدەچێت ئەردۆغان بەهۆی توندڕەوێتی و سیاسەتی كوێرانەیەوە، ئامادەبێت كە سبەینێ‌ بەرپرسیارێتیی بوومەلەرزەیش بخاتە ئەستۆی گویلەن.
گاردی كۆماری هەڵوەشێنرا و نزیكەی 300 گارد بە لایەنگرییان لە گویلەن تۆمەتبارن، لەسەرەتادا هەزاران كەس دەستگیركران و دەیان كەسیان بەوە تۆمەتباركران كە لایەنگری گویلەنن، بێ‌ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك هەبێت. ئێستا ترسی ونكردنی دەستگیركراوەكان هەیە،  یان مردنیان لەژێر ئەشكەنجەدا. لێدوانی كەسوكاری هەندێك لە سەربازە دەستگیركراوەكان بڵاوكراونەتەوە و دەڵێن هیچ شتێك دەربارەیان نازانن و هەموو پەیوەندیەكیان پێیانەوە بڕاوە.
ئەردۆغانیش هەر لەگەڵ دەم دەكاتەوە خۆیی تێدا ئیدانە دەكات (وەك دۆناڵد ترامپ لە ویلایەتە یەكگرتووەكان). ئەوەتا دوای رەشبگیریەكان و هەڕەشەكردنەكانی لە ئەمریكا و ئەوروپا، لێدوانێكیم خوێندەوە دەڵێت ئەو رۆژنامەنووسانە سزا نادات كە سووكایەتیان پێكردووە.
رۆژنامەوانی، را و هەواڵە. را پیرۆزە و هەواڵیش دەبێت راست بێت و سەرچاوەی سەلماندنی هەبێت. ئەگەر رۆژنامەنووسێكی توركی یان یەكێكی تر بڵێت ئەردۆغان توندڕەوە یان دیكتاتۆرە یان فاشیلە، ئەمە رایە و مافێكی ئاسایی خۆیەتی بیڵێت. بەڵام ئەگەر رۆژنامەنووسەكە بڵێت ئەردۆغان دزە ئەوكاتە قسەكەی دەبێتە هەواڵ و ئیتر یان دەبێت بیسەلمێنێت كە دزە یاخود باجەكەی بدات. ئەردۆغان لە نەزانینیەوە دەیەوێت رۆژنامەنووسان سزا بدات لەسەر رایەك كە دەریانبڕیوە و هێشتایش لەوباوەڕەدایە كە دەبێت دەرگاكانی ئەوروپا كراوەبن بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ریزەكەیانەوە، ئەمە لەكاتێكدا یەكەمین و گرنگترین مەرجی بەئەندامبوون ئەوەیە كە دەبێت وڵاتی ئەندام وڵاتێكی دیموكراسی بێت.

سەیرترین شتێك كە لەم رۆژانەی دواییدا خوێندمەوە، لێدوانێكی سەرۆكی بە وەكالەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، یەعقوب ناجل بوو كە بە ئەندامانی كنێستی وت ئەو رێككەوتنەی ئەم دواییەمان لەگەڵ توركیادا بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان، پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر بەستراوە. ئەگەر ئەمە راست بێت مانای وایە رێككەوتنەكە لەكاتێكدا كراوە كە هێشتا خوێنی چالاكوانەكانی كەشتیی ئاشتی (ماڤی مەرمەرە) وشك نەبووەتەوە كە ئیسرائیلیەكان لە ئایاری 2010 دا و لەپانتایی دەریادا، هێرشیان كردە سەریان. 

ئەردۆغان ناوبانگێكی لەناو زۆرینەی عەرەب و موسڵماناندا بۆخۆی دروستكردبوو بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ئیسرائیلی لە خاكی فەلەستیندا، ئێمەیش هەموومان سوپاسمان كرد. ئێستا بۆمان دەردەكەوێت كە دوو سیاسەتی پیادە كردووە، یەكێكیان ئاشكرا و لەگەڵ خەڵكی غەزەدا، ئەوی دیكەیشیان نهێنی كە هێشتنەوەی پەیوەندییەكانە لەگەڵ ئیسرائیلدا. 
من دەربارەی خۆم دەدوێم. ئەردۆغان ئەو پشتگیری و رێزەی لەدەستدا كە لە سەرەتادا لای من هەیبوو بەرامبەر هەڵوێستی لەسەر فەلەستین. من ئێستا لە هەڵوێستی بەرپرسەكانی میسرەوە نزیكترم كە پێشوازییان لە هەوڵە كودەتاكەی سەر سەرۆكی توركیا كرد، ئەو سەرۆكەی كە هەموو هۆكارەكانی متمانە كۆنەكانی ئێمەی بەخۆی، لەناوبرد.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure