پاش پاکسازییە بەربڵاوەکە، هەنگاوی داهاتوو بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا چییە؟

بۆچوون / بیروڕا :: 03/08/2016

نووسینی: مەتین گورچان
سەرچاوە: ئەلمۆنیتەر
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
لە ٢٧ی تەموزدا ١٦٨٤ ئەفسەری پلە باڵای هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەرکران چونکە مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندام بوون لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی فەتحوڵڵا گولەندا. ئەم پاکسازییە بێ پێشینەییەی ئەفسەران لەسایەی ڕاگەیاندنی حوکمی عورفی بوو کە ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند. ئەم حوکمی پاکسازییە کە ناتوانرێت ئیستیئناف بکرێتەوە ٢%ی گرتووەتەوە لە ٤٠ هەزار ئەفسەری هێزە چەکدارەکانی تورکیا و نزیکەی ١%ی دەرەجەدارانی دیکەی سوپا (لە جێگری ئەفسەرەوە بەرەو خوار) کە ژمارەیان نزیکەی ٩٠ هەزار کەسە . زۆرترین پاکسازیی لەناو جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکاندا بووە. لەکۆی ٣٢٥ جەنەراڵ لەهێزەکانی ئاسمانی و زەمینی تورکیادا، ١٤٩ کەسیان (٤٥.8%) ڕۆژی ٢٧ی تەموز دەرکران، کە لەناویاندا دوانیان فەریقی یەکەم بوون و حەوتیان فەریق بوون و ٢٧یان لیوا بوون/ جێگری ئەدمیراڵ (١٢ لەناو سوپادا و ١١ لە هێزە ئاسمانییەکان و ٤یش لە هێزە بەراییەکان) و ١٢٦ کەسیشیان عەمید بوون.
پێش ڕاگەیاندنی پاکسازییەکە، جەنەراڵ ئیحسان ئویار سەرکردەی هێزە زەمینییەکان و کەسی دووهەمی ئەو هێزە هەروەها جەنەراڵ کامیل باسوگلو فەرماندەی ڕاهێنان و بیروباوەڕی سەربازیی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشکرد. 
وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند کە دەرکردنەکان و دەستلەکارکێشانەوەکان هەموویان پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی فەتحوڵڵا گولەنەوە نەبووە بەڵکو ئەوانەشی گرتووەتەوە کە شەوی ١٥ی تەموز ئەرکەکانیان بەجێنەهێناوە یاخود بەرەنگاری هەوڵە کودەتاییەکە نەبوونەتەوە.
لەڕۆژی ٢٤ی تەموزدا کە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆ‌غان پرسیارکرا ئایا چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەزگای(میت)یش لەسەرکار لاببرێن ئەردۆغان وەڵامی دایەوە تۆ کە لە ڕووبارێک دەپەڕیتەوە ئەسپەکەت ناگۆڕیت.
ئەو وەڵامە مانای وابوو ئەردۆغان بڕیاری داوە ئەم پێکهاتە سەرکردایەتییە بهێڵێتەوە لە قۆناغێکی هەستیاردا کە سیاسەتی دەرەوەی وڵات ڕووبەڕووی گۆڕانکاری گەورە بووەتەوە و هەروەها هێزە چەکدارەکانی تورکیاش ڕاستەوخۆ لە شەڕدان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی ئیسلامی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوور. هەر لەبەرئەمەیە کە سوپا سالار و سەرکردەکانی هێزە زەمینی ئاسمانی و دەریاییەکان لە پۆستەکانیاندا مانەوە.
بڕیاری بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای سەربازییەوە ژمارەی جەنەراڵەکانی لەناو هێزە چەکدارەکانی تورکیادا بەرزکردەوە بۆ ٢٢٧ جەنەراڵ کە هێشتا ٩٨ جەنەراڵی کەمترە لە ژمارەی جەنەراڵەکان لەپێش هەوڵە کودەتاییەکەدا کە ٣٢٥ جەنەراڵ بوو.
پێدەچێت ژمارەیەک جەنەراڵ ئایندەیەکی بەهێزیان هەبێت لەناو هێزە چەکدارەکانی تورکیادا لەوانە جەنەراڵ ئومێد دوندار کە دەستنیشانکرا بۆ جێگری سوپا سالاری تورکیا، هەروەها جەنەراڵ مەتین تێمیل کە دەستنیشانکرا بۆ پۆستی فەرماندەی لەشکری دوو کە بەرپرسیاری شەڕە لەگەڵ پەکەکە و پاراستنی ئاسایشی سنور هەروەها زیکای ئەکساکالی فەرماندەی هێزە تایبەتەکان کە پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ پلەی فەریق.
کەواتە بۆچی ئەنجوومەنی باڵای سەربازیی سوپا سالار و فەرماندەکانی دیکەی نەگۆڕی؟
ئەردۆغان بەئاشکرا ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی دەزگای میت پێویستە ڕاستەوخۆ ببەسترێنەوە بە سەرۆکایەتی تورکیاوە و ئەمەش گۆڕانکارییەکە پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتی هەیە لەناو ئاسایشی تورکیادا. بەڵام لەبەرئەوەی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیریی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لەوجۆرە ناکەن کەواتە مەسەلەکە پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە.
ئەردۆغان پێویستی بە هێشتنەوەی (ئاکار) هەیە بۆ ڕازیکردنی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن. نەخشە تازەکەی بواری ئەمنی تورکیا پێویستی بەوە هەیە کێبڕکێیەک دروستبکات لەنێوان بەشە جیاجیاکاندا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی مەدەنیدا ئەویش لەڕێگەی دیاریکردنی سوپا سالارێکەوە کە لەژێر فەرمانی سەرۆک کۆماردا بێت و ئەرکەکەی تەنها بریتی بێت لە هاوئاهەنگیکردن. سەرکردایەتییەکانی هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی سەر بە وەزارەتی بەرگری دەبن و هێزەکانی جەندرمە و پۆلیس و پاسەوانی کەنارەکانیش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبن.
پاکسازییەکەی ٢٧ی مانگ و دەستلەکارکێشانەوەی دوو فەریقی یەکەم نیشانەی ئەوەن کە سەرکردایەتی سوپای ئێستای تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەلای سەرۆکەوە بوونی بڕیاری کۆتایی لای ئەو لەسەر چارەنووسی فەرماندە سەربازییەکان مانای وایە دەسەڵاتی بەسەر هێزە چەکدارەکانی تورکیادا بە باشی زیادیکردووە. هەروەها هێشتنەوەی کەسایەتییەکی ناسراوی وەکو ئاکار بۆ ئەم ماوەیە ئەرکەکە ئاسانتر دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو ناڕەزایەتییەک لەناو ئەفسەرە پلە بەرزەکانی تورکیادا.
ئەو عەقیدانەی کە پێشتر لەسەر مەسەلەی (ئەرگەنەکۆن) دادگاییکراون و بڕیاری زیندانیکردنیان درا، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای سەربازییەوە پلەکانیان بەرزکرانەوە. ئەم گرووپە کە بە دژە ناتۆ و دژە ئەمریکا ناسراون زیاتر مەیلیان بەلای ئۆراسیادا دەڕوات، کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر کەڵچەری ستراتیجی سوپای تورکیادا. وردبوونەوە لەناوی جەنەراڵە دەرکراوەکان نیشانی دەدات کە زۆربەیان ئەتڵەسین و پەرۆشی پەیوەندییەکان بوون لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و ناتۆدا.
سەرکردەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و قوربانییەکانی کەیسەکانی ئەرگەنەکۆن، کە بەدڵنیاییەوە دەسەڵاتیان بەسەر هێزە چەکدارەکاندا زیاتر دەبێت پاش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای سەربازیی بڕیار لەسەر دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی و ڕەسەن دەدەن. ئەم دوو ڕەوتە هاوئاهەنگن لەگەڵ ڕەنگڕێژکردنی سوپایەکدا کە زیاتر سەربەخۆ بێت و زیاتر دژە ئەمریکا و دژە ناتۆ و دژە خۆرئاوا بێت. ئەم دوو ڕەوتە باوەڕیان وایە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەتوانێت رۆڵێکی گەورەتر ببینێت بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرەو ئاسۆکانی بێلایەنی زیاتر و بایەخی گەورەتریش بدات بە ئۆراسیا. لەبەرئەوە پێدەچێت لەمەولا کەڵچەری ستراتیجی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کەمتر ئەتڵەسی و زیاتر ئۆراسیایی بێت. بەڵام ئەم دوو ڕەوتە هاوئاهەنگ نین لەسەر مەسەلەی عەلمانیبوونی سوپا. لەکاتێکدا کە ئۆردوگای ئەرگەنەکۆن بەرگری دەکات لە گەڕانەوە بۆ بنەما عەلمانییەکانی کەمالیزم، مەیلی ئاشکرای ئەکەپە ئەوەیە کە سوپا زیاتر بەرەو ئاراستە دینییەکە ببات و بەمەش مەترسی کودەتا کەمدەکاتەوە. بە کورتییەکەی، بەرەی ئەرگەنەکۆن پێی وایە گەورەترین مەترسی بریتییە لە ئیسلامکردنی سوپا، لەکاتێکدا ئەکەپە وایدەبینێت بەئیسلامکردنی سوپا تاقە ڕێگایەکە بۆ لەناوبردنی هەوڵی کودەتا لە ئایندەدا.
بەهۆی ئەم جیاوازییەی نێوان دوو ئۆردوگاکە ، بەدڵنیاییەوە مشتومڕی زیاتر دەبینین لەسەر قەدەغەکردنی هێشتنەوەی ڕیش و سمێڵ و نوێژ و ڕۆژوگرتن لەناو سوپادا و پێگەی ژن لە یەکە سەربازییەکاندا و هەروەها ڕێدان بە دەرچووانی قوتابخانە ئاینییەکان کە لەناو سوپادا ببن بە ئەفسەر.
ئێستا بەئاشکرا دیارە کە هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا نەک هەر ڕووبەڕووی کێشەی لەدەستدانی ئەفسەر و کارمەندە گەورەکان بووەتەوە، بەڵکو خەریکە ئاکار و پاڵنەر و پێگە کۆمەڵایەتییەکەشی لەکیس دەچێت. ئێستا ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە ناسنامەی هێزە چەکدارەکان لە ئایندەدا کەمتر ئەتڵەسی و زۆرتر ئۆراسیایی دەبێت. بەڵام گرژی و ئاڵۆزییە ڕاستەقینەکە دەکەوێتە مشتومڕی نێوان ئەو لایەنەی کە زۆر پابەندی بنەما عەلمانییەکانە لەناو سوپادا و ئەوانەی کە داوای بەئیسلامکردنی زیاتر دەکەن.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure