سوعبەتی دژایەتیکردنی گەندەڵی

بۆچوون / بیروڕا :: 03/08/2016

نوسینی: ئەیمەن عەقیل
سەرچاوە: ئەلسەفیر
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

گەندەڵییەکەی وڵات لە بەرزترین دەسەڵاتەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەو دەستوورەوە کە پشک پشکێنە دەچەسپێنێت و کە خەڵکەکە لەناو گروپ و تایەفەکانیاندا زیندانی دەکات، هەروەها لەو ڕێنمایی و ڕێککەوتنانەوە کە بۆ ئەوە داڕێژراون ئینتیمای حیزبی  وتائیفی بکەنە مەرجێکی نەزۆک لەبەرئەوە هەموو قسەکردنێک لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی لە نوکتەیەک و سوعبەتێک زیاتر شتێکی دیکە نییە چونکە ناتوانێت مێزەکە بەسەر هەموو سیستمەکەدا هەڵبگێڕێتەوە. مەسەلەکە تەنانەت بەرگەی کۆبوونەوەیەکی دامەزراندنیش ناگرێت کە هەموویان لەسەر کورسییەکەی دابنیشن، چونکە ئەم (هەموویان)ە سوودی زۆریان لەم دۆخەی ئێستا بینیوە، بۆیە لەوە زیاتر ناڕوات کە هەموو دەموچاوەکان بگۆڕێت و پێکهاتەی کێشەکە وەکو خۆی بهێڵێتەو، بۆیە زۆر ڕووقایمانە ناوی لێناوە سیستمێکی (بێهاوتا). گومانی تێدانییە کە هەڵمەتە وەرزییەکانی دژایەتیکردنی گەندەڵی سەرکەوتن بەدەستناهێنن ئەگەر ئەم بێهاوتاییە وردوخاش نەکەن و نەیگێڕنەوە بۆ مادە سەرەتاییەکانی.
گەندەڵی نەخۆشییەک نییە توشی سیستمەکە بوبێت، بەڵکو خودی سیستمەکەیە نەک لێکدانەوەیەکی خراپی دەق. گەندەڵی بریتییە لە هەموو خوێندنەوە و ڕوخسارەکانی ئەو دەقە. گەندەڵی تارماییەک و ڕێکخراوێکی نهێنی نییە.
گەندەڵی لە وڵاتەکەماندا خاوەنی ئەزموونێکی پێشەنگە کە هوشیارییەکی وای پێبەخشیوە بتوانێت کەرەستەکانی وا لێبکات دوا فلسی هیوا لە گیرفانمان هەڵبلوشێت، بووەتە دێوێکی شێرپەنجەیی وا کە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕووکەشی حکومەت و هیچ پرۆژەیەکی چاکسازیی ئەنجامێکیان نابێت لەوە زیاتر کە ببنە هۆکاری ئاڵۆزکردنی ئەو کردەوانەی کە یاسا پێشێل دەکەن و کە گەندەڵەکان زۆر بە شارەزاییەوە بەگژیا دەچنەوە تەنانەت ئەو پسپۆڕە تیۆریانەش کە ناو و ناوبانگێکیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە، هەموو شارەزایی و بلیمەتییەکیان بۆ مژینی ئەو خوێنە تازانە بەکاردەهێنن کە لەدەست ئامێرە ژەنگاوییەکانی گەندەڵی ڕزگاریان بووە کاتێک کە دەشتوانرێت گەمارۆی گەندەڵکارێک بدات لەڕاستیدا بەئەنقەست هەوڵدەدات میکانیزمەکانی ئەختەبوتی گەندەڵی گەشەپێبدات بەجۆرێک لەگەڵ جوڵەی واقیعدا بگونجێت. کەواتە گەندەڵی کوڕی ئەم ڕۆژ و سەردەمەیە و شانبەشانی گەشەکردنەکە دەڕوات و بۆینباخ دەبەستێت و قسەی ناشیرینی لەدەم دەرناچێت و سیستمێکی تەندروستی هاوسەنگیش پەیڕەودەکات.
کۆچی لاوان و گەرمای زۆر و شێوازی ژیان و تەندروستیمان و قەرەباڵغییەکانی سەرشەقام بوونەتە ئەلف و بێی ئەو فەنتازیایەی وای لێکردووین کە هەموومان بەڕاستی چاوەڕێ بین سبەینێ کە هەڵساین ببیستین لایەنێکی دیاریکراو هەموو چینە سیاسیی و کارگێڕییەکەی وڵاتی زیندانی کردووە، واتە تاقە کارێکی جددی کە هیوای پێ ببەسترێت بیستنی بەیاننامەی ژمارە (١)ە کە بەرەبەیانی ڕۆژێک لەڕۆژان بخوێنرێتەوە. مەسەلەکە پێویستی بە لایەنێکە داهێنەرتر بێت لەوەی کە ڕازی بێت لەناو سیستمەکەدا گەمە بکات. دەرچوون لە یاساکانی ئەم گەمەیە بەهرەیەکە تەنها ئەوانە دەیزانن کە لەدەرەوەی گەمە بێتامەکەدا گەورە بووە. قەڵەم قوڕگی نوسا ئەوەندەی وت کە بەرەی جەنگی جوامێرانە بەرەیەکی فراوانە و هاوکاتبوونی قارەمانێتی لەسەر سنوور و ساختەچێتی لەناوخۆدا کۆتاییەکەی شەڕێک دەبێت کە تەلی دڕکاوی لێدەکەوێتەوە و ناچارمان دەکات هەموومان لەسەر ئەو دڕکە دابنیشین.

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure