خوێندنه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ى توركیا

بۆچوون / بیروڕا :: 02/08/2016

سه‌رچاوه‌: ئه‌لسه‌فیر
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئه‌گه‌رچى راستیه‌كانى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى توركیا به‌ ته‌واوى روون نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ دوو هه‌فته‌ى رابردوودا روویاندا تێبینیگه‌لێكى زۆر هه‌ڵده‌گرن كه‌ شیاوى ئه‌وه‌ن تۆمار بكرێن.
یه‌كه‌م:
كاتێك هه‌ندێك له‌ میدیاكاران ده‌نگۆى ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ (ئه‌مینه‌) ته‌نیا كه‌سێكه‌ له‌ توركیا ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ ماناى ده‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ هه‌واڵى راگرتن و ده‌ستگیركردنیان بڵاوده‌كرێته‌وه‌. ناوهێنانى ئه‌م ژنه‌یش كه‌ له‌ده‌ستگیركردن قوتارى بووه‌ ده‌لاله‌تى خۆى هه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌مینه‌ هاوسه‌رى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌.
دواى شكستى هه‌وڵه‌كه‌، وتیان شه‌ش هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركراون. دواى سێ رۆژ ژماره‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌ بۆ نۆ هه‌زار، له‌ كۆتایى هه‌فته‌ى یه‌كه‌مدا گه‌یشته‌ دوازده‌ هه‌زار. سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌یش وه‌زیرى ناوخۆ رایگه‌یاند ژماره‌ى ده‌ستگیركراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌ژده‌ هه‌زار كه‌س. ئاژانسه‌كانى ده‌نگوباسیش باس له‌ ته‌سریحكردنى 1684 سه‌رباز ده‌كه‌ن كه‌ 149یان جه‌نراڵ و ئه‌دمیراڵن، هه‌روه‌ها باس له‌ ده‌ركردنى بڕیارى داخستنى 45 رۆژنامه‌ و 16 كه‌ناڵى  ته‌له‌فزیۆن و 3 ئاژانسى هه‌واڵ و 23 رادیۆ و 15 گۆڤار و 29 خانه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ بڕیارى راگرتنى 89 میدیاكارى تۆمه‌تبار به‌ لایه‌نگرییان بۆ گروپى فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن كه‌ ده‌ڵێن له‌ پشت هه‌وڵى كوده‌تاكه‌وه‌یه‌. له‌ هه‌واڵه‌كانى رۆژى هه‌ینیى رابردوو 29/7 یشدا وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ 8113 كه‌س خراونه‌ته‌ ژێر حه‌بسى ئیحتیاتیه‌وه‌ و سێ هه‌زار كه‌سیش ئازادكراون.
ئه‌م وێنه‌یه‌ى كه‌ ژماره‌كان ده‌یكێشن پاساوده‌رى ئه‌و ده‌نگۆیه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت گه‌لى توركیا له‌به‌رده‌م ده‌ستگیركردندان، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ راشكاوى هه‌ندێك له‌ كۆمێنته‌كانى پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گوزارشتیان لێكردووه‌. كاتێكیش هه‌وڵمدا بۆ به‌دواداچوون و پشكنینى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ئه‌نقه‌ره‌دا، ئه‌م روونكردنه‌وانه‌م ده‌ستكه‌وت.
-هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌وڵده‌ره‌ كوده‌تاچییه‌كان، ته‌واو نه‌بووه‌. فراوانبوونه‌وه‌ى ئه‌ڵقه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ گومانیان له‌سه‌ره‌ مایه‌ى سه‌رسوڕمانه‌. به‌پێى ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌ رۆژى شه‌ممه‌ 31/7 ئاشكرایكرد و رۆژى دواتر رۆژنامه‌ى (ئه‌لئه‌هرام) بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ژماره‌ى راگیراوان له‌ دوو هه‌فته‌ى رابردوودا تۆزێك له‌ هه‌ژده‌ هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌س زیاتره‌، گومانه‌كانى سه‌ر ئه‌مانه‌تاڕاده‌یك لاوازن بۆیه‌ وه‌ك حاڵه‌تێكى یه‌ده‌ك لاى پۆلیس ده‌ستبه‌سه‌ركراون. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كه‌ تۆمه‌تى قورس و به‌هێزیان خراوه‌ته‌ پاڵ و خراونه‌ته‌ زیندانه‌كانه‌وه‌، ژماره‌یان ده‌ هه‌زار و سه‌د و سى و حه‌وت كه‌سن كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان چاره‌نووسى هه‌موویان دیارى ده‌كات.
-هه‌ندێك له‌و ژمارانه‌ى راگه‌یه‌نراون تێڕوانینێكى هه‌ڵه‌یان داوه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌گوترێت 45 رۆژنامه‌ داخراون راسته‌ به‌ڵام ورد نییه‌. ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ به‌ڵێ بڕیارى داخستنیان ده‌ركراوه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ 1860 رۆژنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و لۆكاڵى له‌ توركیادا هه‌ن. زۆربه‌ى ئه‌و رۆژنامانه‌ى داخراون ناوچه‌یى و لۆكاڵى بوون، واتا له‌سه‌ر ئاستى وڵاته‌كه‌ بڵاونه‌ده‌كرانه‌وه‌. رۆژنامه‌ گه‌وره‌ داخراوه‌كان ژماره‌یان ته‌نیا حه‌وت رۆژنامه‌یه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌یش دانه‌خراون كه‌ سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆنن به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ گروپه‌كه‌ى فه‌تحوڵـڵا گویله‌نه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنانێكى زۆرى له‌ بوارى میدیادا كردووه‌. به‌ڕاى ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ئه‌و رۆژنامانه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ دزه‌پێكردنى زانیاریى هه‌ڵه‌ى رێخۆشكه‌ر بۆ هه‌وڵه‌ كوده‌تاییه‌كه‌. ئه‌وه‌ى له‌ كه‌رتى رۆژنامه‌دا هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ بواره‌كانى بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌خشى ته‌له‌فزیۆنیشدا هه‌ر هه‌مان شته‌.
- فراوانكردنه‌وه‌ى بازنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌كان بووه‌ته‌ نه‌ریتێكى قۆناغه‌كانى دواى هه‌وڵه‌ كوده‌تاییه‌كان. پێشتر له‌ وتارێكى دیكه‌مدا ده‌رباره‌ى ئه‌زموونى توركیا له‌م بواره‌دا، ئاماژه‌م پێداوه‌. له‌ ده‌ره‌نجامى كوده‌تاكه‌ى ساڵى1980دا 650 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران و سزاى ئیعدام بۆ 517 كه‌سى دیكه‌ ده‌ركرا و به‌سه‌ر 50 كه‌سیاندا جێبه‌جێكرا، 30 هه‌زار كه‌سیش له‌ كاره‌كانیان ده‌ركران، 30 هه‌زار كه‌سیش بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ركران و ره‌گه‌زنامه‌ له‌ 14 هه‌زارى دیكه‌ سه‌نرایه‌وه‌. له‌ كوده‌تاكه‌ى ساڵى 1960 یشدا كه‌ سه‌رۆك عه‌دنان مه‌ندریس و دوو وه‌زیرى تێدا ئیعدام كران، 235 جه‌نراڵ له‌ سوپا دوورخرانه‌وه‌ و سێ هه‌زار ئه‌فسه‌ریش ده‌ركران، هه‌روه‌ها 500 دادوه‌ر و 1400 مامۆستاى زانكۆیش له‌ كاره‌كانیان لابران.

دووه‌م: 
ئه‌م یه‌كه‌م تێبینییه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ رێكاره‌كانى قۆناغى پاكسازى ده‌رهاویشته‌ و تایبه‌تمه‌ندێتیى خۆى هه‌یه‌ و ناكرێت بكرێته‌ پێوه‌رێك بۆ حوكمدان له‌ سه‌ر بارودۆخى دواى هه‌وڵى كوده‌تاكه‌. به‌زۆریى ده‌كرێت وا لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانى سه‌لماندنى شكستهێنانى كوده‌تاكه‌ و سڕینه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانى. پێشتر له‌ وتارێكدا ئاماژه‌م به‌مه‌ كردووه‌.
خۆ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ستى ئه‌و كه‌سانه‌ تێبگه‌ین كه‌ به‌خێرایى پێشوازییان له‌ شكستى كوده‌تاكه‌ كرد و خۆیشم یه‌كێك بووم له‌وانه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وانه‌ى ستایشى هه‌موو رێوشوێنه‌كانى دواتریانكرد، هه‌موویان به‌هۆى په‌له‌كردنیانه‌وه‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌وه‌. چونكه‌ هێشتا دۆسیه‌كه‌ كراوه‌یه‌ و هێشتا ئه‌وه‌ روون نییه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌وه‌ى روویدا رێگه‌ له‌به‌رده‌م كوده‌تاكردن به‌سه‌ر دیموكراتیدا خۆش ده‌كات یان نا. من گوتم پێشوازیكردن له‌ شكستى كوده‌تاكه‌ ئه‌ركه‌، چونكه‌ ئامانجى گێڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عه‌سكه‌ربوو به‌ هه‌موو تاریكى و بێزارى و مێژووى ره‌شیه‌وه‌. به‌ڵام هۆشداریدان له‌ لێكه‌وته‌كانى شكستى كوده‌تاكه‌، بووه‌ ئه‌ركێك بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كه‌ نه‌كرێنه‌ بیانوویه‌ك بۆ پاشه‌كشه‌كردن له‌ دیموكراسى. به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌وه‌یش كه‌ په‌له‌ى كرد له‌ پێشوازی و پشتیوانیكردنى كوده‌تاكه‌، هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ترى كرد. له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گره‌ویان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى عه‌سكه‌ر كرد و رازى بوون به‌ له‌باربردنى كاروانى دیموكراسى و وه‌رچه‌رخانى توركیا له‌ بارودۆخێكه‌وه‌ كه‌ ته‌حه‌فوزیان له‌سه‌رى هه‌بوو و به‌خراپیانده‌زانى، بۆ بارێكى دیكه‌ى خراپتر. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ تۆڵه‌ و حساباته‌كانى خۆیان، ئیتر سه‌رچاوه‌یان هه‌رچییه‌ك بێت، به‌سته‌وه‌ به‌ پاشه‌ڕۆژى وڵات و چاره‌نووسى هه‌ستانه‌وه‌یه‌وه‌.
ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه‌ سێ تێبینى له‌سه‌ر هه‌یه‌:
-رێكاره‌كانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نقه‌ره‌ له‌لایه‌ن پارته‌ عه‌لمانیه‌ توركیه‌كانه‌وه‌ پشتیوانیى كران، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ (پارتى گه‌لى كۆمارى) و (پارتى نه‌ته‌وه‌یى ) و (پارتى دیموكراتى گه‌لان).هه‌روه‌ك به‌ هۆشدارى و هه‌ڵوێستى وریاییه‌وه‌ پشتیوانییان له‌ رێكاره‌ پاكسازیه‌كان كردووه‌، به‌ڵام به‌ پاراستنى رێڕه‌وى دیموكراسیه‌وه‌.
-ئه‌و رێوشوێنانه‌ى كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر تا ئاستێك شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى روونن. ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ كه‌ ژماره‌ى ده‌ستبه‌سه‌ره‌كان و ده‌ستگیركراوه‌كان و سڕكراوه‌كان و ده‌ركراوه‌كان له‌ هه‌موو كه‌رت و بواره‌كاندا بزانین و بیشتوانین ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یش بزانین كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ژمارانه‌دا دێن. ئه‌مه‌یش تێبینییه‌كه‌ كه‌ جێگه‌ى سه‌رنجى ئێمه‌یه‌ له‌ دنیاى عه‌ره‌بدا، چونكه‌ لێره‌یش هه‌مان ئه‌و رێوشوێنانه‌ پیاده‌ ده‌كرێن و به‌ زیادیشه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌ (نهێنى) و شاراوه‌یى ده‌مێننه‌وه‌ و ده‌درێنه‌ ده‌ست مه‌زه‌نده‌ و خه‌مڵاندن، ئه‌مه‌یش ره‌نگه‌ ته‌واو یاخود هه‌ڵه‌ بێت.
-مامه‌ڵه‌ى میدیا له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت میدیا ده‌ره‌كى و عه‌ره‌بیه‌كان، دوو رێگه‌یان گرت: یه‌كه‌میان، به‌ شه‌خسیكردن و دووه‌میان به‌ ئه‌هریمه‌نكردن. هه‌موو تیره‌كانیش سه‌رۆك ئه‌ردۆغان-یان كرده‌ ئامانج و دواتر هه‌موو شه‌ڕخوازیه‌كه‌یان دایه‌ پاڵى. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یش وه‌نه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌وڵى كوده‌تاكه‌دا ده‌ستى پێكرابێت، چونكه‌ لانیكه‌م به‌ درێژایى دووساڵىرابردوو ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رده‌وام بووه‌. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌پێش داگیركردنه‌كه‌ى عێراقدا، سه‌رۆك سه‌دام حسێنبه‌ ئیبلیسكرا و پێش ئه‌ویش تاڕاده‌یه‌ك سه‌رۆك جه‌مال عه‌بدولناسر. كه‌چى هیچ شتێكى وا له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك) به‌شار ئه‌سه‌ددا نه‌كرا كه‌ بكوژ یاخود هۆكارى كوشتنى نیو ملیۆن سورى و وێرانكردنى هه‌موو وڵاته‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یدا.

سێیه‌م:
تێبینییه‌كى دیكه‌ى گرنگ، ئه‌و نووسینانه‌ن كه‌ له‌ رۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ى توركى كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ شكستپێهێنانى هه‌وڵه‌ كوده‌تاییه‌كه‌دا، هه‌ندێكیشیان په‌نایان برده‌به‌ر شێواندنى ئه‌و رۆڵه‌ یاخود ساده‌ و ئاسایى كردنى. له‌م باره‌یه‌وه‌ وتیان ئه‌وانه‌ى پشتیوانیى ئه‌ردۆغان-یان كرد (میلیشاكانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان) بوون. ئه‌وه‌یشم خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌یگوت ململانێى توركیا ئیسلامى-ئیسلامیه‌ كه‌ پێشتر ئیسلامى- عه‌لمانى بووه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ى دیكه‌ى دوور له‌ زانیارى و پڕ له‌ خه‌یاڵ. یان خوێندنه‌وه‌گه‌لێكى رووداوه‌كه‌ به‌ رق و دژایه‌تیى سیاسیانه‌ نه‌ك په‌یوه‌ست به‌ لێكه‌وته‌كانى واقیعه‌كه‌وه‌. گه‌رچى ده‌زانم به‌شى هه‌ره‌زۆرى ئه‌و باسانه‌ ئه‌وه‌نده‌ جێگه‌ى رامان و لێوردبوونه‌وه‌ نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ و جێى تێبینى له‌سه‌ر دانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ى جیهانى عه‌ره‌بى تێكچوون، چونكه‌ وێناى ئه‌وه‌یان بۆ ناكرێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌ستێت و به‌رگرى له‌ رژێمى وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن. لاى ئێمه‌ واباوه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیه‌كان ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن. خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بینیبێتمان كه‌ جه‌ماوه‌رێكى زۆر بڕژێنه‌ شه‌قامه‌كان بۆ رووخاندنى رژێمێك وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ جووڵه‌ى (به‌هارى عه‌ره‌بى)دا دیمان، نه‌ماندیووه‌ كه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ رژێمى وڵاته‌كه‌یان. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوى له‌ دیمه‌نه‌كه‌ى توركیا روویدا. بۆیه‌ ئه‌وه‌بوو له‌پاڵ ئه‌و رۆڵه‌ى كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هێزه‌ تایبه‌ته‌كان و پۆلیس گێڕایان، كۆمه‌ڵگه‌یش رۆڵێكى كاراى هه‌بوو له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كوده‌تاكه‌ سه‌ره‌ڕاى فراوانیى بازنه‌ و چوارچێوه‌كه‌ى و په‌نابردنه‌به‌ر هێزگه‌لێك كه‌ ناكرێ له‌ قورساییان كه‌مبكرێته‌وه‌ (فڕۆكه‌ به‌نموونه‌).
ئه‌وه‌بوو حزبه‌كان و ده‌زگاكانى راگه‌یاندن به‌ توندیى چوونه‌ پاڵ شه‌رعیه‌ت و دیموكراتیه‌وه‌، به‌ڵام ده‌رچوونى هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ى جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكانى چینى ناوه‌ند كه‌ ئه‌م رژێمه‌ى ئێستا ژیانى گۆڕیون و خه‌ونه‌كانى بووژاندونه‌ته‌وه‌، وه‌ك پێویست روناكیى نه‌خرایه‌سه‌ر.
هه‌ڵوێستى چینى سیاسیى زانراوبوو كه‌ ده‌یزانێت ده‌سه‌ڵاتى عه‌سكه‌ر چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت و چاره‌نووسى دیموكراسیى چى ده‌بێت ئه‌گه‌ر كوده‌تاكه‌ سه‌ركه‌وتووبوایه‌، به‌ڵام خه‌ڵكانى ئاسایى كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م ده‌ ساڵه‌ى دواییدا داهاتى سێ قات زیادى كردووه‌، بیركردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ جووڵاندوویه‌تى و هانیداوه‌ كه‌ به‌رگرى له‌خۆى و پاشه‌ڕۆژى بكات، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى راسته‌قینه‌ى له‌ به‌رده‌وامیى رژێمه‌كه‌ و به‌رگری لێكردنیدایه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌درێژایى شه‌وى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى كوده‌تاكه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان مایه‌وه‌ و هه‌ندێكیان رێگرییان له‌ جووڵه‌ى تانكه‌كان كرد به‌راكشانیان له‌به‌رده‌میاندا یاخود رێگریى لێكردنیان به‌ دانانى ئۆتۆمبێله‌كانى خۆیان له‌ڕێى تانكه‌كاندا. هه‌ندێكیشیان له‌به‌رده‌م قادرمه‌ى فڕینى فڕۆكه‌كاندا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ریزیانبه‌ست بۆ ئه‌وه‌ى نه‌هێڵن كوده‌تاچییه‌كان به‌كاریبێنن دواى ئه‌وه‌ى باره‌گاى پارله‌مانیان بۆردوومانكرد و باره‌گاى هێزه‌ تایبه‌تیه‌كانیان كرده‌ ئامانج كه‌ 50 كه‌سیان تێداكوشت.

چواره‌م:
له‌وه‌وه‌ كه‌ تائێستا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرابووه‌ كه‌ ئاماده‌كاریى بۆ كوده‌تاكه‌ ورد و پته‌و بووه‌ و لایه‌نگره‌كانى له‌ به‌ربڵاوترین پێگه‌ و جومگه‌كانى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازى و مه‌ده‌نیه‌كانیدا هه‌بووه‌، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ كاتێكى زۆرى خایاندووه‌ و هه‌وڵێكى لێبڕاوانه‌ى بۆ دراوه‌.
ئه‌مه‌یش له‌ دوو گۆشه‌وه‌ جێى سه‌رنجه‌:
-پرۆسه‌كه‌ زۆر  گه‌وره‌تره‌ له‌ گروپى (خزمه‌ت) كه‌ فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن-ى بانگخواز سه‌رۆكایه‌تیى ده‌كات و ئێستا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نیشته‌جێیه‌. ده‌كرێت وا دابنرێت كه‌ گروپه‌كه‌ ده‌ستى تێیدا هه‌بێت، چونكه‌ وه‌ك ده‌زانرێت لایه‌نگرانى به‌ هه‌موو جومگه‌ سه‌ربازى و مه‌ده‌نیه‌كانى ده‌وڵه‌تدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پرۆسه‌كه‌ له‌و گروپه‌ گه‌وره‌تره‌ و ده‌كرێت به‌شداربووبێت یاخود به‌كارهێنرابێت، به‌ڵام ناچێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا خۆى هه‌ڵسوڕێنه‌ر و بزووێنه‌رى سه‌ره‌كیى بووبێت وه‌ك گوتارى سیاسیى توركیا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات.
-رێكخستنى پرۆسه‌یه‌كى به‌وجۆره‌ گه‌وره‌یه‌، بێگومان وه‌ختێكى زۆرى ده‌وێت، ئه‌گه‌ر ئاشكرانه‌بێت هه‌تا ئه‌وكاته‌ى كه‌ ده‌ست پێده‌كات و تانكه‌كان به‌ كرده‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ شه‌قامه‌كان، ئه‌مه‌ ماناى وایه‌ كه‌مته‌رخه‌مى له‌ هه‌واڵگریدا هه‌یه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌ كاتى گونجاوى پێویستدا سه‌ره‌ داوه‌كانى بدۆزێته‌وه‌ و دواى بكه‌وێت.
دوا تێبینیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ى تا ئێستا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌رده‌ست، ته‌ركیزیان له‌سه‌ر هه‌وڵى ناوخۆییه‌ له‌ ئه‌نجامدانى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌دا و باس له‌ رۆڵى ده‌ره‌كیى له‌ پرۆسه‌كه‌دا ناكرێت.عه‌قلیش ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات كه‌ رووداوێكى ئاوا له‌ وڵاتێكى گه‌وره‌ى وه‌ك توركیادا رووبدات بێ ئه‌وه‌ى جۆره‌ تێگه‌یشتنێكى ده‌ره‌كیى بۆ نه‌كرابێت، لانیكه‌م له‌به‌ر دابینكردنى به‌رژه‌وه‌ندیی. ئه‌وه‌بوو هوتافكێشانه‌كانى ئیسرائیلمان بیست بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى كوده‌تاكه‌، له‌سه‌ره‌تایشدا واشنتۆن پێشوازیى لێكرد، دواتر تێبینى ئه‌وه‌مان كرد كه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى تورك ئاماژه‌یاندا به‌ هاندانى ئه‌مریكى بۆ كوده‌تاچییه‌كان. به‌ڵام لێره‌دا نیشانه‌ى پرسیار ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستى هه‌ندێك لایه‌نى عه‌ره‌بى. ئه‌وه‌بوو پێگه‌ى (میدڵ ئیست ئاى- چاوى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست) راپۆرتێكى له‌ 29/7 دا بڵاوكرده‌وه‌ و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ى ورووژاند. راپۆرته‌كه‌ باسى له‌ رۆڵى عه‌ره‌ب له‌ په‌یوه‌ندیى به‌ هه‌وڵه‌كه‌وه‌ كردووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌ڕێى سه‌رمایه‌دارێكى فه‌له‌ستینیى دانیشتووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، پاره‌ى كه‌نداو حه‌واڵه‌ى فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن- ى نیشته‌جێى پێنسلڤانیا ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا زانیاریی بووه‌و به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ سه‌لماندنى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و به‌شه‌ى كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ رۆڵى ده‌ره‌كییه‌وه‌، ده‌كرێت له‌ هه‌فته‌كانى داهاتوودا روون ببێته‌وه‌. زانیاریگه‌لێك كه‌ ره‌نگه‌ تووشى سه‌رسوڕمانمان بكات و بیرمان لێى نه‌كردبێته‌وه‌. له‌م باره‌یه‌یشه‌وه‌ هه‌ر هێنده‌مان له‌سه‌ره‌ كه‌ چاوه‌ڕێ بین بۆ ئه‌وه‌ى بزانین لێكۆڵینه‌وه‌كان و زانیارییه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان چیمان پێده‌ڵێن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure