كوده‌تا ناكامه‌كه‌ى توركیا ئه‌و هه‌ڵمه‌تى پاكسازیه‌ى پێشخست كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئاماده‌كاریى بۆ ده‌كرێت

بۆچوون / بیروڕا :: 31/07/2016

وه‌رگێڕان: ئاوات عه‌بدوڵـڵا
شه‌و داهات و پشووى كۆتایى هه‌فته‌ ده‌ستى پێكرد، به‌ڵام سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگریى توركیا(میت) له‌ باره‌گا سه‌ره‌كیه‌كه‌ى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر كاركردن، بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و زانیارییانه‌ى باسیان له‌ جموجۆڵێكى نائاسایى سه‌ربازیى ده‌كرد له‌ سه‌رانسه‌رى وڵاتدا. 


به‌ گوته‌ى كاربه‌ده‌ستێكى میت كه‌ له‌وكاته‌دا له‌ناو باره‌گاى سه‌ره‌كیى (میت) دا بووه‌:"له‌ناكاو، ده‌نگى ته‌قه‌ بیسترا و چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى هێلیكۆپته‌ر ده‌روازه‌كانى باره‌گاى(میت)یان بۆردوومانكرد. له‌كاتێكدا پاسه‌وانه‌كانى میت ته‌قه‌یان به‌ئاسماندا ده‌كرد ، یه‌كێك له‌ هێلیكۆپته‌ره‌كان له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوو له‌ ته‌نیشت ئه‌و باره‌گایه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌ و چه‌ند هێلیكۆپته‌رێكى تریش په‌تیان شۆڕده‌كرده‌وه‌ بۆ دابه‌زاندنى كۆماندۆزه‌كان".

كوده‌تاكه‌ خاڵێكى وه‌رچه‌رخان بوو بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ده‌درێن بۆ ركێفكردنى ده‌وڵه‌تى توركیا. لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان ناسراون:لایه‌نگرانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیاندا له‌ناو سوپاى توركیا و شوێنكه‌وتوانى فه‌تحوڵـڵا گیوله‌ن، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ ئایینیه‌ى له‌ مه‌نفاكه‌یه‌وه‌ له‌ پێنسڵڤانیا، رابه‌رایه‌تیى بزووتنه‌وه‌یه‌كى نهێنیى ئایینیى ده‌كات.

ده‌مێكبوو میت نیگه‌رانیى ئه‌وه‌ى لا دروست بووبوو كه‌ خه‌ریكه‌ تابورى پێنجه‌م له‌ناو ده‌وڵه‌تى توركیادا دروست بێت و له‌و چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى بوون له‌سه‌ر ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیى توركیا  كه‌ گومانى ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرا له‌ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌، یاخود په‌یوه‌ندییان به‌ گیوله‌نه‌وه‌ هه‌بێت. 

وه‌ك چۆن ئه‌و شه‌وه‌ شه‌وێكى خوێناوى و پێشبینینه‌كراو بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ عاقیبه‌ته‌كه‌یشى جێى تێڕامان بوو. ئه‌ردۆغان شاڵاوێكى پاكسازیى ده‌ستپێكرد و مۆرى ناپاكیى نا به‌ ناوچاوانى ده‌یان هه‌زار كارمه‌ندى ده‌وڵه‌ته‌وه‌. 

له‌كاتێكدا كاربه‌ده‌ستانى توركیا ده‌ڵێن لایه‌نگرانى گیوله‌ن بوونه‌ته‌ سه‌ره‌ڕمى ئه‌و پیلانه‌، به‌ڵام هێشتا رووننه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ داخۆ ئه‌و هه‌وڵى كوده‌تایه‌ له‌لایه‌ن خودى گیوله‌نه‌وه‌ بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌ یاخود ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى توركیدا پشتیوانییان لێكراوه‌. له‌كاتێكدا گیوله‌ن  هه‌ر جۆره‌ تێوه‌گلانێكى له‌و كوده‌تایه‌وه‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ نزیكمه‌ودادا، ئه‌و شاڵاوى پاكسازییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لێكترازان له‌ ده‌وڵه‌تێك ده‌كات كه‌ خۆى له‌خۆیدا دابه‌ش بووه‌ و دووچارى به‌ڵاى بێ متمانه‌یى و ناسه‌قامگیرى بووه‌.

له‌ دوورمه‌ودایشدا، ئه‌و شاڵاوه‌ ره‌نگه‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى توركیاى  لێ بكه‌وێتـه‌وه‌. له‌ئێستادا باس له‌ پێكهێنانى چه‌ند لیژنه‌یه‌ك ده‌كرێت كه‌ ده‌ستیان كراوه‌ ده‌بێت له‌ ته‌خوینكردن یاخود بێ تاوانكردنى تۆمه‌تباران، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ زیاتر و زیاتر بكات و هاووڵاتییان له‌دژى یه‌كترى تیژ بكات.

محه‌مه‌د شیمسه‌ك، جێگرى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى توركیا رۆژى 5 شه‌ممه‌ به‌ په‌یامنێرانى راگه‌یاند پێشبینى ده‌كرێت چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكى پایه‌به‌رز سه‌رپشك بكرێن بۆ پێكهێنانى ئه‌و لیژنانه‌.

له‌ هه‌وڵێكدا بۆ شرۆڤه‌كردنێكى مێژووییانه‌ى ئه‌و پێشهاته‌، مێژووناس و پسپۆرانى بواره‌كه‌ ئه‌و شاڵاوى پاكسازیه‌یان چواندووه‌ به‌ شۆڕشه‌ كولتوریه‌كه‌ى ماو تسی تۆنگ له‌ شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و شۆڕشى ئیسلامیى ئێران له‌ ساڵى 1979دا.

هێنرى جه‌ى باركى، كه‌ پسپۆرێكى كاروبارى توركیا و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رنامه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیشه‌ له‌ ناوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تیى وودرۆ ویڵسن، له‌وباره‌یه‌وه‌ى ده‌ڵێت: ده‌كرێت بارودۆخى ئێستاى توركیا له‌گه‌ڵ (ماو) و شۆڕشه‌كه‌ى ئێراندا به‌راورد بكرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ شۆڕش بوون و له‌ شۆڕشیشدا ئه‌وه‌ رێى تێده‌چێت.  وتیشى: ئه‌و پرسیاره‌ى خۆى ده‌سه‌پێنێت ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئه‌ردۆغانیش شۆڕشى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌؟ له‌كاتێكدا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ستراكچه‌رى ده‌وڵه‌تى توركیا له‌ بنچینه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنێت.

ئه‌وه‌ش مه‌ترسیى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت شاڵاوێكى هاوشێوه‌ى شاڵاوى راوه‌دوونانه‌كه‌ى سه‌رده‌مى (ماك كارتى) له‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵانى په‌نجاكانى، به‌دوادابێت.

سیستمى په‌روه‌رده‌ى وڵات هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌ستى بۆ براوه‌، ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى ده‌یان هه‌زار مامۆستا له‌ كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ و سه‌رجه‌م راگرى زانكۆكانیش كه‌ ژماره‌یان 1500 كه‌س ده‌بێت، داوایان لێكراوه‌ ده‌ست له‌كاربكێشنه‌وه‌.

ئوگور تانیه‌ڵ، راگرى كۆلێژى ئه‌ندازیارى له‌ زانكۆى (بیڵگى) له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ڵێت: هیچ زانیارییه‌كمان پێ نه‌دراوه‌ كه‌ چاره‌نووسمان چى لێدێت، داوایان لێكردین ده‌ست له‌كاربكێشینه‌وه‌ و ده‌ستمان له‌كاركێشایه‌وه‌.

مایه‌ى سه‌رسامییه‌كى زۆر بوو كه‌ چۆن حكومه‌ت به‌و ده‌موده‌سته‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ى وه‌ك خیانه‌تكار پۆڵێنكرد. به‌ گوته‌ى هه‌ندێك له‌ كاربه‌ده‌ستانى توركیا، وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك ئاماده‌كاریى بۆ كردووه‌.

 كاربه‌ده‌ستانى حكومه‌ت راشكاوانه‌ ئه‌وه‌یان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌وڵى كوده‌تاكه‌، سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى لیست بوون به‌ناوى كاربه‌ده‌ستانى سه‌ربازى و كاربه‌ده‌ستانى ترى ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانه‌ى گومانیان لێ ده‌كرێت لایه‌نگرى گویله‌ن بن.

جێگرى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى توركیا له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ى پێویستیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ بۆ تۆمه‌تباركردنیان له‌به‌رده‌م دادگادا، هه‌وڵیانداوه‌ به‌ تێپه‌ڕینى كات ئه‌و كه‌سانه‌ له‌كاره‌كانیان دووربخه‌نه‌وه‌.

وتیشى ئێمه‌ زانیاریى زۆرمان له‌به‌رده‌ستدا بوو، به‌ڵام نه‌ بنه‌مایه‌كى یاساییمان شك ده‌برد و نه‌ كاتى ئه‌وه‌یشمان هه‌بوو تا لایه‌نگرانى گیوله‌ن له‌ حكومه‌ت دووربخه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌مان بۆ هه‌ڵنه‌به‌ستوون،و ئه‌مه‌ زنجیره‌ فیلمه‌كانى (جه‌یسن بۆرن) یش نیه‌. ئه‌وان چه‌ندین شانه‌ و تۆڕى كاركردنیان هه‌یه‌ و بانقێكیشیان هه‌یه‌ و سه‌رچاوه‌ى دارایى  گه‌وره‌شیان له‌به‌رده‌ستدایه‌.

به‌گوته‌ى كاربه‌ده‌ستێكى ئه‌منى كه‌ له‌كاتى بۆردوومانكردنى باره‌گاكه‌ى (میت )دا له‌وێ بووه‌، ئه‌مساڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌ گوڕوتینیان پێدرا، كاتێك میت كه‌ناڵێكى په‌یوه‌ندیكردنى نهێنییان  ده‌ستگیركرد كه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانى گیوله‌نه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرا و ده‌یان هه‌زار ناو و ژماره‌ى ناسنامه‌ى له‌خۆگرتبوو.

لیسته‌كه‌ ناوى 600 ئه‌فسه‌رى سوپاى تێدابووه‌ و به‌نیاز بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى ئه‌فسه‌رانى سوپا له‌ مانگى ئابدا، له‌سه‌ر كار لابدرێن. به‌ڵام لایه‌نگرانى گیوله‌ن به‌و پلانه‌یان زانیوه‌، هه‌ربۆیه‌ پێشوه‌خت كوده‌تاكه‌یان ئه‌نجامداوه‌ بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رامه‌ى حكومه‌ت.

به‌گوته‌ى چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكى حكومه‌ت، بڕیاربوو كوده‌تاكه‌ سه‌عات 3 ى سه‌رله‌به‌یانیى رۆژى 16 ى ته‌موز ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و شه‌وه‌ عابیدین ئه‌ناڵ  فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانیى توركیا و چه‌ند ئه‌فسه‌رێكى پایه‌به‌رزى تر، بانگهێشتى ئاهه‌نگێكى زه‌ماوه‌ند كرابوون له‌ ئه‌سته‌مبوڵ.

به‌ڵام له‌ پاشنیوه‌ڕۆى 15 ى ته‌موزدا، ده‌زگاى هه‌واڵگرى زانیاریى به‌ده‌ست گه‌یشتبوو سه‌باره‌ت به‌ جموجوڵێكى نائاسایى له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ربیى له‌ (گوڤه‌رجینڵیك) له‌ باشورى خۆرئاواى توركیا. ئه‌و ئێواره‌یه‌، هاكان فیدان سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ژه‌نه‌راڵ خوڵوسى ئاكار  سوپاسالارى توركیا و جێگره‌كه‌ى و فه‌رمانده‌ى گشتیى سوپاى، له‌و زانیارییانه‌ ئاگاداركرده‌وه‌ .

به‌ڵام پێناچێت ئه‌ردۆغانى له‌و جموجوڵانه‌ ئاگاداركردبێته‌وه‌. ئه‌ردۆغان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فزیۆنییدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ كه‌ دواى چه‌ند سه‌عاتێك له‌لایه‌ن زاواكه‌یه‌وه‌ له‌و هه‌وڵه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ركاتێك پێیزانیبێت، له‌كاتێكى گونجاودا زانیوویه‌تى: توانى خۆى له‌ هێزێكى كۆماندۆز بدزێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركى ده‌ستگیركردنى ئه‌ویان پێ سپێردرابوو له‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى له‌ هاوینه‌هه‌وارێكى سه‌ر ده‌ریاى مه‌رمه‌ره‌.

به‌گوته‌ى چه‌ند كاربه‌ده‌ستێكى  ئه‌منى، پێده‌چێت كوده‌تاچیه‌كان دركیان به‌وه‌كردبێت كه‌ پلانه‌كه‌یان ئاشكرابووه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ په‌له‌پروزێ و له‌شه‌وى هه‌ینیدا كوده‌تاكه‌یان ئه‌نجامدا و له‌رێى (وه‌تس ئه‌پ)ه‌وه‌ له‌سه‌رانسه‌رى وڵاته‌وه‌ هاوئاهه‌نگییان له‌گه‌ڵ یه‌كتریداكرد.

له‌كاتیكدا سوپا پرده‌كانى ئه‌سته‌مبوڵی داخست و فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان ده‌نگیان كردبووه‌ و به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا ده‌فڕین، سه‌ربازه‌ یاخیبووه‌كان  له‌سه‌رانسه‌رى ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ناوه‌نده‌كانى حكومه‌ت و ئه‌و سێ فه‌رمانده‌ باڵایه‌ى سوپایان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد كه‌ له‌و پاش نیوه‌ڕۆیه‌دا له‌و هه‌وڵه‌ ئاگاداركرابوونه‌وه‌. به‌ڵام پاسه‌وانه‌كانى باره‌گاى هه‌واڵگرى به‌رپه‌رچى هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌.

جه‌ماله‌دین حازمى راوێژكارى بنالى یڵدرم سه‌ره‌ك وه‌زیرانى توركیا ده‌ڵێت بۆچوونى سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیران له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌ باڵاكان له‌و هه‌وڵه‌وه‌ گلابن، ئه‌وا هیچ ناكرێت. 

كاتێیش ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌ركردایه‌تیى سوپا له‌پشت ئه‌و كوده‌تایه‌وه‌ نین، حازمى هه‌وڵیدا به‌ره‌و په‌رله‌مان به‌ڕێ بكه‌وێت، له‌وێ زانیى كه‌ په‌رله‌مانیش بۆردوومان كراوه‌ و سه‌ربانه‌كه‌ى كون بووه‌ و خۆڵ و غوبار رێڕه‌وه‌كانى داپۆشیوه‌.

ئه‌ردۆغان له‌ وته‌یه‌كیدا له‌رێى فه‌یس تایمه‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌ناڵى سى ئێن ئێن توركه‌وه‌ په‌خشكرا، داواى له‌ لایه‌نگره‌كانى  كرد بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌وه‌بوو هاووڵاتیان و پۆلیس و ئه‌و هێزانه‌ى سوپا كه‌ لایه‌نگرى ئه‌ردۆغان بوون، ده‌ستبه‌كاربوون بۆ دامركاندنه‌وه‌ى كوده‌تاكه‌.

ئه‌ردۆغان گه‌ڕایه‌وه‌. لێشاوى پاكسازییش هه‌ر به‌ته‌نیا دژى لایه‌نگرانى گیوله‌ن ده‌ستى پێنه‌كرد، به‌ڵكو دژى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یش بوو كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ حكومه‌ت ده‌گرت. هه‌ندێك له‌و كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌كادیمیانه‌ى هه‌ر ئه‌مساڵ یاداشتنامه‌یه‌كیان واژۆ كرد بۆ ناڕه‌زایى ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌ى كه‌ حكومه‌ت له‌دژى په‌كه‌كه‌ ده‌ستى پێكرده‌وه‌، ره‌وانه‌ى ماڵه‌كانیان كرانه‌وه‌.

ستیڤن ئه‌ى كوك ، كه‌ پسپۆرێكى كاروبارى توركیایه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌، پرسیارێكى ساده‌ى كرد: كێ زانكۆكان به‌ڕێوه‌ ده‌بات؟ ئه‌و زانكۆیانه‌ شه‌ش تا حه‌وت هه‌فته‌ى تر ده‌كرێنه‌وه‌.

به‌ڵام هیچ كه‌س وه‌ڵامه‌كه‌ى نازانێت.

ئێما سینكڵه‌یر وێب به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى توركیا له‌ رێكخراوى هیومان رایتس ۆچ، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: پاكسازیكردن له‌ سیستمى په‌روه‌رده‌دا، ئه‌و سیستمه‌ى كه‌ زۆر له‌وه‌وه‌ دووره‌ په‌لامارى فڕۆكه‌ یا تانكێك بدات و كوده‌تایه‌ك بكات، نازانم  وڵاتێكى ئاوا چۆن به‌ڕێوه‌ده‌برێت!.

كاربه‌ده‌ستانى حكومه‌تى توركیا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌تى پاكسازییه‌ رێوشوێنێكى ئه‌منیى پێویسته‌ بۆ رێگریكردن له‌ توندوتیژیى زیاتر. به‌ڵام خێرایى و ئاستى ئه‌و رێوشوێنانه‌ گه‌لێك كه‌س و لایه‌نى نیگه‌ران كردووه‌.

ئۆپۆزیسیۆنى توركیا و عه‌لمانیه‌كان  و ناسیۆنالیسته‌كان  و كوردیش، به‌ئاشكرا لایه‌نگریى خۆیان بۆ حكومه‌ت له‌دژى ئه‌و كوده‌تایه‌ راگه‌یاند، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانن. زۆریك له‌ نه‌یارانى ئه‌ردۆغان هاوسۆزییه‌كى ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كه‌ى گیوله‌ندا نیه‌، كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ هاوپه‌یمانێكى سیاسیى نزیكى ئه‌ردۆغان بووه‌.

مه‌تین فه‌یزئۆغڵو سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى پارێزه‌رانى توركیا، كه‌ ئه‌ندامى حزبێكى عه‌لمانیی سه‌ره‌كیى ئه‌و وڵاته‌یشه‌ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئه‌وانه‌ ده‌ناسین، ئه‌و تایه‌فه‌ ئایینیه‌ چاك ده‌ناسین. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ چۆن گیوله‌نیسته‌كان سیستمى دادى وڵاتیان په‌كخستووه‌.

ئه‌و نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى ئه‌و پاكسازییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك فراوان بكرێت كه‌ توركه‌ عه‌لمانیه‌كان و لایه‌نه‌كانى تریش بگرێته‌وه‌ و ببێته‌ شاڵاوێكى شێلگیرانه‌.

له‌و كاته‌وه‌ى كوده‌تاكه‌ پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌، لایه‌نگرانى ئه‌ردۆغان رێپێوانى فراوانیان له‌ چه‌ندین شارى توركیادا ئه‌نجامداوه‌ و شكستى ئه‌و كوده‌تایه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنى دیموكراسى وه‌سفكردووه‌.

ئه‌و پێشهاته‌ى توركیا ده‌سه‌ڵاتێكى زیاترى بۆ ئه‌ردۆغان ده‌سته‌به‌ركرد و پێگه‌ى جه‌ماوه‌رییشى پته‌وتر كرد. ئه‌ردۆغان ده‌رفه‌ته‌كه‌ى قۆسته‌وه‌ بۆ فراوانكردنى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنى خۆى له‌ناو ئیسلامیه‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا. فاروق ئاكایا كه‌ له‌ كه‌رتى گه‌شتیاریدا كار ده‌كات به‌ناوى هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كیك له‌و رێپێوانانه‌دا به‌شدارییان كردبوو وتى: لێره‌ ناڕۆین تا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پیمان نه‌ڵێ بڕۆنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: نیویۆرك تایمز

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure