په‌نجه‌ى په‌شیمانى

بۆچوون / بیروڕا :: 31/07/2016

+ ماشه‌ڵـڵا كه‌ ئه‌م مانگى حه‌وته‌ درێژ بوو به‌گم!!
-راست ئه‌كه‌ى وه‌ڵـڵا. ره‌مه‌زان هات و رۆى هه‌ر ته‌واو نه‌بوو.
+ هه‌ر ره‌مه‌زان نا قوربان.. ره‌شه‌با دوو سێ هه‌فته‌ گڤه‌گڤى كرد و دارى شكاند، كه‌چى ته‌موز ته‌واو نه‌بوو.
-له‌ توركیا ئینقیلابیان كرد و فه‌شه‌لیان هێنا، مانگى حه‌وت هه‌ر ته‌واو نه‌بوو.
+ فوئاد حسێن چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ى كرد و چه‌ند خۆى له‌ په‌یامنێره‌كان شارده‌وه‌، مانگى حه‌وت هه‌ر نه‌ڕۆى.
-هه‌ر ئه‌وه‌ نا رۆڵه‌، حكومه‌تى قوڕبه‌سه‌ر شه‌ش حه‌وت نه‌وع عوتڵه‌ى داهێنا، مانگى حه‌وت هه‌ر له‌جێى خۆى مایه‌وه‌.
+ ئافره‌تێكى خزممان له‌ 30/6 شوویكرد ئه‌ڵێن ئێستا ماشه‌ڵـڵا سكى هه‌شت مانگه‌.
-جا تۆ بڕوا به‌و قسه‌یه‌ ئه‌كه‌ی كه‌لـله‌پووت!.
+ به‌ڵێ بڕوائه‌كه‌م و پڕ به‌ده‌نگى خۆم.....
-هێواش هێواش هه‌تیو.. ئه‌وه‌ چیته‌؟ بۆ ئه‌قیڕێنى؟.
+ عه‌فوم كه‌ گه‌وره‌م حه‌ماسه‌ت گرتمى.
-باشه‌ ئه‌وه‌ حه‌ماسه‌ت قه‌ینا، ئه‌ى په‌نجه‌ت بۆ رائه‌وه‌شێنى؟!.. جارێكى تر په‌نجه‌ت له‌به‌رده‌مى مندا به‌رزبكه‌یته‌وه‌ به‌ مقه‌ستى باخه‌كه‌ بۆت ئه‌قرتێنم.
+ چۆن دڵت دێ قوربان ئه‌و په‌نجه‌یه‌ زۆر خزمه‌تى كردویت.
-خزمه‌تى من؟!
-به‌ڵێ .. له‌ ئینتیخاباته‌ میراتیه‌كه‌دا ئه‌م په‌نجه‌ى په‌شیمانه‌ مۆره‌كه‌ى بۆ لێ دایت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure