شێتی ئەم جیهانە بە کردەوە و بە قسە

بۆچوون / بیروڕا :: 30/07/2016

نوسینی: حازم ساغییە
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
مرۆڤ کە گوێ لە ترامپ و لۆبن و فیڵدەرز دەگرێت تێبینی قاموسێکی دەوڵەمەندی ئەمنی دەکات: دەرکردن، ڕێگری، سیخوڕی، پشکنین، زیندانیکردن(زیندانیکردنی هیلاری کلینتۆن) گێڕانەوەی پەنابەر و کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون، هەڵچنینی دیوار... کە ئەمەش زمانێكە گەشەی کردووە بە تەریبی لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە لە ئاستێکی بەربڵاودا پێیان دەگوترێت شێتی و وێناکردنی کارە توندوتیژە ڕوو لە زیادبوونەکانن کە هەر جارەی لە شوێنێک ڕوودەدەن. ئەگەر ڕاست بێت و ناوچەکەمان کۆچبەرەکانی پشکی شێریان بەربکەوێت لەم شێتییەدا، کە مەراقە تایبەتەکەی خۆی دەخاتە سەر کوێرەوەری و گیروگرفتەکانی گەردوون، ئەوەش ڕاست دەردەچێت کە مەسەلەکە ئێمە تێدەپەڕێنێت و لە وڵاتانی دیکەی وەک ژاپۆن و هەروەها قوڵایی ئەمریکا دەدات.
شێتییەکە، لەم واتایەدا ئەوەیە کە بەتەواوی هەموو شێوازەکانی هاوکاری تێکدەشکێنن، کە دەرەنجامی شکستهێنانی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکانن لە قەناعەتپێکردن و ناچارکردندا. هەر هێندە بەسە کە تێبینی بکەین توێژێکی تەواوی واتاکان کە لەو وڵاتەوە دەست پێ دەکەن و بە سۆشیالیزم و چەپ و ڕاست و خۆشگوزەرانیدا تێدەپەڕن و بە دیموکراسی و سیاسەت کۆتاییان دێت ماوەی چەندین ساڵە دەهەژێن و بگرە خەریکن لەناودەچن.
سەردەمە بەجیهانیبووەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات، بەو دەوڵەمەندییە گەورەیەی کە دروستی کرد و لەگەڵیدا سێ هەژاری هاتنە کایەوە: هەژاری ئابووری لە دابەشکردندا و پاشەکشەکردنی یەکسانی لەسایەی لیبڕالیزمی نوێی سەرکەوتووەوە. هەژاری دووهەم سیاسییە کە پێکهاتە و شێوازە حیزبی و هەڵبژاردەییەکان  کەمتر نوێنەری ڕاستەقینەن و بڕیاردان لەجاران زیاتر دوورە لە ویستی میللەتانەوە. سێیەمین هەژاریش هەژاری هزرە کە بەرجەستە دەبێت لە هەرەسهێنانی (گێڕانەوە گەورەکاندا) بەبێ دروستبوونی هزری ئەڵتەرناتیڤ کە بتوانێت ڕێ بکات لەگەڵ بابەت و مەسەلە تازەکانی قۆناغی پاش پیشەسازی و هەروەها ئەقڵی گشتی و ئەقڵی تاکیش جەمسەربەندی بکات. بەمشێوەیە بۆچوونێکی ڕێژەیی وا هاتە کایەوە و دێتە کایەوە کە ترسناکترین شت تیایدا بێبەریکردنی مرۆڤایەتییە لە سەرچاوەی ڕۆشنگەریی. جا لەبەرئەوەی کۆچبەرەکان نەیارێکی ئاسان و بینراوی ئەو کەسانەن کە گۆڕانکارییە مەزنە تەکنەلۆجییەکە زەبری پێگەیاندوون و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو سێ هەژارییەی باسمان کردن ئەوا کۆچەکەیان بووەتە گوشارێک لەسەر ناکۆکییە باسکراوەکان. چونکە شانبەشانی زیادبوونی ژمارەیان، هۆکارە کۆنەکانی تێکەڵاوبوونیش لەناوچوون کە بریتی بوون لە حیزب و سەندیکا و کەرتی پەروەردەی گشتی، لەکاتێکدا کە دووری نیشتەجێبوون لە هەندێک میترۆپۆلی جیهانی یەکەمدا ڕوو لە هەلکشانە. بەمشێوەیە ڕێگە چۆڵکرا بۆ کەنیسەکان و گرووپە دینی و ئیتنییەکان کە رۆڵی چاودێریکردن بگێڕن، رۆڵێک کە دەتوانێت هەندێک کێشەی دەستبەجێی ژیان چارەسەربکات، بەڵام هۆکاری زیاتر دەدات بەدەستەوە سەبارەت بەنەمانی پرد و پەیوەندییەکان.
ئەگەر پووکانەوەی پانتاییە هاوبەشەکان گۆشەگیربوون بەرجەستە بکات وەک ڕەفتارێکی ناکۆمەڵایەتی کە دەشێت ببێتە مایەی پەروەردەکردنی توندوتیژی، ئەوا زیندووبوونەوەی هەندێک کەرەستە و ڕێگەی سەرەتای کوشتن (چەقۆ و داس و بەژێرەوەکردن) زۆر شتمان پێدەڵێن سەبارەت بەو سەرچاوانەی کە بوونەتە ئیلهامبەخشی ئەو کوشتارانە. لێرەوە و بەبێ گوێدانە ئاستی پەیوەندی ڕاستەوخۆی داعش بە مەسەلە تایبەتییەکانی خۆیەوە دێتە ناو گۆڕەپانەکەوە کە هیچ ناگونجێت لەگەڵ باقی مەسەلە گەردوونییەکاندا، بەڵام داعش هێشتا لەبواری توندوتیژیدا هەریەکەمە و گورجوگۆڵترین و داهێنەرترینە، هەروەها لە گەیاندنیشیدا وەک چۆن خاوەنی ئایدۆلۆجیایەکە واتا دەبەخشێت بە بێ واتایی، جگەلەوەی کە ڕێکخراوێکی ئەوپەڕی نەرمە. ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی وایلێکردووە بتوانێت هەموو گورگێکی تەنیا و هەموو لافلێدانێک بەنوێنەرایەتیکردنی داعش لەخۆبگرێت تەنانەت ئەگەر ئەو لاف لێدانە هیچ سەرچاوەیەکی بەهێزی نەبێت.
بەڵام خاوەنی قسە کوشندەکە کە ترامپ و هاوڕێکانی دەگرێتەوە، زۆر ڕێی تێدەچێت ئەمانە شوێنکەوتووی پۆپۆلیستی نوێ بن کە ساڵی ١٩٤٥ جەنەڕاڵ (خوان پیرۆن) لە ئەرجەنتین دایمەزراند. ئەم ڕەوتەی کە دەتوانین پۆتین و شاڤیز و ئەردۆغانیش بخەینە لیستەکەیەوە ناچێت وەکو فاشیزم دامەزراوە دەستوورییەکان پەکبخات و هێزی نیمچە سەربازیی تەریب دروستبکات. بەڵکو کاربەدەستەکە بەپێی ئەم بیروباوەڕە دەتوانێت هەڵبکات لەگەڵ کۆمەڵە دامەزراوەیەکدا کە بەتاڵکراونەتەوە لە ناوەڕۆک و توانا و فراوانیدا، بەمەش دەیکاتە (نوێنەری گەل) دژی دەنگی کەمینەیەکی ناپاک و گۆشەگیر کە زیندان چاوەڕێیەتی.
بەهەرحاڵ وە لەبەرامبەر ئەو ئاراستەیەی کە لە باردوخۆی پێشووتردا هاتە ئاراوە و بریتی بوو لەوەی خۆرئاوای دیموکرات بکرێتە سەرمەشق، نائەقڵانییەتەکەی ئەم شێتییەی ئێستا لایەنگری بیروبۆچوونەکەی (ماو تسی تۆنگ) دەکات کە دەڵێت (ڕەشەبای خۆرهەڵات ڕەشەبای خۆرئاوا دەبەزێنێت) یان ئەو قسەیەی ئەدۆنیس کە دەڵێت (ئەی خۆرئاوا ڕوخسارت مرد)




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure