ئیدانەی هەر هەڕەشەیەك دەكەم بۆ سەر دیموكراسیەتی توركیا

بۆچوون / بیروڕا :: 26/07/2016

سەرچاوە: نیویۆرك تایمز
لەكاتی هەوڵی كودەتاكەی ئەم مانگەی توركیادا بەتوندترین شێوە ئیدانەی هەوڵەكەم كرد. وتم "دەبێت حكومەتەكان لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەوە بێنە سەر حوكم نەك لەڕێگەی هێزەوە. نزام بۆ توركیا و خەڵكی توركیا و هەموو ئەوانەكرد كە ئێستا لە توركیان تا ئەم بارودۆخە بە ئاشتی و بە زوویی  چارەسەربێت".
سەرباری ئەو ناڕەزاییە توندەشم كە هاوشێوەی راگەیاندنەكانی هەرسێ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا بوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركردە خۆسەپێنەكەی توركیا دەستبەجێ تاوانباری كردم بە پلانداڕێژەری كودەتاكە.داوایكرد ئەمریكا لە ماڵەكەی خۆم لە پەنسلڤانیا كە لە ساڵی 1999ەوە وەك تاراوگەیەكی خۆویستانە لێی دەژیم، رادەستی توركیام بكاتەوە.
پێشنیارەكەی بەڕێز ئەردۆغان تەنیا پێچەوانەی ئەو شتانە نیە كە من باوەڕم پێیەتی، بەڵكو نابەرپرسیارانە و هەڵەشەییە.
فەلسەفەی من بریتیە لە ئیسلامێكی فرە و گشتگیر كە خۆی تەرخان بكات بۆ خزمەتی مرۆڤ بە هەموو بیروباوەڕەكانیەوە و دژی هەموو یاخیبونێكی چەكدارییە. زیاتر لە ٤٠ ساڵ ئەو بزوتنەوەیەی پەیوەندیم پێوەیەتی و ناوی (خزمەت)ە داكۆكی پابەندبوونی خۆی بۆ جۆرێك لە حكومەت دەربڕیوە كە شەرعیەت لە خواستی خەڵكەوە وەرگرێت رێز لە مافەكانی هەموو مرۆڤەكان بگرێت بێ گوێدانە بیروباوەڕی ئاینیان پابەندبوونی سیاسی و نەتەوەییان. ئەوانەی ئیلهامیان لە بەهاكانی (خزمەت) وەرگرتووە لە ١٥٠ وڵاتی جیهان سەرمایەگوزاریان لە پەروەردەی هاوچەرخ و خزمەتی كۆمەڵایەتی كردووە.
لە كاتێكدا دیموكراسیەكانی خۆراوا بەدوای دەنگەكانی موسوڵمانی میانڕەودا دەگەڕێن، من و هاوڕێكانم لە (خزمەت) بەتوندی دژی توندوتیژی ئسوڵییەكان وەستاوینەتەوە، هەر لە هێرشەكانی ١١ی ئەیلولەوە لەلایەن قاعیدەوە بۆ سەربڕینەكانی داعش تا دەگاتە ڕفاندنەكانی بۆكۆ حەرام.
سەرباری ئیدانەكردنی توندوتیژییە نا عەقڵانییەكان لەوانەش هەوڵی كودەتا، پابەندبوونی خۆم بۆ رێگرتن لە چونی لاوانی موسوڵمان بۆ ریزەكانی تیرۆریستان نیشانداوە و داكۆكیمان لە بیرۆكەی ئاشی و فرەیی كردوە.
بەدرێژایی ژیانم بە ئاشكرا و بە تایبەتی ئیدانەی دەستوەردانی سەربازیم كردوە لە سیاسەتی ناوخۆدا. لە راستیدا دەیان ساڵە داكۆكی لە دیموكراسی دەكەم. لە ماوەی ئەو چوار كودەتایەی لە ٤٠ ساڵی رابردودا رویاندا من یەكێك بووم لەوانەی روبەڕوی هەراسانكردن و زیندانی كردن بوومەوە. هەربۆیە خوازیار نیم هیچ هاوڵاتییەك ئەو نەهامەتییە ببینێتەوە. ئەگەر وا دەربكەوێت یەكێك لە هاوسۆزانی (خزمەت) بەشداریی لە هەوڵی كودەتاكە كردبێت ئەوە خیانەتی لە بیرو باوەڕەكانم كردوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتەكانی ئەردۆغان جێگەی سەرسوڕمان نین، نەك لەبەرئەوەی ئەو شتانەی لەبارەی منەوە دەیڵێت بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەو شتانە دەردەخات كە پاڵنەرن بۆ حوكمی تاكەكەسی.
وەك هەموو هاوڵاتیانی تورك، بەشداربووانی (خزمەت) لەسەرەتادا پشتیوانیان لە هەوڵەكانی بەڕێز ئەردۆغان كرد بۆ بەدیموكراتیزەكردنی توركیا و بەدی هێنانی مەرجەكانی بە ئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپا. بەڵام بێدەنگیمان هەڵنەبژارد كاتێك لە دیموكراسییەوە روی بەرەو خۆسەپاندن و دیكتاتۆریەت وەرگێڕا. تەنانەت پێش ئەم هەڵمەتی رەشبگیرییە و پاكتاوكردنە، لەو ساڵانەی دواییادا بەڕێز ئەردۆغان لەخۆوە كەوتۆتە داخستنی رۆژنامەكان و بە هەزاران دادوەر و داوكاری گشتی و ئەفسەری پۆلیس و فەرمانبەری دەوڵەتی لە كارەكانیان لاداوە و رێوشوێنی زۆر توند دژی كۆمەڵگەی كوردی گرتۆتە بەر و ئەوانەی لە رێبازەكەی لایان دابێت بە دوژمنی دەوڵەت ناوی بردون.
خزمەت بە شێوەیەكی زۆر تایبەت كراوەتە ئامانجی توڕەییەكانی سەرۆك كۆمار. لە ٢٠١٣ دا بەڕێز ئەردۆغان لایەنگرانی خزمەتی لەناو دەزگاكانی دەوڵەت تۆمەتباركرد بە دەستپێشخەری ئەو لێكۆڵینەوانەی لەسەر گەندەڵیی وەزیرەكان و كەسە نزیكەكانی ئەردۆغان بەرپاكران. دەرەنجام ژمارەیەك لە دادوەر و ئەفسەری پۆلیس تەنیا لەبەر ئەوەی پابەندی راپەڕانی ئەركەكانیان بوون پاكتاوكران و زیندانی كران.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە كاتێك بەڕێز ئەردۆغان دوای ١١ ساڵ لە سەرۆك وەزیری بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، هەوڵی دا توركیا لە دیموكراسیەتێكی پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتیەكی تەنفیزی بەبێ ئەوەی بتوانرێت چاودێری دەسەڵاتەكانی بكرێت. لەو چوارچێوەیەشدا لێدوانەكەی ئەردۆغان كە وتبووی كودەتا شكستخواردوەكە ( دیارییەكی خودا بوو) زۆر مەترسیدارە. لە كاتێكدا كە هێشتا هەوڵی پاكتاوی زیاتری نەیارەكانی لەناو حكومەت دەكات، تا ئێستا ٧٠ هەزار كەس دەركراون و سەركوتكارییەكانی خزمەت و رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوامە و هەموو كۆسپەكانی لەبەردەم بەدەستهێنانی دەسەڵاتێكی رەها رادەماڵێت. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی باوەڕپێكراوی لەبارەی ئەشكەنجە و دەستدرێژی بۆسەر گیراوەكان بڵاوكردەوە. جێگەی سەرسوڕمان نیە كە حكومەتەكەی بەڕێز ئەردۆغان پەیماننامەی ئەوروپای لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە هەڵپەسارد و باری نائاسایی راگەیاند.
سەرۆكی توركیا ئەمریكای گیرۆدە كردووە بەوەی هەڕەشە دەكات كە پشتیوانییەكانی لە هاوپەیمانێتی دژی داعش رادەگرێت. ئامانجەكەشی مسۆگەركردنی رادەستكردنەوەی منە بە توركیا، سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراو نیە و هیچ دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە لە ئارادا نیە. جێگەی تێگەیشتنە كە خواستێك هەیە بۆ پێدانی هەرشتێك ئەردۆغان بیەوێت، بەڵام دەبێت ئەمریكا بەرەنگاری بێتەوە.
توندڕەوی و توندوتیژی لەسەر بێئومێدییەكانی ئەو كەسانە گەشەدەكەن كە ناچار دەكرێن بەزۆر لەژێر دەستی ئەو دیكتاتۆرانەدا بژین كە ناتوانرێت بە ناڕەزایی ئاشتیانەو سیاسەتی دیموكراتیانە ململانێ بكرێن. لە توركیا رەوتی حكومەتەكەی ئەردۆغان بەرەو دیكتاتۆریەت دانیشتوانی بەسەر جەمسەرەكانی تایەفی و سیاسی و ئاینی و عرقیدا بەشكردوە. كە ئەوەش تەنیا ئاگری توندڕەوی خۆش دەكات.
لە پێناوی هەوڵەكانی جیهان بۆ گێڕانەوەی ئاشتی لە ساتە شڵەژاوەكاندا، هەروەها بۆ مسۆگەركردنی ئایندەی دیموكراسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا پێویستە ئەمریكا رێگە نەدات بە خۆسەپێنێك كە هەوڵێكی شكستخواردو بگۆڕێت بۆ كودەتایەكی هێواشی خۆی دژی حكومەتی دەستوری.
وەرگێڕانی: كامەران ئەحمەد   
            

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure