شازادە ساویلكە و لەخۆباییەكەی سعودیە یاریی بە ئاگر دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 25/07/2016

سەرچاوە: ئیندیپێندنت
وەرگێڕان: د. شێركۆ عەبدوڵـڵا
یاداشتێكی ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا ئەو مەترسیانە ئاشكرا دەكات كە لە وەزیرە كەلـلەڕەقەكەی بەرگریی شانشینی سعودیەوە دروستبوون.

كۆتایی ساڵی رابردوو (BND) ئاژانسی هەواڵگریی ئەڵمانیا یاداشتێكی گرنگی یەك لاپەڕە و نیویی بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێت: عەرەبستانی سعودی سیاسەتێكی توندوتیژی دەستوەردانی گرتووەتەبەر. یاداشتەكە وەزیری بەرگری و جێنشینی جێنشین محەمەد بن سەلمان- كوڕە بەهێزە 29 ساڵەكەی شا سەلمانی پیر و خەڵەفاو- وەك سیاسییەكی قومارچی وێنا دەكات كە لەڕێگەی جەنگە بریكاریەكانەوە لە یەمەن و سوریادا، دنیای عەرەب دەشێوێنێت.
دیارە ئاژانسە سیخوڕیەكان نەریتیان نییە بەڵگەنامەی وا ترسناك بەسەر میدیاكاندا بڵاوبكەنەوە كە رەخنە لە سەركردایەتی هاوپەیمانێكی نزیك و بەهێزی وەك عەرەبستانی سعودی بگرێت. لەبەرئەوە بڵاوكردنەوەی ئەو یاداشتە و دابەشكردنی مایەی سەرسوڕمانە. ئاژانسەكە دەستبەجێ‌ سەركۆنەكرا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە پاش ناڕەزایی رەسمیی سعودیە، بەڵام هۆشدارییەكەی BND نیشانەیەكی ئەو نیگەرانیانە بوو كە دەیسەلمێنن عەرەبستانی سعودی بووە بە داشەهارەیەك پێشبینیی رەفتارەكانی ناكرێت. یەكێك لە وەزیرانی پێشووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە داوای كرد ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت، وتی:"لە رابردوودا سعودیەكان بەگشتی هەوڵیاندەدا چەند بژاردەیەكیان هەبێت و بە وریاییەوە رەفتاریان دەكرد، تەنانەت لەو كاتانەیشدا كە دەیانویست حكومەتێكی دیاریكراو بڕووخێنن كە حەزیان لە چارەی نەبووە".
لەكاتی خۆیدا راپۆرتەكەی BND كاریگەریی زۆری لە دەرەوەی ئەڵمانیا دروست نەكرد. رەنگە هۆكارەكەی ئەوەبێت كە بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە لە دووی مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا بوو واتا سێ‌ هەفتە پاش كوشتارە گەورەكەی 13ی تشرینی دووەمی پاریس بووە، كە حكومەتەكان و میدیاكان لە سەرتاسەری جیهاندا هێشتا لە ژێر كاریگەریی هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون و  سەرقاڵی ئەوەبوون چۆن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە.
بریتانیش هێشتا مشتومڕی ئەوەی تێدا بوو کە بەشداریی بکات لە هێرشی ئاسمانیی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و هێندەیشی نەبرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕووداوەکەی کالیفۆرنیا ڕوویدا، کە ژن و مێردێکی لایەنگری داعش چەندین کەسیان کوشت. ئەوە ئیعدامکردنی شێخ نەمر ئەلنەمری پیاوی ئایینی شیعە بوو کە خۆی و چل و شەش کەسی دیکە لە دووی مانگی کانونی دووەمدا ئیعدامکران، بۆ یەکەمینجارحکومەتەکانی وریاکردەوە و بۆیدەرخستن، کە سعودیە تا چ ئەندازەیەک بووەتە هەڕەشە لە سەر واقعی حاڵی جیهان. پێدەچێت ئەمە گێچەڵکردنێکی ئاشکرا بێت بە ئێران لەسەر مەسەلەی ئەوەی کامیان سەرکردایەتی جیهانی سوننە و عەرەب بکات لە کاتێکدا کە شازادە محەمەد بن سەلمان دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا بەهێز دەکات لەڕێی دڵنەوایی کردنی ناسیۆنالیزمی سوننەوە. ئەوەی گومانی تێدانییە وەرچەرخانی سیاسەتی عەرەبستانی سعودیە لەو کاتەوەی کە شا سەلمان تاجی پاشایەتی  ئەو وڵاتەی لە كانونی دووەمی رابردوودا كردەسەر، پاس مردنی شا عەبدوڵـڵا. BND ناوی ئەو ناوچانەی تۆماركردووە كە عەرەبستانی سعودی سیاسەتی دوژمنكارانە و شەڕانیی تێدا پەیڕەو دەكات. لە سەرەتای ساڵی 2015 دا پشتیوانیی كرد لە دروستكردنی سوپای فەتحدا كە بە شێوەیەكی بنەڕەتی پێكهاتبوو لە بەرەی نوسرە كە لقێكی قاعیدەیە و هەروەها لە گروپی ئەحرارولشام كە زنجیرەیەك سەركەوتنی بەدەستهێنا دژی سوپای سوریا لە پارێزگای ئیدلیبدا. لە یەمەنیشدا سعودیە شەڕێكی ئاسمانیی دەستپێكرد دژی بزووتنەوەی حوسیەكان و سوپای یەمەن كە هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ كۆتاییهاتنی ئەو شەڕە. یەكێك لە سوودمەندانی ئەم سیاسەتانە رێكخراوی قاعیدەیە لە نیوەدورگەی عەرەبی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بێهودە چەندین ساڵە هەوڵدەدات لەڕێی هێرشی فڕۆكە بێ‌ فڕۆكەوانەكانەوە لاوازی بكات. هیچكام لەم سەركێشیە دەرەكییانەی كە شازادە محەمەد دەستیداونەتێ‌ سەركەوتنیان بەدەستنەهێناوە و پێناچێت بە دەستیشیبێنن، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا پێگەی ئەویان بەهێزكردووە. BND هۆشداریی داوە كە چڕكردنەوەی ئەو هەموو دەسەڵاتە لای ئەو (ئەو مەترسییەی لەخۆیدا حەشارداوە كە رەنگە بیەوێت، تەنانەت پێش مردنی باوكیشی، ببێتە پاشای سعودیە و لە پێناوەیشدا سنوورەكان پێشێل بكات).
پێشێلكاریەكان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبن. لە هەموو قۆناغێكی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ عێراق لە هەفتەی رابردوودا دەبینین ریاز بەردەوام هەڵوێستی توندتر وەردەگرێت. رەنگە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و قونسڵگەریەكەی لە مەشهەد دا، پێشبینیكراو نەبووبن و پێویست نەبوو سعودیە پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی لەگەڵ ئێرادا بپچڕێنێت. پاشان وێراكردنی باڵیۆزخانەی ئێرانی بوو لە سەنعای پایتەختی یەمەن. 
ئەمانە هیچیان مایەی سەرسوڕمانی زۆر نین: پەیوەندیەكانی نێوان سعودیە و ئێران لە خراپتیرین ئاستدا بووە پاش ئەوەی ساڵی رابردوو 400 حاجیی ئێرانی لە مەككەدا بوون بەژێر دەستوپێوە.
بەڵام تەنانەت لەچەند رۆژی رابردوودا رووداوەكان دەریانخست كە سەركردایەتی سعودیە بە ئەنقەست پەیوەندییە سیاسیەكان لەگەڵ ئێراندا خراپتر دەكات لەڕێی دادگایی كردنی چوار ئێرانییەوە، سیانیان بە تۆمەتی تیرۆر و یەكێكیشیان بە تۆمەتی سیخوڕی كردن. ئەمانە هەر چواریان لە ساڵی 2013 یان 2014 وە لە زینداندان و هیچ هۆكارێك نییە كە ئێستا دادگایی بكرێن جگە لە تووڕەكردنی زیاتری ئێران نەبێت. سعودیە چووەتە ناو جۆرێك لە دژەهێرشەوە بۆ ئەوەی جیهان دڵنیابكاتەوە كە ئەو بەنیازی شەڕ نییە لەگەڵ ئێراندا. شازادە محەمەد لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئیكۆنۆمیستدا وتی:"روودانی شەڕ لە نێوان سعودیە و ئێراندا سەرەتای كارەساتێكی گەورەیە لە ناوچەكەدا و زۆر بەتووندی كاردەكاتە سەر هەموو جیهان، بەدڵنیاییەوە ئێمە رێگە بە شتی وانادەین".
رەنگە مەبەست لە چاوپێكەوتنەكە دڵنیاكردنەوەی جیهانی دەرەوە بووبێت، بەڵام لەبری ئەو دڵنیاكردنەوەیە، چاوپێكەوتنەكە ساویلكەیی و لەخۆبایبوونیی دەرخست. هەروەها ئەو هەستە لە ئارادایە كە شازادە محەمەد قومارچییەكی بێ‌ ئەزموونە و هەتا زیاتر بدۆڕێت قومارەكە گەورەتر دەكات. ئەمە رێك پێچەوانەی كاربەدەستانی پێشووی سعودیەیە كە وەك دەڵێن گرەویان لەسەر هەموو ئەسپەكان دەكرد.
یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی هەڵوێستوەرگرتنی یەكلایەنەی سعودیە ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووكان لەگەڵ ئێراندا گەیشتوونەتە رێككەوتنێك سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران. ئەمەیش دیسان نیشانەی ساویلكەییە: هاوپەیمانیی بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، یەكەمین هۆكارە بۆ ئەوەی كە شانشینی سعودیی لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە پارێزراو بووە لە تەحەدا ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستەكان. پارەی زۆر و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی لێ دەربچێت، سەركردەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بەگومان بوون لەوەی كە دەوڵەتی سعودیە بتوانێت باش خۆی رابگرێت. ئەم قسەیە بۆ هەموو بەرهەمهێنەرە گەورەكانی نەوت راستە و پەیوەست نییە بە پێكهاتەی ئایدۆلۆژییانەوە. ئەزموون دەریخستووە كە داهاتی زۆری نەوت هانی تاكڕەوێتی دەدات، ئیتر وڵاتەكە سعودیە بێت یاخود عێراق، لیبیا بێت یاخود كوەیت. بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئەو داهاتە زۆرە، دەوڵەتی لاواز بەرهەمدێنێت كە لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە لاواز و بێتوانان.
ئەمە دووەمین بوارە لە چاوپێكەوتنەكەی شازادە محەمەد كە تەنیا بێجگە لە گیروگرفت دروستكردن بۆ بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعودیە، هیچی تری لێ‌ بەرهەمنایەت. ئەو پێشنیاری سكهەڵگوشین و چاكسازیی ئابوری دەكات لە شانشینەكەدا، بەڵام لە سیاقی وڵاتە ئۆتۆكراسیەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەت لە دەوڵەتە نەوتیەكاندا، ئەمە پێچەوانەی رێككەوتننامە كۆمەڵایەتیە رانەگەیەنراوەكەیە لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكدا. خەڵكەكە ئازادیی سیاسییان نییە و قبووڵی دەكەن لەبەرئەوەی پشكێك لە داهاتەكانی نەوت وەردەگرن لە رێگەی كاری حكومەتی و پشتیوانیكردنی نرخی سووتەمەنی و خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون و ئیمتازاتی دیكەوە.
سپاردنی زیاتری بوارە ئابوریەكان بە كەرتی تایبەت و پشتبەستنی گەورەتر بە بازاڕ بەبێ‌ هەبوونی بەرپرسیارێتی یاخود سیستمێكی قەزایی داپەروەر، مانای وایە مۆڵەتی تاڵانكردن دەدرێت بەوانەی دەسەڵاتی سیاسییان هەیە.
ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی راپەڕین دژی بەشار ئەسەد لە 2001 لە سوریا و موعەمەر قەزافی لە لیبیا. ئەو جۆرە ریفۆرمەی كە مەكینە كاریگەرە بێ‌ كەڵكەكەی دەستوپێوەندپەرستی لەناو نەبات سەرەنجام تەنیا هەر سوود بە دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەكە دەگەیەنێت. ریفۆرمكردنی دەوڵەتە نەوتدارەكان كارێكی مەحاڵە و هەوڵدان لەو پێناوەیشدا نیشانەی ژیریی نییە. ئەم جۆرە دەوڵەتانە پێویستە خۆیشیان لە جەنگ بپارێزن ئەگەر بیانەوێت بمێننەوە، چونكە رەنگە میلـلەت لە دژیان رانەپەڕێت بەڵام بەدڵنیاییەوە ئامادەیشنین لە پێناویاندا بمرن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure