کودەتاچییەکانی تورکیا کۆمەڵەیەکی ئیخوانین

بۆچوون / بیروڕا :: 24/07/2016

سەرچاوە: ئەلەشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ئەوانەی پەلەیان کرد لە هەڵوێست وەرگرتن و بڕیاردان سەبارەت بە کودەتا تورکییەکە دەرفەتێکی تریان لەبەردەمدایە سەرلەنوێ لە باودۆخەکە ڕابمێنن. چونکە ئەوەی هەوڵیدا لە سەرۆکە شەرعییە هەڵبژێردراوەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەڵبگەڕێتەوە نە سوپا بوو وەکو دەزگا و نە ئۆپۆزسیۆنی عەلمانیش بوو بەڵکو تاقمە ئیسلامییەکەی فەتحوڵڵا گولەن بوو، ئەوەی کە سەرۆک ئەردۆغان پێی دەڵێت (پێکهاتەی تەریب) و تۆمەتباری دەکات بە هەوڵی دەستگرتن بەسەر حوکمدا. ئەم تاقمە شێوە و پەیامەکەیان لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین دەچێت ئەگەر پەیوەندییان پێوەی نەبێت.
ئێستا لە تورکیادا سەدان کارمەندی ئاسایش و لێکۆڵەر سەرگەرمی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو ڕێکخراوەن کە لە تورکیا و ئاسیای ناوەڕاستدا بە گەورەترین کۆمەڵی ڕێکخراوی ئیسلامی دادەنرێت. فەتحوڵڵا گولەن، تۆمەتباری یەکەمی ئەم تەگبیرەیە، تەگبیری هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەڕێی کودەتاوە،کە حکومەتەکەی ئەردۆغان داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکات ڕادەستی بکاتەوە.
پاش ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو هەروەها وردەکارییە گرنگە تازەکانیشی، پێم وایە پێویستە ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییەکان لە ڕووداوە تورکییەکە تێبگەن. ئەوەی ناپاکی لە ئەردۆگان کرد و هەوڵیدا شەرعییەت بڕوخێنێت تاقمێکی ئیسلامی سیاسییە کە هەندێک لە ئەندامە نهێنییەکانی خستە کار و ئەوانە ئەفسەر و کارمەندی دەوڵەت و تەنانەت لە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانیشدا بوون و پشتی بەستبوو بە ڕێکخراوێکی نهێنی کە سوپایەک لە دادوەر و مامۆستا ئەندامن تیایدا.
کارمەندەکانی ئاسایش کە نوسینگە و ماڵی تۆمەتبارەکان دەپشکنن بەدوای چەک و تەقەمەنیدا ناگەڕێن بەڵکو بەدوای کتێب و بڵاوکراوەکانی سەرۆکی ئەو تاقمەدا دەگەڕێن بۆئەوەی بسەلمێت کە ئەوانە پەیوەندییان هەیە بە تاقمە ئیسلامییەکەوە. هەروەها پرسیاری لێکۆڵەرەکان لە تۆمەتباران تەوەرەکەی تەنیا پەیوەندییانە بە گولەنەوە. ئاژانسی دەنگوباسی ڕەسمی ئەنادۆڵ دەڵێت چەندین کتێبی دینی ئەو کۆمەڵە لەلایان دۆزراونەتەوە. ئاژانسەکە دەڵێت یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە مامۆستای یاریدەدەرە، لە نوسینگەکەیدا لە زانکۆی سەکاریا کتێبێکی فەتحوڵڵا گولەن دۆزراوەتەوە. تێبینی دەکرێت کە زۆربەی سزادراوان سەر بە سوپا نین بەڵکو دادوەر و مامۆستای زانکۆ و مامۆستای بواری پەروەردەن و ژمارەی دەستگیرکراوەکان ٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لەکاتیكدا کە دەستگیرکراوەکانی سوپا نزیکەی ٩ هەزار کەسە. ژمارە گەورەکە دەریدەخات کە تۆمەتبارەکە سوپا نییە بەڵکو تاقمە ئیسلامییەکەیە. هەروەها ئەو ئەفسەر و سەربازانەش کە تێوەگلاون ئەندامی تاقمەکەی گولەنن وەک جێگری سوپاسالار کە ددانی پێدا نا چەندین ساڵە پەیوەندی هەیە پێیانەوە. تاقمە تورکەکەی گولەن کۆمەڵێکی ئیسلامی سیاسین لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلمینی عەرەبی دەچێت کە ئەویش پشتی بەستووە بە پێکهاتەیەکی تەریبی دەوڵەت و پێشبڕکێی لەگەڵدا دەکات لەڕێی چالاکییە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و بانقییەکانەوە بۆئەوەی بگاتە قوڵایی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵی بکات.تاقمەکەی گولەن، وەک ئیخوان موسلمین لەکاتی چاودێریکردنیاندا پرەنسیپی (تەقیە) پەیڕەودەکات و بە نهێنی کاردەکات بۆ گۆڕین و بە ئاشكراش نکۆڵی لەوە دەکات بزووتنەوەیەکی کودەتاچی بێت.
زۆر دەمێکە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە گومانن لە نیازەکانی ئەو کۆمەڵە و ١٥ ساڵ لەمەوپێش بڕیاریاندا لە تورکیا دووریبخەنەوە چونکە لە ڤیدیۆیەکی یوتیوبدا دەرکەوت لای تاقمەکەی خۆی بەئاشكرا دەڵێت دەمەوێت سیستمە عەلمانییەکەی تورکیا بگۆڕم. سەرۆکی پێشووتری تورکیا هەوڵیدا گولەن لە سزای زیندانیکردن بەتۆمەتی کودەتاگێڕان بپارێزێت، لەبەرئەوە داوایلێکرد بچێتە دەرەوەی وڵات و گولەن سەرەنجام گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکان و حاڵی حازر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا نیشتەجێیە.
دیارە ئەویش وەک هەندێک لەباگخوازە سیاسییەکانی ئێمە لافی ئەوە لێدەدات فریشتە دێتە لای و قسەی بۆ دەکات و خۆی وەکو خاوەن کەرامات نیشاندەدات. دەڵێت تەمەنی چوار ساڵ بووە کە قورئانی لەبەرکردووە و نیوەشەوان دایکی هەڵیساندووە بۆ کردنی لەبەرکردنی قورئان. گولەن دڵسۆزی پرۆژەکەی بووە چونکە نزیکەی ٤٠ ساڵ لە مزگەوتە جیاجیاکانی ئەنادۆڵدا خەریکی بانگخوازیی بووە و ڕێکخراوێکی زەبەلاحی دروستکرد کە سەدان قوتابخانەی ئایینی لە تورکیادا هەیە، پاشان چالاکییە پەروەردەیی و خێرخوازییەکانی فراوان کرد بۆ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێک لەگەڵ حکومەتی کازاخستاندا کە بەتۆمەتی ڕێکخستن و پیلانگێڕی شکاتی لێکرد لای حکومەتی تورکیا. گولەن لە تورکیادا ئەوەی دامەزراند کە پێی دەگوترێت (پێکهاتەی تەریب) و پێکدێت لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خێرخواز و دام و دەزگای ئابووری زەبەلاح و ڕۆژنامە و ئێستگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن. بوو بە خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوان و تەنانەت لە ڕابردوودا یارمەتی پارتی داد و گەشەپێدانی داوە، و لە هەڵبژاردنی پێش هەڵبژاردنی دوایین جاردا پشتیوانی لە ئەردۆغان کردووە، بەڵام نزیکەی سێ ساڵ دەبێت ئەم دوو پیاوە ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان و جیابوونەتەوە.
گولەن توانی گۆڕانکاری دروستبکات لە کۆمەڵگای تورکیدا و بە سوودوەرگرتن لە ئازادییەکان و لەو کرانەوە ئابوورییە گەورەیەی کە لە هەشتاکانەوە وڵاتی گرتووەتەوە توانیویەتی بنکەیەکی جەماوەری دروستبکات. دەرکەوت سەرۆک ئەردۆغان، کە باش دەیناسێت، لەسەر هەق بوو کاتێک کە نیگەرانی دەربڕی لە تاقمە نهێنییەکەی گولەن چونکە دەرکەوت توانیویەتی دزە بکاتە ناو قوڵایی دەزگا سەربازییەکەوە کە پتەوترین دەزگایە.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure