بۆچی کورد نەیتوانیوە سوود لە ئەزموونی جوولەکە و هۆلۆکۆست وەربگرێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 23/07/2016

دواڕۆژ
نەبەز سەمەد

بۆ ئیشکردن لەمەڕ ئەنفال، کورد دەتوانێ سوود لە ئەزموونی جوولەکە وەربگرێ، بەڵام پڕسیارەکە ئەوەیە بۆ تاکو ئێستا نەیتوانیوە سوودمەند بێ؟ یەکێك لە هۆکارەکان ئەوەیە، کورد بەشێویەکی گشتی ڕوانینێکی نەرێیی بۆ جوولەکە هەیە، وەک بوونەوەرێکی پیس، فێڵباز، پیلانگێڕ لێیدەڕوانێ، نەک وەک قوربانی. ئەم ڕوانگەیە لە نەست و نائاگایی کورددا خۆی دیاردەخا. هۆکارێکی تری پەیوەندی بە زاڵبوونی کولتووری عەرەبی (هاوئاینی ئیسلام) و هاوسۆزی بۆ فەلەستین هەیە.
هۆکارێکی دیکە کە کورد نەیتوانیوە سوود لە ئەزموونی جوولەکە وەربگرێ ئەوەیە، کورد وەک قوربانی لە خۆی دەڕوانێ، ئەو قوربانیبوونەشی پیرۆزکردووە، بە جۆرێک نایەوێ لەو دۆخی قوربانیبوونە دەربازببێ. کورد وەها لە قوربانی تێگەیشتووە کە توانستی تێپەڕاندنی دۆخی قوربانیبوونەکەی خۆی نییە! واتا پاش بوون بە قوربانی مرۆڤی بەقوربانیبوو جارێکی دی توانستی هەڵسانەوەی نییە. کەواتە قوربانی توانستی هەڵبژاردن و کردارنواندنی نەماوە، بووە بە کۆیلە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، چونکە قوربانی دەتوانێ دۆخی قوربانیبوون تێبپەڕێنێ و هەڵبستێتەوە و توانستی هەڵبژاردن و کردارنواندنی سەربەخۆی بۆ بگەڕێتەوە. دۆخی جوولەکە دوای هۆڵۆکۆست بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەمە. بەڵام کورد هێشتا دۆخی قوربانیبوونی تێنەپەڕاندووە، بۆیە تاکو ئێستاش وەک کۆیکە ماوەتەوە. ئاخر ئەوە دۆخی قوربانیبوونە وەهای لێدەکا پاساوی ئەوەی پێدەدا کە خۆی نەبێ، سەربەخۆ نەبێ، بە کۆیلەیی بمێنێتەوە. بە تراژیدیا، کێشە، جێنۆساید و هەژەندەکانیەوە بتلێتەوە و گینگڵ بدا. 
ئەنفال دەرفەتێک بوو بۆ هەڵسانەوەی کورد و ڕزگاربوونی لە دۆخی قوربانیبوون و کۆیلەیی، بەڵام کورد نەیتوانی و سوود لەم دەلیڤەیە وەربگرێ و شکستی هێنا.
کورد دەتوانێ سوود لە ئەزموونی جوولەکەکان وەربگرێ، ئاخر ئەوان وەک قوربانی جینۆساید لەدوای هۆڵۆکۆست توانیان هەڵبستنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دابمەزرێنن. لە کاتێکدا پێش هۆڵۆکۆست جوولەکە لە دۆخی بێجیهانی، بێدەوڵەتی، و بێمافیدا بوون. هاوشێوەی دۆخی کورد لە ڕابوردوو و هەنووکەشدا، لە پێش ئەنفال و دوای ئەنفالیشدا. ئێستا جوولەکەکان لە دۆخێکدان، کە دەتوانن ئابووری جیهان، سیاسەتی جیهان و ئەکادیمیاکانی جیهان بەڕێوەبەرن. ئێستا هیچ دەوڵەتێک، هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ بوێرێ، ڕووداوی هاوشێوەی هۆڵۆکۆست بەرانبەر جوولەکە دووبارە بکاتەوە. بەڵام کورد هێشتاش لە دۆخی بێماڵیدایە، ئاسایشی نییە و لە ژێر هەڕەشەدایە، واتا ڕوودانەوەی ئەنفال و  جینۆساید ئەگەرێکی زیندووە.
کورد دەتوانێ بەڕێی دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسۆزی لەگەڵ جوولەکە وەک دوو قوربانی جینۆساید، سوود لە ئەزموونی هۆڵۆکۆست وەربگرێ. ئەم پەیوەندییە دەکرێ لەسەر چەندان ئاستی جوداواز بونیادبنرێ، پێش هەمووان وەک دوو نەتەوە، لە ڕووی حکومەت و دەوڵەتدارییەوە، جا لەسەر ئاستی دەزگا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە هۆڵۆکۆست و ئەنفال دروستبکرێ. جوولەکەکان چەندان دەزگا و دەمەزراوە و ناوەندی لێکۆڵینەوەیان بۆ هۆڵۆکۆست دروستکردووە. دەکرێ کورد سوود لەم ڕێکخراوانە وەربگرێ، هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی و لۆبیکردن کورد دەتوانێ سوود لە لۆبی جوولەکە وەربگرێ بە تایبەت لە ئەمریکا. ڕەنگە ئەمە ببێ بە پاڵهێزێکی گرنگ بۆ ناساندنی ئەنفال وەک جێنۆساید و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure