شێتی جیهان دەگرێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 20/07/2016

دواڕۆژ

نووسینی: هەیفا سەفوەت
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

شەپۆلێكی شێتی و تووڕەیی جیهان دەگرێتەوە، وایلێهاتووە تاڵاوی ئەم دەردە تا سەر مۆخ ئاڵۆز بووە، لەگەڵیدا هەقیقەتی شتەكانیش ون بوون و گەیشتووەتە رادەیەك هەموو پەلاماری هەموو دەدات. ململانێ و شەڕەقسە بۆ تۆمەتباركردن بە نهێنی و بە ئاشكراییش، لە برەودایە. لەمڕۆ بەدوایشەوە ناوی ئەوە گرنگ نییە كە ئەم شێتێتیە دەجووڵێنێت، چونكە جیهان بە ئاگری وێرانەیی و شەڕیەوە داخ بووە. ئەمەیش وامانلێدەكات كە بانگەواز بكەین بۆ یەكێتیی مرۆڤایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی و برایەتی لە نێوان هەموو ئادەمیزاددا و نەژاد و رەنگ و حزب و رەوت و تەوژم تێپەڕێنین، چونكە لەدەستی ئەم شەڕە رزگارمان نابێت هەتا خۆمان (وەك تاك) لە تۆوەكەی رزگار نەكەین.

غرور و هەژموونی مرۆڤ  و حەزی بۆ خۆسەپاندن كۆنە بە دێرینیی مێژووی مرۆڤایەتی، هەر لە ئەزەلەوە مرۆڤ تێیكەوتووە، گیانی شەڕەنگێزی و عەشقی بۆ جەنگ و خاوەندارێتی و خوێنڕشتن و چاندنی ترس و تۆقاندن لە دڵی كەسانی تردا، بۆ ئەوەی نەخۆشی و شێتێتیەكەی تێر بكات. ئەمەیش تەنیا كاڵای باڵای تاقە كۆمەڵگەیەك نییە بەڵكو زۆربەی كۆمەڵگە كۆنە مرۆییەكان لە ئیستیعمار و جەنگ و زوڵم و تۆڵە و داگیركاریدا ژیاون. زنجیرەیەكی دوور و درێژ، ساڵانی رابردووی پڕكردووە لە چیرۆكی دڕندایەتی مرۆڤ. بۆیە گرنگ نییە ناوی چییە یان چی پێدەوترێت، چونكە یەك جۆری نییە بەڵكو ناسنامەی فرەجۆریی تاوانی هەیە و ناوی جۆراوجۆری هەیە و رەوتی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام لەراستیدا شەڕ هەر شەڕە ئیتر هەر جۆر و رەنگێكی هەبێت، دژی مرۆڤایەتی و كەسانی بێتاوان و كەس و تاكی ئاشتیخواز و باش و چاكەكارە. 

پێویستمان بە بزاڤێكی سەرتاسەری هەیە لە بچوكترین تاكەوە تا گەورەترین دەسەڵات و دەستە ودامەزراوە، لە بچوكترین دەوڵەتەوە بۆ گەورەترین دەوڵەت، لەوپەڕی باكورەوە بۆ ئەوپەڕی باشور، هەموو كەس بەرپرسە لە جووڵاندنی شەپۆلی خۆشەویستی و ئاشتی لە ناخی خۆی و لە خێزانەكەی و لە كۆمەڵگەكەی و لە دەوڵەتەكەیدا. نابێت هەروا دانیشین و تەماشا بكەین و رووداوەكان بە نەرێنی بگوازینەوە، ئەم و ئەو تۆمەتبار بكەین و خۆیشمان رۆڵی تەماشاكار ببینین. پێویستمان بە زیندووكردنەوەی بنەما و پرەنسیپە پاكەكانی مرۆڤایەتیە، ئەوانەی كە پارێزەری خود و ناموس و ئازادییە كەسییەكانن و ئاساییش و ئارامیی دەپارێزن  لە دەستی ئاشتیدزەكان.

ئەمە دۆزی مرۆڤە، دۆزی دەوڵەتە، دۆزی جیهانە و دۆزی ژیانە. هەموو كەسێك لێی بەرپرسیارە. كەمترینمان و گرنگترینمان بەرپرسیارین لە ژیانێكی ئاشتیانەی راستەقینە لە ناخی خۆماندا و دابەشكردنی بە وشیارییەوە بەسەر هەموو ئەوانەی دەورووبەرماندا، هەروەها گەیاندنی ئەو رێگە وشیاری و ژیرییەی كە جیهان لەدەستیداوە. نابێت ئەمڕۆ كەس بێدەنگ بێت، چونكە ئەمە دۆزی هەموومانە بەبێ‌ جیاوازی و بەبێ‌ هەڵاوێركردنی هیچ كەسێك. بێ‌ ئەوەی چاوەڕێی رۆڵی كەس بكەین، ئەمە دۆزی منە و دۆزی تۆیە كە دەبێت رێژەی وشیاریی بەرز بكەینەوە بۆ چەمكی مرۆیی. نابێت  توانای خۆمان بەكەم بزانین و رۆڵی خۆمان بەكەم تەماشا بكەین و چاوەڕوان بین كەسانی دیكە لە جیاتی خۆمان ئەم كارەمان بۆ بكەن.

دەبا ئەو هێزەی ناخمان بجوڵێنین، مەبەستم هۆشیاری و درككردنی زۆر قووڵە. با نەكەوینە ناو تەوژمە جاهیلەكانەوە و رێگە نەدەین بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ تۆوی فیتنە و ترس و گیانی تۆڵەسەندنەوەمان تێدا بچێنن، چونكە خۆمان و هەموو مرۆڤایەتی وێران دەكەن.

هەر كەسێك وابزانێت كە ئێمە لەم جیهانەدا لەیەكتر دابڕاوین و خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتین، ئەوە هەڵەیە، وەك چۆن هەمیشە وتومانە لەسەر یەك زەوی و لە ژێر یەك ئاسماندا دەژین و كەلتور و زمان و نەریتمان بەحیكمەتی خوایی جیاوازە، با سوود و بەرژەوەندیی هاوبەش ئاڵوگۆڕ بكەین و یارمەتی و دەستگیرۆیی كەموكورتیەكانی ناویان بدەین، چونكە ئەمە یەكەیەكی ئادەمیزادیی لێكدانەبڕاوە. كێیش وابزانێن ئەوەی كە لێرە روودەدات كاریگەریی لەسەر ئەوێ‌ نابێت ئەوا بەهەڵەدا چووە، هەروەها ئەوەیش وابزانێت ئەوەی لەوێ‌ روودەدات كار لە ئێرە ناكات دیسانەوە هەڵەیە.
با پێكەوە هاوكار بین بۆ بڵاوكردنەوەی وشیاری و ئاشتی. با توندوتیژی و تاوان و كوشتن و ستەم لەهەموو لایەكی جیهاندا فڕێبدەین، ئیتر ئەگەر بە سادەترین شتێكیش بێت كە وشە و پیتە. چونكە ئێمە هەموومان درك بەوە دەكەین ئەوەی كە ئەم تەوژم و حزبانەی بزواندووە گوزارشت و وشەگەلێكن كە پلانیان بۆ كێشراوە و لە دەروونی هەندێكماندا هاوار دەكەن. وشەی هەق یان وشەی ئاشتی كارلێك و كاریگەریی بەهێزیان لێدەكەوێتەوە، هەرچەندە سادەیش دەربكەون بەڵام لە راستییدا بەهێزن و لەگەڵ رۆژ  و تێپەڕینی كاتدا گۆڕانكاری و وەرچەرخانی قووڵ لە گیانە بێهیوا و نائومێدەكاندا دروست دەكەن.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure