هێڵە باریکەکەی نێوان دین و عەلمانییەت لە تورکیادا

بۆچوون / بیروڕا :: 20/07/2016

سەرچاوە: ڕیەل کلیەر وۆڵد
وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بە نیشتنەوەی لە ئیستەنبوڵدا کارێکی سەرنجڕاکێشی کرد پاش ئەوەی بەردەوام ڕاپۆرتەکان دەیانگوت لە گەشتێکی ترسناکدا بووە چونکە فڕۆکەکەی ئەردۆغان کرابووە ئامانجی فڕۆکەیەکی F16ی کودەتاچییەکان. ئەردۆغان ئۆباڵی کودەتاکەی خستە ئەستۆی فەتحوڵا گولەن و لایەنگرەکانی.
ئەم قسەیە جێگەی سەرنجە نەک لەبەر خودی تۆمەتبارکردنەکە، بەڵکو لەبەرئەوەی قسەکە یەکێک بووە لەو نموونانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە دەریدەخەن مۆدەی ئەوە نەماوە باسی سیاسەتی توکیا بکەیت وەک ئەوەی عەلمانیەکان و ئیسلامییەکان ڕووبەڕووی یەک بووبنەوە. حیزبەکەی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان و لایەنگرەکانی گولەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوپەیمانی یەکتری بوون و یەک تێڕوانینیان هەبووە سەبارەت بەو رۆڵەی کە پێویستە ئیسلام بیگێڕێت لە حوکمکردنی وڵات و لە ژیانی ڕۆژانەی کۆماری تورکیادا. ئەردۆغان گولەنییەکانی بەکارهێنا بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتە بەسەر سوپادا.
ئەردۆغان ئێستا ئەو بەشەی دەوڵەت کە دڵسۆزی ئەون بەکاردەهێنێت بۆ لەتوپەتکردنی گولەنییەکان (دەوڵەتی تەریب). ئەگەر مەسەلەکە مەسەلەی ڕەش و سپی بوایە، ئەنجامدانی مانۆڕی لەم جۆرە کارێکی کردەنی نەدەبوو. ئەکەپە و بزووتنەوەکەی گولەن دوو قوتابخانەی ئیسلامی دژ بەیەک نین؛ بەڵکو هەردووکیان لە پێشبڕکێدان بۆ سەرکردایەتیکردنی عەلمانییەتی تورکی پاش کەمالیزم، ئەو عەلمانییەتەی کە رۆڵێک دەدات بەدین لە کۆمەڵگادا.
سەرنج بدە لەوەی کاتێک کودەتاکە لە قۆناغی جێبەجێکردنەکەدا بوو، سەرکردەکانی جەهەپە، کە حیزبی مستەفا ئەتاتورکی دامەزرێنەری تورکیایە، ئیدانەیان کرد. ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە کودەتاچییەکان بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند لە بەیاننامەکەیاندا بۆ وڵات کە دەیانەوێت عەلمانییەت بپارێزن لە ئەردۆغان. ڕۆژی دواتر ئەکەپە و سەرکردەکانی جەهەپە و مەهەپە و هەدەپە کۆبوونەوەیەکی نائاساییان لە پەرلەمان ئەنجامدا بۆ دەربڕینی پشتگیری خۆیان لە دیموکراسی و لە سەرکردایەتییەکەی ئەردۆغان.
جگەلەوەش، سوپا، کە سەنگەری گریمانەکراوی بێ ئەملاوئەولای عەلمانییەتە، دەتوانین بڵێین لەکاتی هەوڵە کودەتاییەکەدا لە پەراوێزدا بوو. ئەوە ڕاستە کە بەشێکی گرنگی سوپا هەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکە و لابردنی ئەردۆغانی لەسەر دەسەڵات داوە، بەڵام ئەردۆغان ئەو شەوە دەکوژرا ئەگەر فەرماندەی سوپای یەکەمی تورکیا ، ئومێد دوندار، دڵسۆزیی خۆی دەرنەخستایە. هەروەها ئەردٶغان پشتیوانی زۆر فەرماندە و جەنەڕاڵی دیکەی لەگەڵدا بوو کە ئامادە نەبوون پەیوەندی بکەن بە کودەتاکەوە، ئەمە جگە لە خۆپیشاندەرە عەلمانییەکان کە دژی کودەتاکە خۆپیشاندانیان کرد. ئێمە پێویستمان بە چوارچێوەیەکی باشترە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە کۆتایی هەفتە لە تورکیادا بینیمان و هەروەها بۆئەوەی تێبگەین کە ئەمە چۆن دیمەنی تورکیای ئایندە دادەڕێژێت.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئێمە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا. کاتێک کە ئەتاتورک بەشداری کرد لە دامەزراندنی کۆمارە تورکییەکەدا، ئەو ئەرکەکەی لەئاکامی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بەئەنجام گەیاند. هاوپەیمانەکانی لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییان لەناو خۆیاندا دابەشکرد و لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا شکۆی عوسمانییەکانیان شکاند.
کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی لەڕووی کاریگەرییەوە کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆرە فرە ئیتنییەکانی ئەوروپا بوو. ناسیۆنالیزم ماوەی سەدەیەک بگرە زیاتر بوو سەری هەڵدابوو وەک هێزێکی سیاسی، بەڵام جەنگی یەکەمی جیهانی بزماری بە تابوتەکەدا داکوتا. عوسمانییەکان و ئیمراتۆریی نەمسا- هەنگاری و ڕوسیای قەیسەری گشتیان لەناوچوون. هەمان ئایندەش چاوەڕێی کۆلۆنیاکانی بریتانیا و فرەنسایان دەکرد کاتێک کە (عصبه‌ الامم) و بیرۆکەی ئینتیداب خوڵقێنران، ئەو بیرۆکەیەی کە گوتی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکان ئەو ناوچانە حوکم دەکەن تا ئەوکاتەی خۆیان دەگەنە ئاستێک چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
لەو جیهانەدا بوو کە ئەتاتورک سەری هەڵدا و بوو بە یەکەم سەرۆکی تورکیا. ئەتاتورک بینی کە ناسیۆنالیزم هێزێکی چەند بەدەسەڵاتە. نەتەوەکانی خۆرئاوای ئەوروپای بینی چەند پێشکەوتوون بەبەراود بەو نەتەوانەی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی بوون و وڵاتەکەی چەند شەکەتە پاش شکستهێنان لە شەڕەکەدا. ئەتاتورك بەشێك لە ئۆباڵی لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتەكەی خستە ئەستۆی سەركردایەتیە دینیەكە كە لە سەدەكانی حەڤدەیەم و هەژدەیەمەوە لەسەر حسابی سوڵتانەكان دەسەڵاتی زیادی كردبوو. لەبەرئەوە ئەتاتورک ڕژێمی سەڵتەنەتی لابرد و پێگەی خۆی وەک کاربەدەستێکی عوسمانی ڕەتکردەوە و کۆماری هاوچەرخی تورکیای خوڵقاند. ئەو دەوڵەتەکەی بەدەوری کۆمەڵێک ناوچەی عەلمانیدا دروستکرد کە سەنتەرەکەی ئەستەنبوڵ بوو و ئایینیشی دوورخستەوە لەبواری گشتیدا.
گەر بمانەوێت ئەمڕۆ لە تورکیا تێبگەین پێویستە ئەو مێژووەمان لەبەرچاو بێت. زۆر ئاسانە گەر تەنها بڵێین ئەردۆغان و ئەکەپە ئەو ئیسلامیانەن کە دەیانەوێت جێگەی کەمالیزم بگرنەوە بەجۆرێک لە ئیسلامی سیاسی و سوپاش سەنگەری بەرگریكردنە لە عەلمانیەتی توركیا و دەستوور هەرچیەك بڵێ‌ ئەو هەر بەرگریی لە عەلمانیەت دەكات. لەلایەكەوە سەرهەڵدانی ئەكەپە دەرەنجامی ئارەزووی ئەو حیزبەیە كە ببینێت ئیسلام لە بواری گشتییدا گوزارشتی لێدەكرێت. بەڵام ئایین تاقە هۆكار و بگرە هۆكاری یەكلاكەرەوەی سەركەوتنی ئەكەپە نییە بۆ ئەو ئاستەی دەسەڵات كە حیزبە ئایینیەكانی پێشتر  هەرگیز پێینەگەیشتوون.
لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەو ریفۆرمە ئابوری و سیاسیانەی كە حكومەتی توركیا جێبەجێی كردن، سوودی ئابوریی بەرچاویان بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ دەستەبەر كرد، ئەو ناوچەیەی كە تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییشدا دواكەوتوو بووە و بار بووە بەسەر حكومەتەوە. لێشاوی سەرمایە و پیشەسازی بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ، چینێكی كۆمەڵایەتیی نوێی لەناو هاووڵاتیانی توركدا دروست كرد كە گەشەی كرد و لەچاو ناوچەی ئەستانبوڵدا چینێكی موحافیزكارتر و وابەستەتر بوو بە دینەوە، بەڵام خوازیاری دەسەڵاتێكی دادپەروەرتر  بوو لە بواری ئابوریدا. ئەمە ئەگەر كۆبكرێتەوە لەگەڵ هاتنی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەری تورك لە دێهاتەكانەوە بۆ ئەو شارانەی كە بەخێرایی ئەبوون بە شاری پیشەسازی و دەرفەتی زیاتری كاریان دابین دەكرد، كارێكیان كرد كە سەنتەری ئەتاتورك  بەریەككەوتنی هەبێت لەگەڵ لێوارە ئەنادۆڵیەكەدا، بەریەککەوتنێکی وا کە یەکەمجار بوو مێژوو بەخۆیەوە بیبینێت. ئەمە سیاسەتی تورکیای بەشێوەیەکی هەمیشەیی گۆڕی.
بەهەرحاڵ ئەمە ئارەزووی گشتی تورکیای لە دەوڵەتێکی عەلمانیدا نەگۆڕی. لەساڵی ٢٠٠٧دا ڕووپێوێک کە دەزگای لێکۆڵینەوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ئەنجامیدا دەریانخست کە دوو لەسەر سێی تورکەکان لایەنگری دینن و تەنیا یەک لەسەر سێیان عەلمانین. بەڵام ڕووپێوێکی ساڵی ٢٠١٥ کە لە دانیشتوانی وڵاتە موسڵمانەکانی پرسی بوو ئایا پێیان باشە شەرع جێی یاسای ڕەسمی وڵات بگرێتەوە، تەنیا ١٢%ی موسڵمانەکانی تورکیا بە بەڵێ وەڵامیان دایەوە.
بۆئەوەی لە تورکیای ئەمڕۆ تێبگەیت پێویستە بزانیت کە بەشێکی زۆری خەڵکەکە شانازی ئەکەن بە دینەکەیانەوە (ئیتر ئەو دینە لەسەر ئاستی تاکە کەسی چ واتایەکی هەبێت) لەهەمان کاتیشدا بنەماکانی عەلمانیەت زۆر دەنرخێنن، ئەو عەلمانیەتەی کە وڵاتەکەیانی لەسەر دامەزراوە و لە سەدەی ڕابردوودا گەشەی کردووە. خۆرئاواییەکان بەزەحمەت لەم ڕاستییە تێدەگەن چونکە جیاکردنەوەی ئەردۆغان وەک ئیسلامی و سوپا وەک ناسیۆنالیستی عەلمانی ڕێگەیەکی ئاسان و پاکوتەمیزە بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوانە. کێشەکە تەنیا لەوەدایە کە هەینی ڕابردوو بۆی سەلماندین کە ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکی هەڵەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە حاڵی حازر لە تورکیادا چی دەگوزەرێت.
تورکیا بۆئەوەی بەرگەی شکستەکەی بگرێت لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا وڵاتەکەی دامەزراند لەسەر ئەو بنەمایەی ناوەندێکی بەهێزی هەبێت لە ئەستەنبوڵدا و کەنارێکی لاوازی هەبێت لە ئەنادۆڵدا کە ناتەواو بوو. کاتێک کە ئەو برینە ساڕێژ دەبێت و نەتەوەی تورک خۆی کۆدەکاتەوە، تورکیا زیاتر لەخۆی دڵنیا دەبێت و لە دوورمەودادا بەهێزتر دەبێت. بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە کورتمەودادا بێسەروبەر و هەندێک جاریش توندوتیژ دێتە بەرچاو. من نازانم ئایا تورکیا بە دیموکرات دەمێنێتەوە یاخود ئەردۆغان هەر لە دەسەڵاتدا دەبێت- ئەمە بەدەست تورکەکان خۆیانە. بەڵام ئەمانە داینامیکە کاریگەرەکانن. ئێمە لە ئایندەدا باسی ئاکامە ستراتیجەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەکەین پاش هەرەسهێنانی هەوڵە کودەتاییە شکستخواردووەکە.
بەشێوەیەکی کاتی، گرنگ ئەوەیە ڕووداوەکانی تورکیا لەوەدا کورت نەکەینەوە کە شەڕە لەنێوان ئایین و عەلمانییەتدا هەروەها نابێت بیریشمان بچێتەوە هەرچەندە دابەشبوونەکە زۆر گەورە کراوە بەڵام هێشتا هەر هەیە. تورکیا ناتوانێت چیتر ئەم دابەشبوونە فەرامۆش بکات وەک چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان نەیتوانی ئەو سازشکارییانە لەبیر خۆی بباتەوە کە دامەزرێنەرەکانی کردیان و بووە هۆی ئەوەی کۆیلایەتی هەتا ساڵی ١٨٦٥ بمێنێتەوە. هەرچەندە ئێمە ئەمڕۆ ئەم چوارچێوەیە بەکارناهێنین بۆ سەرنجدان لە گەشەپێدانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا پێویستە ململانێی ناوخۆی تورکیا کورتنەکەینەوە لە ململانێیەکی سادەی نێوان ئەقڵ و وەحییدا شەڕەکە لەسەر دەسەڵات و ئەوەیە کە کێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت. باقییەکەی چەواشەکردنی ڕاستییەکانە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure