دەوڵەتی کوردی مەبەستەکەیە

بۆچوون / بیروڕا :: 19/07/2016

نوسینی: فادیا فەهد
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


 (ڕەخنە لە ئۆجەلانییەکان بگریت مانای وایە لەگەڵ بارزانییەکاندای. ڕەخنە لە بارزانییەکان بگریت مانای وایە لەگەڵ ئۆجەلانییەکاندای. ڕەخنە لە خودی ئۆجەلان بگریت مانای وایە ئەردۆگانییت. ڕەخنە لە بارزانی بگریت مانای وایە تۆ ناپاکیت. ڕەخنە لە بارزانی و ئۆجەلان بگریت، داوەشێیت تۆ کورد نیت)
ئەمەی سەرەوە نوسینی هاوکارێکی کوردمە لە فەیسبووکەکەیدا و پوختەی واقیعە پەرش و بڵاوەکەی کوردە کە تا ڕادەی وێرانکاری و بزربوونی خەونی نەتەوەیی بە دەوڵەتێکی کوردییەوە دابەشبووە بەسەر خۆیدا.
واقیعێکە دابەشبوونەکانی لوبنانم بیردەخاتەوە، ئەو دابەشبوونانەی کە فرە ئینتیما و فرە کلکن بۆ دەرەوە و عەیبوشورەیی ناتوانن گفتار و داواکاری و ڕیزەکان یەکبخەن، تەنانەت لە ناخۆشترین بارودۆخی چارەنووسییشدا کاتێک کە پێکهاتەی لوبنان دەکەوێتە بازنەی مەترسی لەناوچوونەوە.
ناکۆکییە سورییەکە دەچێتە قۆناغێکی تەمومژاوییەوە کە تیایدا خەیاڵەکانی دەوڵەتە کوردییە بەڵێندراوەکە دەبنە سێبەری جموجۆڵە دیپۆماسی و دانوستانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە گورجوگۆڵەکان بۆ داڕشتنی نەخشە تازەکەی ناوچەکە، کە ڕەنگە یەکێک لە ئەنجامەکانی بریتی بێت لە سەرلەنوێ دیاریکردنەوەی سنوورەکان و لەتوپەتبوونی چەند دەوڵەتێک و دروستبوونی چەند دەوڵەتێکی دیکە، بەتایبەت پاش زۆربوونی قسەوباس دەربارەی پاشەکشەکردنی دەوڵەتی داعش و هەرەسهێنانی لە ئایندەیەکی نزیکدا.
گرێکوێرەی ناکۆکییەکەی سوریا بریتییە لە دەوڵەتە کوردییەکە. خۆرئاوا لاری نییە لە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئەو دەوڵەتە، لەکاتێکدا کە وڵاتانی ناوچەکە زەندەقیان چووە و هاوکاری یەکتری دەکەن کە پێش لەدایکبوونی زیندەبەچاڵی بکەن. گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کە لەناو هاوپەیمانی نێوان لایەنە جیاجیاکان و تەنانەت لە ڕیزەکانی یەک هاوپەیمانیشدا بینیمانن، هەموویان ترسی دروستبوونی دەوڵەتێک سەپاندوونی کە دەبێتە دەستپێشخەرییەک لە ناوچەکەدا و ئیشتیهای نەتەوەکانی دیکە بکاتەوە بۆ داواکردنی سەربەخۆیی. تورکیای زەندەق چوو بە ئاشکرا دەروازەکانی بۆ ڕوسیا کردەوە و هاوپەیمانییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا نوێکردەوە و چەندین هێڵی گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ دراوسێکانیدا کردەوە و تەنانەت ئامادەییشی نیشاندا لەگەڵ خودی بەشار ئەسەددا کۆببێتەوە تەنیا لەبەرئەوەی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتە کوردییەکە کۆدەنگییەک دروستبکات.
بە دەردی دیپلۆماسییەکی دێرین دەڵێت :(دەوڵەت بە خەون دروست نابێت بەڵکو زادەی داتا جوگرافی و مرۆییەکانە) لەبەرئەوە هەرچەندە دەوڵەتی کوردی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە خەونی کوردە و لە شیعر و ڕۆمانی نوسەرەکانیدا بووەتە داینامۆیەکی بزوێنەری هەست و سۆز بەڵام نە جوگرافیا و نە ئابووری و نە بارودۆخی ناوچەیی، هیچیان ڕێگە بە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە نادەن. پێگەی ئەم دەوڵەتە لەناو زنجیرەیەک چیای بەرز وسەختدا کۆمەڵە کوردییەکانی لەڕووی جوگرافی و کەلتووری و سیاسییەوە دابەشکردووە و بووەتە هۆکارێک کە کوردەکان زیاتر ڕقیان لە یەکتری بێت. هەبوونی نەوت هەرگیز مانای هەبوونی سەرچاوە مادییەکانی دەوڵەت ناگەیەنێت، دەوڵەتێک کە هیچ دەرگایەکی نییە بەڕووی دەریادا بەڵکو هەر بە کۆیلەی ڕەزامەندیی دەوڵەتانی دراوسێوە دەمێنێتەوە کە ئاخۆ قایل دەبن ئەو دەوڵەتە نەوتەکەی هەناردە بکات و کەلوپەلی پێویست هاوردە بکات.
کورد هیوایەکی گەورەی بەوە هەیە کە حەز و ویستی گەورە هێزەکان ڕێگە بدات بە دروستبوونی دەوڵەتە کوردییەکە و بەو دەنگوباسانەی کە دەڵێن ڕەنگە ئەمریکا پشتیوانی بکات لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی گەورە کە دەتوانێت (هەبوونی دەوڵەتێکی هاوڕێ و هاوپەیمان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل مسۆگەر بکات و هاوسۆزی ملیۆنەها کورد بۆ ئەمریکا بەکاربهێنێت لەناوچەیەکی ستراتیجیدا کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕقی زیاتری عەرەب لە ئەمریکا هەڵدەکشێت).
هەتا ئێستا چانسی سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی کوردی تا ئەندازەیەکی زۆرلە نیوەدایە. چانسێک کە ڕەنگە گۆڕانکاری لە هاوپەیمانییەکانی ئێستا و لە وەرچەرخانی ستراتیجی گۆڕانیان بەسەردا بهێنێت. ئایا دەرفەتەکە لەکیس کورد دەچێت کە چرکەساتێکی مێژووی بقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی مێژووی دەوڵەتە ئامادەکەیان، وەک چۆن لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەکیس چوو کاتێک کە ناوچەکە دابەشکرایەوە لەنێوان لایەنە سەرکەوتووەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا بێئەوەی ئەمان شاد و شکور بکات بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، و پاش ئەوەی بریتانیای هاوپەیمانیان دەستی لێبەردان لەپێناو ڕازیکردنی هاوڕێ تورکەکانیدا ،ئەتاتورک،؟ ئایا ئەمڕۆ سەرەڕای گۆڕینی یاریزانەکان مێژوو جارێکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە؟





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە