هه‌نگ و هه‌نگوین و پێوه‌دان !!

بۆچوون / بیروڕا :: 18/07/2016

سه‌رچاوه‌: شه‌رقولئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

"ژیام و ئاوازه‌كانى خۆمم نه‌ژه‌ند به‌ڵكو به‌رگریم له‌ گیتاره‌كه‌م كرد" ئه‌مه‌ وته‌ى نووسه‌رى كۆچكردووى میسرى عه‌بده‌لڕه‌حمان ئه‌لخه‌میسى- یه‌ كه‌ داواى له‌ میراتگره‌كانى كردووه‌ له‌سه‌ر كێلى گۆڕه‌كه‌ى بینووسن. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ له‌ دنیاى خۆرهه‌ڵاتى خۆماندا فره‌جۆرێتى زۆرى هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات و روناكبیر به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆز و پێكداچوودان كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و ئامانجیان تێدایه‌، ئاره‌زوو و ترسیان تێدایه‌. بێگومان هونه‌رمه‌ند ده‌یه‌وێت ئاوازه‌كه‌ى بژه‌نێت و فیلمه‌كه‌ى به‌رهه‌مبێنێت و تابلۆكه‌ى بكێشێت، به‌ڵام له‌ولایشه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت حساباتى ئاڵۆزى خۆیى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌درێژیى هێڵه‌كه‌ لایه‌نگرى بێت و هوتاف به‌ناویه‌وه‌ بكێشێت. لێره‌وه‌ هه‌ندێك له‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌بنه‌ ده‌نگى ده‌وڵه‌ت و عاده‌ته‌ن ده‌كه‌ونه‌ نیعمه‌تى ره‌زامه‌ندبوونیه‌وه‌ كه‌ زۆرجار ده‌خرێنه‌ پێشه‌وه‌ و خه‌ڵاتباران ده‌كرێن. هونه‌رمه‌ندانى دیكه‌یش هه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ى هێڵه‌كه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ بۆیه‌ ته‌نگیان پێهه‌ڵده‌چنرێت و كار ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى بخرێنه‌ زیندانیشه‌وه‌. 
عه‌باس كیا ڕۆسته‌مى، ده‌رهێنه‌رى گه‌وره‌ى ئێرانى كه‌ نزیكه‌ى دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر كۆچى دوایى كرد، رێگه‌ى سێیه‌مى گرت. ئه‌و وه‌ك هه‌نگێك ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا كرد"هه‌نگوینه‌كه‌تم ناوێت و پێوه‌م مه‌ده‌". به‌ڵام قوتابیه‌كه‌ى ئه‌و (جه‌عفه‌ر په‌ناهى) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناونیشانه‌ دره‌وشاوه‌كانى سینه‌ماى ئێرانى، له‌سه‌رده‌مى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد دا كه‌وته‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و به‌مه‌یش له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى وڵاته‌كه‌یدا راگیرا و رێگه‌ى ئه‌وه‌ى پێنه‌درا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوور، هه‌روه‌ك به‌فه‌رمانى دادگایش بۆ ماوه‌ى 20 ساڵ هه‌موو كارێكى پیشه‌كه‌یى لێ قه‌ده‌غه‌كرا، ئه‌گه‌رچى له‌ رووى پراكتیكه‌وه‌ ئه‌مه‌ رێگرنه‌بوو له‌وه‌ى كارى ده‌رهێنان بۆ چه‌ند فیلمێك بكات كه‌ به‌شداریى فێستیڤاڵه‌ گه‌وره‌كانیان پێكرا، پێش دووساڵیش له‌ شارى به‌رلین خه‌ڵاتى ورچى زێڕینى پێدرا له‌ پاى فیلمى (تاكسى)یه‌كه‌یدا.
جگه‌ له‌و (جه‌عفه‌ر په‌ناهى)، ده‌رهێنه‌رێكى دیكه‌یش هه‌یه‌ (موحسین مه‌خمه‌ڵباف) كه‌ رێگه‌ چاره‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌ڵبژارد و ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ خێزانیدا كه‌ زۆربه‌یان كارى ده‌رهێنانى فیلمى سینه‌مایى ده‌كه‌ن، وڵاتى جێهێشت و چووه‌ پاریس، بۆ ئه‌وه‌ى فیلمه‌ رێگه‌پێنه‌دراوه‌كانى خۆى، له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى ئێران پێشكه‌ش بكات.
كیا رۆِسته‌مى ناتوانێت نیشتمانه‌كه‌ى جێبهێڵێت و نایشكرێت ده‌ستبه‌ردارى هه‌ڵوێستى خۆى ببێت، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات دووڕوویى نانوێنێت. بۆ نموونه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوور كارى ده‌رهێنانى فیلمه‌كانى (كۆپیى به‌رامبه‌ر راستیى)ى له‌ ئیتالیا و (وه‌ك عاشقێك)ى له‌ ژاپۆن ئه‌نجامدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ردوو ئه‌م فیلمه‌ رابمێنیت ده‌بینیت به‌گوێره‌ى بنه‌ماكانى ئێران كراون كه‌ نابێت توندوتیژى یان سێكس یاخود دیمه‌نى رووتى تێدابێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فیلمى یه‌كه‌م له‌ ژینگه‌ى ئیتالیا و ئه‌وه‌ى دووه‌میش له‌ ژاپۆن كراوه‌، ده‌بوو ژنانى ناو فیلمه‌كه‌ حیجاب نه‌بوونایه‌ به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌ و كه‌سێتیه‌كانى به‌جۆرێك ده‌ستنیشان ده‌كات هیچ ئه‌گه‌رێك نه‌هێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دیمه‌نێك پێچه‌وانه‌ یان ناكۆكبێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما تونده‌كانى سینه‌ماى ئێرانیدا. هه‌روه‌ك بۆ خۆیشى له‌ هه‌موو لێدوانه‌كانیدا وریاى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س راینه‌كێشێته‌ بوارى هێرشكردنه‌ سه‌ر رژێمه‌كه‌.
ئه‌سغه‌ر فه‌رهادى، قوتابی كیا رۆسته‌مییش كه‌ ده‌رهێنه‌رێكى به‌ناوبانگى ئێرانیه‌، هه‌مان ئه‌و هه‌نگاوه‌ى مامۆستاكه‌یى دووباره‌ كرده‌وه‌ كاتێك پێش سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر فیلمى فره‌نسى (رابردوو)ى به‌رهه‌مهێنا و ئه‌ویش پابه‌ند بوو به‌ بنه‌ماكانى سینه‌ماى ئێرانیه‌وه‌.
ده‌وڵه‌ت هه‌میشه‌ به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ناوبانگێكى جیهانى به‌ده‌ستدێنێت. بۆ نموونه‌ ده‌رهێنه‌رى میسرى (یوسف شاهین) ئه‌مه‌ى به‌سه‌رهات چونكه‌ به‌ر هه‌رسێ سه‌رۆكه‌كان عه‌بدولناسر و سادات و موباره‌ك كه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو كار نه‌گه‌یشته‌ زیندان یان دوورخستنه‌وه‌ى. 
عه‌باس كیا رۆسته‌مى وه‌ك چۆن به‌ڕاست هونه‌رمه‌ندێكى جیهانى بوو له‌هه‌مانكاتدا هونه‌رمه‌ندێكى ناوخۆیى ئێرانیش بوو. به‌رده‌وام وه‌ك ده‌نگێكى به‌رگریكارى ئازادیى مایه‌وه‌. ئه‌و له‌ پشتیوانیى و هاوخه‌میى ئه‌و هاوڕێیانه‌ى دانه‌بڕا كه‌ به‌هۆى فیلمه‌كانیانه‌وه‌ دوورخرانه‌وه‌ یان وڵاتیان جێهێشت یاخود زیندانیكران، له‌هه‌مانكاتدا وریا و به‌ئاگابوو له‌وه‌ى كه‌ نه‌كه‌وێته‌ توندوتیژییه‌وه‌ و باجى قورسى له‌سه‌ر بدات. كیا رۆسته‌مى كه‌ به‌لاى زۆر كه‌سه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ى جیهان، قسه‌ى خۆى ده‌كات و چاوه‌ڕێى هیچ نییه‌. هه‌نگوینى ده‌سه‌ڵاتى ناوێت و به‌رگه‌ى پێوه‌دانیشى ناگرێت!.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure