لێدان- دیاری

بۆچوون / بیروڕا :: 18/07/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێرانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
جوانترین دیاری لە دوژمنەکانتەوە بۆت دێت کاتێک کە لێکدانەوە و خەمڵاندنی هەڵە دەکەن و ڕق و ترس توشی بێموبالاتییان دەکات. وا دەزانن کە بارودۆخەکە گونجاوە بۆئەوەی خەنجەرێکی کوشندەت لێبدەن. ئای کە زەحمەتە کۆلۆنێڵەکان تێبگەیەنیت کە دنیا گۆڕاوە و گەڕاندنەوەی کاتژمێرەکان بۆ دواوە تەنیا هەر بەوە ناکرێت بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن داگیربکەیت.
پێش ئەوەی خەو زۆری بۆ بهێنێت زەردەخەنەیەک دایدەگرێت شریتی ڕووداوەکانی بیردەکەوێتەوە. ئای شەوێکی چەند سەخت بوو ئەو شەوە ئەگەر سەربکەوتنایە و فڕێیان بدامایەتە زیندانێکی لەوەی زیندانەکەی محەمەد مورسی. گومانم لەوەدا نییە بەشار ئەسەد نەخەوتووە و هەر چاوەڕێی هەواڵێکی خۆش بووە. هەروەها (عەبدولفەتاح سیسی)ش نەیتوانیوە زوو بخەوێت و (فەتحوڵا گولەن)یش ئەو شەوە خۆی بۆ ئاهەنگ ئامادەکردووە.
گەل هاتە ناو مەسەلەکەوە، هەروەها حیزبەکان و دامەزراوەکانیش. شانسیش هاتە ناو مەسەلەکەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو لە چارەنووسی ڕەش. نامەیەکی کورت و وێنەداری ئەو لەڕێگەی تەلەفۆنێکی زیرەکەوە، لایەنگرەکانی وەریانگرت و ڕژانە ناو شەقامەکانەوە. ئابڵوقەی ئەو کۆمەڵانەیان دا کە دەیانویست ئابڵوقەی سەر شوێنە هەستیارەکان توندتر بکەن. هەروەها شانسیش رۆڵی هەبوو کاتێک کە بەشە بنەڕەتییەکەی سوپا ڕازی نەبوو بەشداری بکات لەو سەرکێشییەدا. بەم جۆرە زەبرەکە ڕێی خۆی هەڵە کرد و بەر ئەوانە کەوت کە زەبرەکەیان وەشاندبوو. نە دوژمنەکانی ناوخۆ ئاهەنگیان گێڕا و نە نەیارەکانی دەرەوە لە سایەی دڵخۆشی و پاکتاوکردنی حساباتەکاندا خەویان لێکەوت
ئای چەند جوانە تیری دوژمنەکانت سەربکەن و بگەڕێنەوە بۆ سنگی خۆیان، کودەتاکەشیان ببێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ تۆ. وەک سیمبولی شەرعییەت خۆت نیشانی جیهان بدەیت و بە گۆڵچی کۆمارت تێبگەن. جەماوەریبوونی خۆت تۆختر بکەیتەوە و وێنەکەت بخەیتە بریسکە. لەناو ئاپۆڕای پڕ لە جۆش و خرۆشی جەماوەردا نغرۆ ببیت و سەرپشککردنێکی مەیدانی فراوانی وا بەدەستبهێنێت خۆشتر بێت لە چێژی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەم زەبری خەنجەرە دیارییەکە لەکاتی خۆیدا هات. لەکاتێکدا هات کە وێنەکەی سوڵتان کەوتبووە لەرزە و هەژان. سیاسەتی سفرکردنەوەی گیروگرفتەکان بە سفرکردنەوەی هاوڕێیەتییەکان کۆتایی هات. دۆسیەکان دەریانخست لێکدانەوەکان بۆشن. ئیتر وەک سەرەتاکانی بەهاری عەرەبی نموونە تورکییەکە سەرنجی کەسی ڕانەدەکێشا. کەشتییەکەی سیاسەتی تورکی خۆی دا لە بەردی زۆر گەورە. زریانە ئابوورییەکانی وڵات خۆی دا لە ملیارەها.
نەیارەکان خۆیان ئامادە دەکرد بۆ لێپرسینەوە لێی. گوتیان ئەو زیادەڕەویی کردووە لە تۆمەتبارکردن و دروستکردنی قەیرانەکاندا. نەیزانیوە یاریکردن لەگەڵ گورگەکاندا چەند ترسناکە. کارئاسانی کردووە بۆ هاتوچۆی تیرۆریستەکان و وایزانیوە لەگەڵ ئەواندا یەک ئاڕاستەی هەیە. پەندی لە ئەزموونەکەی ڕژێمی سوری وەرنەگرت کاتێک کە جیهادییەکانی تێپەڕاند بۆ عێراق و ئەوەتا ئێستا ئەوە دەدورێتەوە کە چاندبووی. گوتیان ئەو نکۆڵی کردووە لەو بەڵێنانەی کە دابووی بە کورد و لەئاکامدا بۆبمەکانیان بە سەربازەکانی ئەودا دەتەقنەوە. گوتیان هەڵەکانی ئەو لەگەڵ واشنتۆن و مۆسکۆدا پێکەوە پاڵیان بەو دوو وڵاتەوە نا خزمەتی کوردەکانی سوریا بکەن و لەسەر ڕێگەی هەرێمێک لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا دایان بنێن.
وێنەکەی سوڵتان دەستیکردبوو بە لەرزە، ڕەشەبای گۆشەگیرکردنیش بەڕووی ڕژێمەکەدا هەڵیکردبوو. وڵاتەکەی خەریکبوو گەمارۆ دەدرا بە یەکینە کوردییەکان و بە میلیشیاکانی جەنەڕاڵ قاسم سلێمانی. پایتەختەکانی خۆرئاواش گومانی زۆریان هەیە لە دیموکراسیبوون و عەلمانیبوون و هەروەها لە هەڵوێستی ئەو بەرامبەر قەیرانی پەنابەران. مۆسکۆ چاوەڕێی وەخت و سەعاتی پاکتاوکردنی حساباتەکەی دەکرد. سوڵتان بۆ زریانەکە چەمییەوە. داوای لێبووردنی لە قەیسەرکرد. پەیوەندییە گەرموگوڕەکانیشی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەستپێکردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە چاو دەخشێنێتەوە بە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانیدا لەگەڵ دەرودراوسێکاندا.
کتوپڕ کۆلۆنێڵەکان هەڵەی تەمەنیان کرد. شانس و گەل هاتنە ناو مەسەلەکەوە و حیزبەکان یەکیان گرت. ڕقیان لێی بێت و خۆشیان  بوێت ئەو هەر ژمارەیەکی گرنگە. دەچێتە هەڵبژاردنە ئازادەکانەوە و بە سەرکەوتوویی دەگەڕێتەوە. ئەمە نە کەمە و نە دیاردەیەکی بەربڵاویشە. لاوەکەی ئیستەنبوڵ کۆماری پاراست و شەپۆلی تۆمەتەکانی داباراند بەسەر بانگەوازخوازەکەی نیشتەجێی پەنسلڤانیا. سەری ئەفسەر و حاکمەکان کەوتنە خوارەوە. دیارە کەمال ئەتاتورک جارێکی تر مردەوە کە بینی سەربازەکان دەستی ڕادەستبوون بەرزدەکەنەوە بۆ سەربازی دیکە. لاپەڕەیەک لە تورکیادا دادرا و لاپەڕەیەکی دیکە کرایەوە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئاخۆ گەنجەکەی ئیستەنبوڵ چی لەم سامانە فراوانە دەکات کە ئەو زەبرە پێیبەخشی؟ 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure