تورکیا پێویستی بە ئاشتبوونەوەیە نەک ڕووبەڕووبوونەوە

بۆچوون / بیروڕا :: 17/07/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵلا
ئاواتەخوازبووم هەوڵە کودەتا سەربازییەکە لە تورکیا زەنگی ئاگادارکردنەوە بێت کە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وا لێبکات سیاسەتەکەی ڕێک بکاتەوە یاخود بیگونجێنێت بۆ دەرچوون لە هەڵوێستی توندڕەو کە پێچەوانەی کاری دیموکراسییە، بەڵام واپێدەچێت سەرۆک لەو هەوڵە کودەتایەدا دەرفەتێکی بینیبێت بۆ (پاککردنەوەی هێزە چەکدارەکان) وەک دوێنێ لە لێدوانێکدا وتی.
کودەتاچییەکان لانی کەم پێنج جەنەڕاڵ و نزیکەی ٩٠ کۆلۆنێڵ و دەیان ئەفسەری دیکە بوون، بەیاننامەکەشیان ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەردۆغانیان تۆمەتبارکرد کە ئەو عەلمانیەتەی تێکداوە کە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە لە وڵاتدا لە ئارادایە. هەندێک لە کودەتاچییەکانیش هەڵهاتن بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەردۆغان هەوڵەکەی قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانی پێشووی و دوژمنی ئێستای (فەتحوڵا گولەن) کە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا نیشتەجێیە، خۆی و لایەنگرەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەستیان هەیە لەو هەوڵە کودەتاییەدا. گولەن بە هێرشکردنە سەر هەوڵەکە وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و گوتی ڕێگەی دەسەڵات هەڵبژاردنە نەک بەکارهێنانی هێز.
گومانی تێدا نییە پارتی داد و گەشەپێدان جەماوەرێکی گەورەی لە تورکیادا هەیە چونکە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لە تێکڕای هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. هەروەها بنکەی حیزب، بەتایبەت لە ئەنادۆڵدا جێگیرە و لەسەر داوای ئەردۆگان ئەندامانی حیزب چوونە سەر شەقامەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاچییەکان.
واپێدەچێت لە ئەنقەرەدا شەڕی ئاسمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەر شەقام ڕوویان دابێت، ئەنجامەکەشی مردنی ١٨٠ کەس و برینداربوونی نزیکەی ١٥٠٠ کەس بوو. ئەردۆغان هێندەی ئەو سەربازانە بەرپرسیاری هەوڵەکەیە کە ویستیان بیڕوخێنن، چونکە ئەو سەرەتا وەک دیموکراسییەک دەستی پێکرد کەچی سەرەنجام وەک سوڵتانێکی عوسمانی دەرکەوت. ڕۆژنامەنووسانی گرت و زیندانی کردن و چەندین ڕۆژنامەی داخست و هەڕەشەی لە چەندینی دیکەش کرد. چووە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارییەوە لەگەڵ لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا پاش ئاگربەستێکی چەندین ساڵە. لەئاکامی ئەمانەدا وڵات کۆمەڵێک کاری تیرۆریستی بینی هەر لە ئەنقەرەوە تا ئەستەنبوڵ و سروج و ناوچەکانی دیکە.
ئێمە ئەوەی بۆ تۆمار دەکەین کە پشتیوانی فەڵەستینییەکان بووە لە غەزە و کەشتی ئاشتی (ماڤی مەرمەرا)ی بۆ ناردن کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگرییان لێکرد و ٩ چالاکوان لەناو کەشتییەکەدا کوژران و پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل پچرا. بەم دواییانە ئەو پەیوەندییانە گەڕانەوە بەڵام ئابڵوقەی سەر غەزە هەر بەردەوامە کە لەژێر حوکمی ئەو حەماسەی کە وەک شێوازی بیرکردنەوەی پارتی داد و گەشەپێدان هەمان پاشخانی هەیە لە ئیخوان موسلمیندا.
من زیاد لە جارێک ئەردۆغانم بینیوە و بیرم ناچیتەوە کە جارێکیان گفتوگۆیەکی بەجێهێشت لە داڤوس چونکە شەمعون پیریزی تێدابوو، بەڵام وردە وردە هەڵوێستم بەرامبەری گۆڕا، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمیندا سەردانی میسری کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی چەندین ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ حکومەتەکەیاندا ئیمزا کردووە. ئەمە درۆیە چونکە تورکیا ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی پێشتردا ئیمزاکردبوو، کە خودی خۆم بەرلەوەی ئیخوانەکان بگەنە دەسەڵات و بەرلەوەی ئەردۆغان لە قاهیرە سەردانیان بکات من لەم گۆشەیەدا لەسەرم نوسین.
کردەوە تیرۆریستییەکان لە تورکیادا هەم ئیدانەی تیرۆریستەکان دەکەن هەم ئیدانەی ئەردۆغان. حکومەتەکەشی باجەکەی دا. ڕوسیا لەڕووی گەشتوگوزارییەوە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بچڕاند و پاشان چەندین ڕێککەوتنی ئابووری ڕاگرت. هەروەها ئەردۆغان هەڕەشەی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد بەوەی کە دەرگا بەڕووی ئاوارەکاندا دەکاتەوە هروژم بەرن بۆ ئەوروپا، پاشان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەورپادا ئیمزاکرد کە من بە سەرانەی دەزانم و بەشێکی کەمی لێ جێبەجێ کراوە.
ئەردۆغان ئێستا تۆمەتبارە بەوەی کە چاوپۆشی دەکات لە جموجۆڵی تیرۆریستەکانی داعش لە سوریادا، هەرچەندە من بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەم سەبارەت بەم تۆمەتە لا نییە، بەڵام بەڵگە هەیە لەسەر هەوڵی بەردەوامی بۆ سەرکوتکردنی کوردەکانی وڵاتی خۆی هەرچەندە ئەوان ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوان پێکدەهێنن و ئەو حیزبەش کە نوێنەرایەتییان دەکات، پارتی گەلی دیموکراسی، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم دواییەدا (٥٩) کورسی بەدەستهێنا، کەچی ئەردۆغان هەڕەشەی زیندانیکردن لە ئەندامەکانی دەکات.
تورکیا ئەمڕۆ پێویستی بە ئاشتبوونەوەیە لەنێوان شەبەنگەکانی گەلەکەیدا نەک ڕووبەڕووبوونەوە. پێدەچێت ئەردۆغان شایستە نەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە چونکە بەجۆرێک ڕەفتار دەکات وەک ئەوەی هەر ئەو بەتەنیا ڕاستییەکان بزانێت. ڕەنگە ئەحمەد داود ئۆغلو، وەزیری دەرەوە و پاشان سەرۆکوەزیرانی ئەردۆغان بناغەکانی ئاشتبوونەوەیەکی نیشتمانی داڕشتبێت، بەڵام ئەردۆغان لەسەر کار لایبرد چونکە دەترسا ببێتە ڕکابەری. دۆخەکەش ڕووی لە خراپی کرد. تیرۆر سەریهەڵدا و ئینجا هەوڵی کودەتا.








created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure