كودەتاكە بۆچی بەو پلانە تۆكمەیەوە شكستی هێنا

بۆچوون / بیروڕا :: 16/07/2016

وەرگێڕانی: نەبەز كەمال نوری
وەك هەموو دنیا دوێنێ شەو بینییان‌و بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەكانەوە كودەتای سەربازی لەتوركیا روویدا.. كودەتاكە 60 لەسەدی سوپای توركیای لەگەڵ بوو، بەسەرۆكایەتی ئەركانی هێزی ئاسمانی‌و پیادەوە، تەنانەت سەربازەكانی هێزی یەدەگیش رژانە سەر شەقامەكان بۆ پشتیوانیكردنی هاوڕێكانیان، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كودەتایەكی پلانرێژ‌و رێكخراو لەئارادابوو دژی دەسەڵاتی ئەردۆگان.
ئەوە بوو تانكەكانی رژانە شەقامەكانی ئەنكەرەو ئەستەنبووڵەوە، گەورەترین دوو شاری توركیا، هێلیكۆپتەرەكانی سوپاش پڕ لەسەرباز كران بۆ ئەوەی لەشوێنە سەرەكی‌و گرنگەكان داببەزێنرێن بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنیان‌و لەوەشدا سەركەوتوو بوون، ئیدی دەست بەسەر بیناكانی تەلەفزیۆن‌و ئاژانسی هەواڵی فەڕمی‌و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورك‌و بینای پەرلەمان‌و كۆشكی سەرۆكایەتیدا گیرا كە ئەردۆغان لەوێ بوو، ئەمیش خێرا بەهێلیكۆپتەرێكی سەربازی گوازرایەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەنكەرەو داوای لێكرا خێرا وڵات بەجێبهێڵێت، ئەردۆغان بەمەرجی سەركردەكانی كودەتاكە قایلبوو، بەو مەرجەی ژیانی خۆی‌و خێزانەكەی پارێزراو بێت‌و مەرجەكەی بەهەند وەرگیرا.

 
دواتر لەناو فڕۆكەكەوە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تۆماركرد لەسەر سكایپ كە تیایدا داوا لەلایەنگرەكانی دەكات جیهاد بكەن‌و برژێنە سەر شەقامەكان بەچەكەوە بۆ راگرتنی كودەتاكە. لەیەكەمین سەعاتەكانی كودەتاكە كەس نەهاتە دەرەوە، دیمەنەكە زۆر تەمومژاوی بوو، تەنها ئەوانە لەدەرەوە بوون كە لایەنگری كودەتاكە بوون‌و بینیمانن هەزارانیان لەتەنیشت تانكەكانی سوپاوە رێیان دەكردو سڵاویان لەسەربازەكان دەكردو ئاڵای توركیایان بەرزدەكردەوە وەك ئاماژەیەك بۆ موستەفا ئەتاتوركی دامەزرێنەری توركیای نوێ.
ئەی دواتر چی روویدا؟
فڕۆكەكەی ئەردۆغان لەفڕۆكەخانەی ئەنكەرەوە بەرەو دەرەوەی وڵات كەوتەڕی، ئەردۆغان داوای داڵدەی لەئەڵمانیا كردو ئەڵمانیا نەیگرتەخۆی، پاشان داوای لەئازەربایجان كردو ئەویش سنوورەكانی بەروویدا داخست، ئێرانیش بەهەمان شێوە ئاسمانی خۆی بەرووی ئەردۆغاندا داخست، تەنها روسیا ئامادەیی پیشاندا بۆ پێشوازیكردنی. 

ئەردۆغان هیچ رێگەیەكی بۆ نەمایەوە گەڕانەوە نەبێت، ئەوەش خاڵی وەرچەرخانی گەورە بوو، فرۆكەكەی ئەردۆغان لەبنكەی ئنچەرلیك لەباشووری توركیا نیشتەوە، پێش ئەو نیشتنەوەیە وەك رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان ئەردۆغان‌و ئۆباما هەر لەناو فڕۆكەكەوە روویدا، ئەردۆغان داوایكرد رێگا بدرێت بەفڕۆكەكەی كە لەو بنكە سەربازییە بنیشێتەوە، دوای ئەوە بەچەند چركەیەك 12 فڕۆكەی جۆری ئێف 16 ی نەناسراو هاتنە ناو رووداوەكانەوەو ئاسمانی ئەنكەرەو ئەستەنبووڵیان تەنی‌و فڕۆكەكانی سوپای توركیایان خستەخوارەوە كە ژمارەیان 25 فڕۆكەی هێلیكۆپتەر بوو سەربازەكان‌و هەندێك سەركردەی كودەتاكەیان دەگواستەوە بۆ دەستگرتن بەسەر چەند ناوەندێكی سەرەكیی دیكەی وڵات. شەڕێكی راستەقینە لەئاسماندا روویدا لەنێوان هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو هێلیكۆپتەرەكانی سوپای تورك كە هەموویان خرانەخوارەوەو هەرچییان تێدا بوو كوژران، ئەوانە ژمارەیان نزیكەی 800 سەربازو 50 ئەفسەر بوو. هێلیكۆپتەرەكانی سوپای تورك وەك مێش كەوتنەخوارەوە، زیاتر لە 24 هێلیكۆپتەری پڕ لەسەربازو سەركردەو ئەفسەر بەچاوترووكانێك خرانەخوارەوە، كێ خستنییە خوارەوە؟ ئەگەر سەركردەكانی كودەتا خۆیان سەركردەی هێزی ئاسمانی توركیا بن بەڵام بەبێ‌ سیستمی پاتریۆتی ئەمریكی دژەمووشەك‌و دژەفڕۆكە.

سەركردەی هێزی ئاسمانی توركیا لەدەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA)یەوە تەلەفۆنێكی بۆ كرا پێی وترا خۆی بدات بەدەستەوەو كودەتاكە رابگرێت، ئەگینا هەر لەئاسمانەوە سەری هەموو سەربازەكانی توركیا لەسەر سنوورەكان‌و لەناو شەقامەكاندا پان دەكرێتەوە، سەركردەكانی كودەتا هیچ چارەیەكیان نەما راگرتنی كودەتاكە نەبێت‌و فەرمانیان دا بەسەربازەكانیان لەشەقام بكشێنەوەو كۆتایی بەكودەتاكە بهێنن. ئەوەبوو رۆژی دواتر ئەردۆغان لەبنكەی ئینچەرلیكی ئەمریكییەوە بەسواری گەورەترین فڕۆكەی جەنگی زەبەلاح لەجیهاندا گەڕایەوە بەرەو ئەنكەرە كە فڕۆكەی هێركۆلیسە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure