بڕینی خوێنبەرەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 16/07/2016

دواڕۆژ

نووسینی: غەسان شربل
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
١٦ی تەموز
ئەوەی شاری (نیس) بینی ترسناکترە لەو ڕووداوانەی کە پاریس و برۆکسل بینیانن، هەرچەندە لە کۆتاییدا کوشتن هەر کوشتنە. جیاوازی هەیە لەنێوان تەقینەوەی خۆکوژێک لە چاو تروکاندنێکدا یاخود داباراندنی گوللە بەسەر نەفەرەکانی ناو چێشتخانەیەکدا، لەگەڵ شۆفێری ترێلەیەکدا کە بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات زۆرترین ڕێبوار بکات بە ژێرەوە. ئەم ئەنجامدەرە فرەنسی- تونسی-یە توانی ژمارەی پێوانەیی تۆماربکات لە کوشتندا بەو ڕێگەیە.

 
ئەو ڕەگەزنامەی ئەوانەی نەدەزانی کە دەیانکات بەژێرەوە هەروەها نەشیدەزانی سەر بە چ دین و مەزهەبێکن. زۆر شارەزا و پیشەییانە ڕەفتاری کرد. جیاوازی نەنواند لەنێوان قوربانییەکاندا. بەزەیی نەهاتەوە بەسەر هیچ ژنێک و منداڵێک و بەساڵاچوویەکدا. بۆ ئەو ئەرکە هاتبوو کە زۆرترین ژمارەی لاشە بگرێتە جەژنی نیشتمانی فرەنسا. ئەرکەکەش بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. ئای خودای من، جیهان لە خوێن و تاریکیدا نغرۆ دەبێت . گورگە تازەکان لە دیکتاتۆرەکان ترسناکترن.


هەندێک جار چەند پرسیارێکم بەخەیاڵدا دێن کە تەواو ڕۆژنامەنووسانە نین. ڕوخساری ئەنجامدەرەکە چۆن بووە کاتێک بەسەر لاشەکاندا بەو شەقامە بەناوبانگەدا پەڕیوەتەوە؟ چ کینەیەک لە چاویدا بریسکاوەتەوە؟ لە خوێنهێنەرەکانی سەریدا چی گوزەری کردووە؟ ئایا ڕاستە بە شەوقەوە چاوەڕوانی ئەو وادە نزیکەی کردووە پاش ئەوەی کە گوللەی پۆلیس دەیپێکێت؟ با ئەمە جێبهێڵین بۆ دەروونناسەکان و ڕۆماننووسەکان کە بە دڵنیاییەوە بابەتی زۆر دەنووسن دەربارەی ئەو گورگانەی کە بەگیانی تیم و گیانی گورگی تاک و تەنها کاردەکەن، ئەو گورگەی کە حەزی لە دەستپێشخەری تاکە.


ئەوەی قەسابخانەکەی (نیس) دەبەستێتەوە بە قەسابخانەکانی پێش خۆی چ بە کوشتن بێت یان بە خۆکوشتن یان سەربڕین یان بە شێلانی ئۆتۆمبیل، لەڕاستیدا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی بڕینی خوێنبەرەکانە. ڕێکخراوی داعش، پێش ئەویش قاعیدە، لەو باوەڕەدان کە دەستگرتن بەسەر وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا پەیوەستە بە بڕینی خوێنبەرەکانی پەیوەندی ئەم دەوڵەتانە بە خۆرئاواوە کە پێیان وایە چەتری پارێزەری ئەو ڕژێمانەن. خۆرئاوا بە ئامادەبوونە سیاسی و ئابووری و کەلتووری و ئیعلامی و توانای دەستوەردانی سەربازییەوە ئەگەر پێویست بکات. هەروەها ئەمانە باوەڕیان وایە کە وروژاندنی دنیای ئیسلام بەرەو شۆڕش تەنیا لەسەر ئاگرێکی بەتین دێتە دی، واتە لەسەر ناڵەی گڕتێبەردانی هێڵەکانی بەریەککەوتن لەگەڵ دین و شارستانی و مەزهەبەکانی دیکەدا.


سیاسەتی بڕینی خوێنبەرەکان بەهەردوو غەزای نیویۆرک و واشنتۆن دەستیپێکرد. هەڵبژاردنی ناسنامەی جێبەجێکارەکان بەڕێکەوت نەبووە. مەبەست لێی دروستکردنی قڵیشێکی کوشندە بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیەدا وەک نموونەیەک کە بتوانن دواتر دووپاتی بکەنەوە لە پەیوەندییە ئیسلامییە ئەوروپییەکاندا.
مەبەستێکی دیکەی بڕینی خوێنبەرەکان ماندووکردنی خۆرئاوایە لەم ناکۆکییە کراوەیەدا. بڕینی خوێنبەرەکانی ئاسایش لە پایتەختەکانی خۆرئاوادا تەنیا هەر شکۆکە لاواز ناکات بەڵکو لەگەڵیشیدا خوێنی ئابوورییەک بەردەدات کە بازاڕەکانی بۆرسە دەستبەجێ گوزارشت لە لەرزۆکی دەکەن. خوێنبەرێکی گرنگی تر کە تەفکیرییەکان دەیکەنە ئامانج خوێنبەری گەشتوگوزارە کە داهاتی مەزن بۆ وڵاتانی وەکو ئیسپانیا و تورکیا و فرەنسا دابیندەکات. ئێمە وانەیەکی تازە و دەربڕمان لەبەردەستدایە. ئەو هێرشانەی کە خوێنبەرە تورکییەکانیان کردە ئامانج و هاوکات بوون لەگەڵ گەڕانەوەی کردەوە سەربازییە کوردییەکاندا سوڵتانە بەفیزەکەیان ناچارکرد سیاسەتەکانی پێشووی فڕێبداتە ئاوەکانی بسفۆڕەوە و ئامادەبێت ئەو تاڵاوانە بخواتەوە کە جاران ئامادە نەبوو هەر ئاماژەشیان پێ بکات.


دیارە لەمانەش ترسناکتر هەیە، ئەویش هەوڵی بڕینی ئەو خوێنبەرانەیە کە ڕەوەندە عەرەبی و ئیسلامییەکان دەبەستنەوە بەو وڵاتانەی پێشوازییان لێکردن. لێرەدا پێویستە پێی لێبنێین کە (بەغدادی) لەم بوارەدا ئەنجامی وای بەدەستهێناوە ئوسامە بن لادن نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت. ئەویش کردنەوەی دەرگای ڕق و گومانە لەنێوان ڕەوەندەکان و دەوڵەتە خانەخوێکاندا، ئەو دەرگایەی کە رۆڵەکانی ئەم جالیە و ڕەوەندانە دەکاتە مین و قوربانی و هەتا دێت زیاتر پەراوێزیان دەخات و دەرفەتێکی ئاڵتونی بۆ ڕەوتە توندڕەوەکان و دەنگە ڕەگەزپەرستەکان دەڕەخسێنێت. من لەدوای ڕووداوەکانی برۆکسلدا ترس و نیگەرانیم دەبینی لەچاوی نەفەرەکانی میترۆوە کە هەرکاتێک عەرەبێک بە جانتایەکەوە سەربکەوتایە ئەوان ترسیان لێدەنیشت.


لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا کە داعش موسڵی داگیرکرد دوو پیاو هەڵەیەکی زۆر گەورەیان کرد. یەکەمیان باراک ئۆباما کە تووشی وەهمی خۆدوورخستنەوە بوبوو لە زەلکاوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دووهەمینیشیان ڤلادیمیر پۆتین کە بەدوای دەرفەتێکی گونجاودا دەگەڕا بۆ ڕاوکردن لە دەریاچەی خوێنەکەی سوریادا. ئەمانە وازیان لە داعش هێنا سەقامگیر ببێت و نەوت لە خوێنبەرەکانی دەوڵەتی خەلافەتدا قوڵپ بدات بە ئەندازەیەک کە بتوانێت سیاسەتی بڕینی خوێنبەرەکان دەست پێبکاتەوە.
چارەنووسی داعش هەر دۆڕانە چونکە لەژێر ناونیشانێکی دیاریکراودا نیشتەجێیە. ترسناکترین مەسەلە لە داعشدا ئەوەیە کە هەر بتوانێت رۆڵەی هەندێک ڕەوەند ڕابکێشێت و بەکاریان بهێنێت لە پرۆسەی بڕینی خوێنبەرەکاندا. قەسابخانەکەی نیس تەنیا هەر ئێستگەیەکە لە جەنگێکی درێژی جیهانیدا. دنیا پێویستی بە چارەسەری گەورەیە بۆ بڕینی خوێنبەرەکانی ڕق و بێهیوایی کە بەرهەمهێنەری داعش و دەستە خوشکەکانییەتی.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure