کورد ئەردۆغانی ناچارکرد بگەڕێتەوە بۆ لای ڕوسیا و ئیسرائیل

بۆچوون / بیروڕا :: 14/07/2016

دواڕۆژ
نوسینی: هودا ئەلحوسەینی
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵا

لە ٢٠ی مانگی مایسی ڕابردوودا و بەزۆرینەی ٣٦٧ دەنگ پەرلەمانی تورکیا ئەو یاسایەی پەسەند کرد کە دەتوانێت پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکان بسەنێتەوە بۆئەوەی دادگاییکردنیان ئاسان بێت. بەڵام لەبەرئەوەی یاسا تورکییەکانی تایبەت بە قەڵاچۆکردنی تیرۆر چوارچێوەیەکی فراوانیان هەیە کەواتە پەسەندکردنی ئەو یاسایە مانای وایە حکومەت و حیزبی داد و گەشەپێدان ١٣٨ پەرلەمانتارەکەی ئۆپۆزسیۆن و کوردی کردووە بە ئامانج بۆئەوەی ڕەوانەی دادگایان بکات. 


چاودێران بارودۆخ و ژینگەی کاتی پەسەندکردنی بڕیارەکەیان لەلایەن نوێنەرەکانی داد و گەشەپێدانەوە شوبهاند بەو سەردەمە تاریکانەی کە جاران وەکو زریان لە تورکیادا هەڵیان دەکرد. چاودێران، بەتایبەت ئەوانەی دیبەیتەکەی پارێزبەندی پەرلەمانیان بینیبوو دەڵێن ئەم قۆناغە لە ڕۆژانی ساڵی ١٩٩٤ دەچێت کە پەرلەمانتارە کوردەکانی تێدا بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کران و ئەوەش بووە هۆی توندوتیژترین قۆناغ لەنێوان تورکیا و کوردەکاندا.

هەرچەندە بەپێی یاسای تورکیا دەشێت هەموو ئەندام پەرلەمانێک بە تۆمەتی ڕەفتاری خراپ لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام مەبەست لەم یاسایە پارتی دیموکراتی کوردییە کە لە کۆی پەنجاونۆ پەرلەمانتار پەنجایان دەبنە ئامانجی دادگاکان.

لەڕاستیدا ئەم یاسایە گۆشەگیرییەکەی تورکیای چارەسەر نەکرد و هاوڕێکانی لێی دوورکەوتنەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکیش بەدوای دەرگایەکدا دەگەڕا پێشوازیی لێ بکات، کە ئیسرائیل پشتی تێکرد و پاشان ڕوسیا و ئینجا میسر (لەدوای بەهاری عەرەبی). لە وڵاتانی عەرەبی دۆستی پەیدا نەکرد. بە ئاوارەکانی سوریاش دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا کرد بێئەوەی بیانکاتە هاوڕێی خۆی، هەروەها سۆزی کۆشکی سپیشی لەکیس چوو. ئێستاش تورکیا ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی دەبێتەوە لەسەر خاکەکەی خۆی، جگە لە یاخیبوونە کوردییەکە. لەئاکامی ئەم بارودۆخە نائاساییانەوە ئەردۆغان هەستی کرد کە پێویستی بە هاوڕێیە، بۆیە عوزرهێنانەوەکەی ئیسرائیلی سەبارەت بە کەشتی (مەرمەرا) قبوڵ کرد و بە قەرەبووەکان ڕازی بوو و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیشی پەسەند کرد لەگەڵ بەڵێنی ئەوەدا کە ئیسرائیل ڕێی پێبدات یارمەتی غەزە بدات.
ئەردۆغان لەوەو پێش پەیوەندی باشی لەگەڵ حکومەتەکانی ئیسرائیلدا دروستکردبوو بۆیە ئەم پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیلدا شتێکی تازە نییە بۆ ئەو. لەلایەکی دیکەوە کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات بە توندی داوای ڕێککەوتن دەکەن لەبواری گازدا و بایەخێکی گەورە دەدرێت بە ڕاکێشانی هێڵێکی نەوت لە ئیسرائیلەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا. تورکەکان دروستکردنی ئەم هێڵەیان دەوێت و گەرەکیانە پشکێکیان هەبێت تێیدا، ئیسرائیلییەکانیش دەیانەوێت گازەکەیان بگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان.
شانبەشانی ئەم پەیوەندیکردنەوەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەردۆغان ڕووی کردە باکور و بڕیاری ئارامکردنەوە پەیوەندییەکانی دا لەگەڵ ڕوسیادا. ناچاری حوکمی خۆی هەیە. ئەردۆغان شتێکی وای نارد کە ڕوسەکان بەوەیان لێکدایەوە داوای لێبوردن کردنە لە ڤلادیمیر پۆتین سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٥دا. ئەردۆغان نەیدەزانی کە بە خستنەخوارەوەی ئەو سۆخۆیە یەکەمین هاوپەیمانی بازرگانی لەکیس خۆی دەدات کە ڕوسیایە. ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیاری ڕوسی دێن بۆ تورکیا و دەیان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن. هەروەها پەیوەندییە نەوتییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا مەسەلەیەکی بنەڕەتییە بۆ تورکیا. لەڕوانگەی ئەم چەمکانەوە ئەردۆغان ناچاربوو داوای لێبوردن بکات و مۆسکۆ ڕیگەی پێدا ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەکی جیاواز بخاتە بەردەم ڕای گشتی وڵاتەکەیەوە. ئەوە بوو ڕایگەیاند کە دوای لێبوردنی نەکردووە بەڵکو غەمباری خۆی نیشانداوە. لایەنگرەکانیشی دەڵێن مۆسکۆ و ئەنقەرە لە ناوەڕاستی ڕێگەکەدا بەیەک گەیشتوون و پەیوەندییەکانیان گەڕاندووەتەوە. لە کورتمەودادا گێڕانەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیادا گرنگترە لە گێڕانەوەی پەیوەندییەکە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەمەش بەهۆی قەیرانە بەردەوامەکەی سوریاوە، بەتایبەت لە باکوری سوریادا کە تیایدا چەکدارە کوردەکان پێشڕەویی دەکەن و ناوچەی زیاتر بەدەستدەهێنن. ئەمەش مەسەلەیەکە ئەردۆغان هەرگیز پێی خۆش نییە بیبینێت بەهۆی ئەو قەیرانە کوردییەی کە لەناو خودی تورکیادا هەڵگیرساوە. ئەنقەرە نیگەرانی ئەوەیە کە هەردوو بزووتنەوە کوردییەکە لە سوریا و تورکیادا لە ئایندەدا یەکدەگرن و دەبنە یەک بزووتنەوەی یاخیبوون بەمەش مەترسییەکە لەسەر تورکیا گەورەتر دەبێت. بۆیە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ڕوسیا بۆ تورکیا گرنگە چونکە مۆسکۆ یاریزانە بنەڕەتییەکەیە لە سوریادا هەر ئەویش رێڕەوی ڕووداوەکان دیاری دەکات. لەبەرئەوە تورکیا دەیەوێت ڕوسیا لەگەڵیدا بێت. بەڵام تا کوێ؟ هەڵوێستی حکومەتی تورکیا بەرامبەر ئەوەی کە پێی دەگوترێت مەسەلەی کورد لە لێدوانی لێپرسراوێکی گەورەی پارتی داد و گەشەپێداندا دەردەکەوێت ئەو لێپرسراوە بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات، مانگێک لەمەوبەر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند:(ئەسەد لە دوایین لێکدانەوەدا پیاوکوژە. ئەو گەلەکەی خۆی ئەشکەنجە دەدات. ئێمە هەڵوێستمان بەرامبەر بەم مەسەلەیە ناگۆڕین بەڵام پشتگیری ناکەین لە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد. ڕەنگە ئێمە و ئەسەد یەکتریمان خۆشنەوێت بەڵام سەبارەت بە کورد هەردوولامان پشتیوانی لە یەک سیاسەت دەکەین). ئەم گۆڕانە سەرنجڕاکێشە لەشێوەی قسەکردندا تا ئەندازەیەکی زۆر دەرەنجامی ئەو سەرکەوتنانەیە کە کوردەکان لە سوریادا بەدەستی دەهێنن. ئەنقەرە وا دەڕوانێتە ئەو زەوییانەی سوریا کە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیا کوردەکانەوە وەک ئەوەی پەناگەی تیرۆریستان بن. هەرچەندە هێزەکانی ئاسایشی تورکیا توانیویانە گەیاندنی چەک و جەنگاوەر لە مەڵبەندەکانی پەکەکەوە لە چیای قەندیل لە عێراق خاوبکەنەوە، بەڵام ئەو ناوچانەی کە لەسەر سنووری سوریا و تورکیادا میلیشیا کوردەکان کۆنترۆڵی دەکەن بوونەتە تازەترین دەریچە بۆ جەنگاوەرە کوردەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆسە فراوانەکانیاندا لە باشوری خۆرهەڵاتی تورکیا.
لە ٥ی حوزەیرانی ڕابردوودا وێنەیەکی شاری (نسێبین)ی تورکی بڵاوکرایەوە کە سنوورەکەی درێژدەبێتەوە بەرەو قامیشلو لەودیو سنووری سوریادا. تەنیا هەر ڕۆژنامەی (جمهوریەت) زاتی کرد وێنەکە بڵاوبکاتەوە لەژێر ناونیشانی :(نسێبین لەناو برا). کەسێک ئەگەر شارەزا نەبێت و تەماشای وێنەکە بکات دەڵێت ئەمە وێنەی شارێکی سورییە نەک شارێکی کوردنشینی ناو تورکیا. هەموو باڵەخانە و خانووەکان وێران کراون کەچی ئاڵای تورکیا لەسەر دار و پەردووەکان دەشەکێتەوە. چاودێرێکی تورک کە سەرنجی لە وێنەکە داوە نوسیویەتی:(ئەوەی ڕوودەدات بەسوریاکردنی بەشێکی تورکیایە). دیارە بێجگە لە نسێبین شرناخ و (شیزرە)ش بەهەمان شێوە کاولکراون و ئاگرەکانیان سنوورەکانی سوریایان تێپەڕاندووە. شەڕ و کوشتار لەم شارە کوردییە تورکیانەدا هیچ جیاواز نییە. لەو شەڕانەی کە لەودیو سنوور لە سوریا ڕوودەدەن.
وا پێدەچێت لە ئاسۆدا کۆتاییەک بەدی نەکرێت بۆ توندوتیژی. هەروەها تێپەڕاندنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە کە پارێزبەندی دەدات بەو هێزە چەکدارانەی شەڕ لەگەڵ کوردەکاندا دەکەن ڕەنگە پێشبینی ڕووداوی خراپی لێ بکەوێتەوە. یاساکە دەڵێت پێش ئاڕاستەکردنی هیچ تۆمەتێک دژی سەربازانی بەشدار لە شەڕدا پێویستە مۆڵەت لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان وەربگیرێت. سەیرەکە لەوەدایە ئەم یاسایە کاریگەرییەکی پاشەوپاشی هەیە ئەو کردەوە سەربازییانە دەگرێتەوە کە لە هاوینی ٢٠١٥ەوە دەستیان پێکردووە.
پاش هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥، پارتی داد و گەشەپێدان کە ئەوکاتە داوای ئاشتی دەکرد لەگەڵ پەکەکەدا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەبووە بەتایبەت لەلایەن دەنگدەرە نەتەوە پەرستەکانەوە. هەروەها جوداییخواز و هەڵسوڕاوە کوردەکان لەبری ئەوەی سوود بگەیەنن بە مەسەلەکە زیانیان پێگەیاند کاتێک کە لە سەرتاسەری باشوری خۆرهەڵاتی تورکیادا (خۆسەری)یان ڕاگەیاند و وتیان ئەنقەرە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە. لێرەوە تێدەگەین کە بۆچی حکومەتی تورکیا هەست دەکات کەوتووەتە سوچێکەوە و ئەو ستراتیجانەی لە ئامێز گرت کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیڕەوی لێدەکردن و کەوتە گەڕان بەدوای چارەسەری سەربازییدا ئەگەرچی بەڵگەی زۆر لە ئارادان دەیسەلمێنن ئەم شێوازانە لە ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبوون.
زۆر زەحمەتە ئێستا لەڕێی کردەوەی سەربازییەوە کەس بگاتە چارەسەر لەڕاستیدا پارتی کرێکارانی کوردستان نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژە کوردەکان ناکات لە تورکیادا، بەڵام فۆکەسخستنی حکومەتی تورکیا لەسەر دوورخستنەوەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی پەیەدە و سەرۆک شارەوانییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەڕێی ئاڕاستەکردنی تۆمەتی تیرۆر بۆیان ئیتر کوردی میانەڕەو نامێنێت بە میانەڕەویباسی مەسەلەی کورد بکات. هەتا ئەم قەیرانە چارەسەر نەکرێت کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەردەوامە ئەوا کەلاوەکان و باڵەخانە ڕووخاوەکان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵات زۆرتر دەبن. دواتریش کەس نازانێت بارودۆخی سوریا چی لێدێت و ئایا پێش ئەوەی سوریا لەتوپەت ببێت و کوردەکان پشکی خۆیان وەربگرن بەشار ئەسەد دەڕوات یان نا؟ کەس نازانێت دۆخەکە بە سوریایەکی لەتوپەت و تورکیایەکی ناتەواوەوە کۆتایی دێت یان نا. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure