هاوینی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا سارد دەبێت

بۆچوون / بیروڕا :: 14/07/2016

نووسینی: عەبدولباری عەتوان
سەرچاوە: رەئیلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هاوینی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا سارد دەبێت.. خەریكە رێگەچارەی سەربازی بەسەر رێگەی سیاسیدا زاڵ دەبێت.. لاڤرۆڤ رەخنە لە دی میستۆرا دەگرێت كە سستی دەنوێنێت لە دیاریكردنی وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان  و نوسرەیش بە حەربائـ ناودەبات.
سێرگی لاڤرۆڤ، دوێنێ‌ گلەییەكی توندی ئاراستەی ستیڤان دی میستۆرا نێردەی تایبەتی نێودەوڵەتی كرد بەوەی كە پاشگەز بووەتەوە لە دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ دەستپێكردنی دانوستانەكانی سوریا لە جنێڤ. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان وتی: وڵاتەكەم نیگەرانە لە دواخستنی خولێكی نوێی دانوستانەكانی سوریا. هەر وەك نێردراوە نێودەوڵەتیەكەیشی بەوە تۆمەتبار كرد كە لەو رووەوە تەمبەڵی دەنوێنێت.
رەخنەكانی لاڤرۆڤ بۆ نوێنەرە نێودەوڵەتیەكە لە جێیی خۆیاندا نەبوون، چونكە خۆی باش دەزانێت كە چەندین هۆكاری بابەتیی لەپشت دواخستنی ئەم خولەی دانوستانەكانەوەن، دیارترینیان گۆڕینی ئەولەویاتی ئەمریكی ـ روسی و دابەشبوونی ئۆپۆزیسیۆن و زاڵبوونی چارەسەری سەربازییە بەسەر رێگەچارەی سیاسیدا.
دی میستۆرا باش درك بەوە دەكات كە دانوستانەكانی جنێڤ لە دوای سێ‌ خول، ئیتر بەردەوامی و درێژەپێدانی كارێكی بێهودەییە، بەتایبەت بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنێكی روونی ئەمریكا و روسیاوە كە لایەنەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكان پابەند بكات. لەوانەیشە سەردانەكەی جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بێت.
تێگەیشتنی نێوان دوو زلهێزەكە، واتا ئەمریكا و روسیا، دەبێتە هۆی سەركەوتنی باش، بەتایبەت كە ئێستا هەندێكیان لە بەكارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ لەناوبردنی (دەوڵەتی ئیسلامی) لە عێراق و سوریا سەركەوتوو بووە، ئەمەیش وەك هەنگاوی یەكەم كە دەكرێت دوای ئەوە بگەڕێنەوە بۆ چارەسەرە سیاسیەكان و مێزی دانوستانەكانی جنێڤ.
ویلایەتە یەكگرتووەكان كە 560 سەرباز و راوێژكاری سەربازیی دیكەی ناردووەتە عێراق بۆ ئامادەكارییەكانی رزگاركردنی موسڵ، لەولایشەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە زۆرینەی پێكهاتەكەی كوردن، سەركەوتنی گەورەیان لە ریف حەڵەب بەدەستهێناوە و گەمارۆی سەر (دەوڵەتی ئیسلامی) بە پشتیوانیی هاوبەشی ئەمریكا و روسیا توندتر كردووەتەوە. بۆیە لە سایەی ئەم هەموو هەڵكشانە سەربازیەدا زەحمەتە بە شێوەیەكی باوەڕپێكراو باس لە گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی جنێڤ بكرێت.
لاڤرۆڤ دەیەوێت كیریی هاوپۆستی ئەمریكایی قەناعەت پێ‌ بێنێت كە پێویستە (بەرەی نوسرە) و هاوپەیمانەكانی لەناوببرێن بە پاساوی ئەوەی كە رێككەوتننامەی ئاگربەستیان پێشێل كردووە و هەروەها لەبەرئەوەیش كە لە لیستی تیرۆردان. بەوەش وەسفی كردوون كە وەك (حەربائـ) رەنگی خۆیان دەگۆڕن.
زەحمەتە پێشبینیی دەستپێكردنەوەیەكی جدیی دانوستانەكانی جنێڤ بكرێت لەپێش كۆتایی ئەمساڵدا. ئەویش بەهۆی گۆڕان و وەرچەرخانە نوێكان لە هەردوو گۆڕەپانی عێراق و سوریادا و چوونی هێزی ئیقلیمیی وەك توركیا و سعودیە بۆ ناو جەنگی دژە تیرۆر لە دوای ئەو تەقینەوانەی كە قووڵایی هەردوو وڵاتەكەی لەرزاند و (دەوڵەتی ئیسلامی) بە ئەنجامدەریان تۆمەتباركران، مەبەستمان تەقینەوەكانی فڕۆكەخانەی ئەستانبوڵ و ئەوەی نزیك مزگەوی شەرفە. جگە لەمانەیش سەرقاڵیی ئیدارەی ئەمریكا بە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتی و پارلەمانییەكەی سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتووەوە.
هاوینی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و وەفدەكانی، بەتایبەت وەفدی ریاز، رەنگە سارد بێت، چاوەڕوانیی گەڕانەوەیشی بۆ جنێڤ رەنگە زیاد لە پێویست درێژەبكێشێت و كارتێكی گوشاری ئەوەندە زۆریشی بەدەستەوە نەماوە دژی دوو زلهێزەكە، بەتایبەت دوای ئەوەی كاروبارەكانیان لەدەستدەرهێنرا. ئێستا ئیتر هێزی سەرەكیی یاریزانی گۆڕەپانەكە كوردە یاخود ئیسلامیی توندڕەوە. 
سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی كۆتایی ئەم مانگەی وەلید موعەلیم بۆ مۆسكۆ، رەنگە بۆ هەندێك زانیاری و شكاندنی گەمارۆ و زانینی ئەوەبێت كە ئاخۆ سەركردایەتیی روسیا چ شتێكی تازەی لایە. بەڵام چاوەڕوانیكردن ناونیشانی سەرەكیی قۆناغی داهاتووە، ئەم چاوەڕوانیەیش لەهەموو حاڵەتەكاندا لەبەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی سوریایە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure