بەخشێنی ڕەگەزنامە بە بازرگانە سورییەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 13/07/2016

وه‌رگێڕانى: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا:

کاتێک سەرەکوەزیرانی تورکیا بەڵێنی دا ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی ببەخشێت بە ئاوارە سورییەکان، هەرکەسە و لە گۆشەنیگای خۆیەوە ئەم هەنگاوەی لێکدایەوە. دوژمنە تورکەکانی سەرەکوەزیران دژی وەستانەوە و بەوەیان لێکدایەوە کە هەوڵێکە بۆ چاککردنی دۆخی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەوەی کە دەنگی سورییەکانیش بخاتە سەر دەنگەکانی خۆی، لەبەرئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکرد دژی (بەتورککردنی بێگانەکان). هەندێک لە سورییەکانیش ترسیان لێ نیشتووە چونکە پێیان وایە ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەردۆغان وازی لە مەسەلەکەیان هێناوە و دەیەوێت لەگەڵ ڕژێمی دیمەشقدا ئاشتببێتەوە. خەڵکی واش هەن پێیان وایە ئەمەش پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دیکەیە و پابەندی نابێت.

لەڕاستیدا هەتا ڕێ و شوێنەکان دەست پێنەکەن و یەکەمین سوریی ڕەگەزنامەی تورکی وەرنەگرێت، حوکمدان لە سەری کارێکی قورسە. لە بارودۆخی ئێستادا خودی بیرۆکەکە وەک ڕۆژنامە تورکییەکان مشتومڕی لەسەر دەکەن، زۆر وروژێنەرە و شایستەی گفتوگۆیە. ئەوەی کە ئێمە لە زانیارییە سەرەتاییەکانەوە تێیگەیشتووین، ئەوەیە کە پرۆژەی ڕەگەزنامەکە تەنیا دەوڵەمەندەکان دەگرێتەوە کە ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسە. دیارە ئەم ژمارەیەش جێگەی گومانە چونکە پێم وانییە ٣٠٠ هەزار سوری دەوڵەمەند هەبن لەنێوان دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەی ناو تورکیا یاخود لەناو تێکڕای دانیشتوانی سوریادا، مەگەر ئەوەی کە خێزانەکانیشیان بگرێتەوە، واتە مەبەستەکە ئەوەبێت نزیکەی ٣٠ هەزار دەوڵەمەندی سوریی ڕەگەزنامەی تورکیا وەربگرن.

ئەوی ڕاستی بێت ئەگەر پرۆژەکە پرۆژەیەکی ڕاستەقینە بێت نەک تەنیا پڕوپاگەندە، ئەوا دەڵێین هەنگاوێکی زیرەک و کردەنی-یە دەڕژێتە بەرژەوەندی ئابووری تورکیاوە هەرچەندە ڕەنگە کێشەی سیاسیی بەدوادا بێت. هەروەها هەنگاوێکی باشیشە بۆ کەمکردنەوەی گوشار و مەینەتییەکانی سەر هەندێک توێژی ئاوارەکان. پێم وانییە ئەم ژمارەیە هاوسەنگییەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بگۆڕێت چونکە ژمارەی ئەو دەنگدەرە سوریانە ناگاتە ١٠٠ هەزار کەس.
هەروەها سوودی سیاسیشی بۆ ئەردۆغان نابێت چونکە وا زوو جێبەجێ ناکرێت لەبەرئەوەی ڕێ و شوێنی بیرۆکراسی دوورودرێژی لەبەردەمدایە لەناو دام و دەزگا ڕەسمییەکانی تورکیادا. تەنانەت بەڵێنەکەی سەرۆک ئەردۆغانیش بەپێدانی مۆڵەتی کارکردن بە پەنابەرەکان، ئەوا لەکۆی دوو ملیۆن سوری تەنها پێنج هەزار کەس مۆڵەتەکە دەیانگرێتەوە. دیارە بەخشینی ڕەگەزنامە ئاڵۆزتر و هەستیارترە و جێبەجێکردنی ژمارەیەکی وا گەورە چەندین ساڵی پێویستە ئەگەرچی بەراورد ناکرێت بەو ئاوارانەی کە ئەڵمانیا پێشوازی لێکردن و بەڵێنی دانێ ئیقامەیان بداتێ کە سەرەنجام بەبەخشینی ڕەگەزنامە کۆتایی دێت. ئەگەر ئەردۆغان بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات مانای وایە کارێکی گرنگی کردووە تەنانەت ئەگەر ڕەخنەی ئەوەشی لێبگرن کە هەر بۆ دەوڵەمەندەکانە و ئاوارە هەژارەکانی لێ بێبەش کردووە یاخود بڵێن پرۆژەیەکە بۆ گۆڕینی نەخشەی هەڵبژاردنە ناوچەییەکان.

بۆ وڵاتانی دراوسێ ئاوارە وەکو قەزاوقەدەر وایە لە دەرەوەی لێکدانەوە و کۆنترۆڵی وڵاتەکاندایە. چەندین حکومەت هەن هەوڵیان داوە سوود لە قەیرانی ئاوارە و پەنابەران وەربگرن و ئاوارەیان بە کێشەیەک داناوە کە پێویستە لەخۆی بگرن نەک لەناو ئۆردوگا و چادرەکاندا ئابڵوقەیان بدەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سوودی لە پەنابەران وەرگرتووە و هەندێک جار کۆت و بەندەکانی شل کردووەتەوە و مۆڵەتی کارکردنیان دەداتێ کە دواتر دەبێتە مایەی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمریکی، ئەوەش بۆ ئەو چین و توێژانەی کە پێی وایە سوود بە ئابوورییەکەی ئەمریکا دەگەیەنن، بۆ نموونە هندییەکان کە دەرگای کۆچیان بە ڕوودا کرایەوە و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە ژمارەیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ ئەوان توێژێکی گرنگی بوارە جیاجیاکانن. لە دە ساڵی ڕابردووشدا کاتێک بریتانیا گوشاری خستە سەر حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەرەکانی خۆی لەوەدا پزیشکەکانی بەدەرکرد چونکە خۆی لەبواری تەندروستیدا پێویستی زۆری بە پزیشک هەیە.

هەوڵی لەخۆگرتنی سەدان ئاوارە ڕەنگە کارێکی ئەستەم نەبێت بەڵام ئەو کارەساتە ترسناکە ناوەستێنێت کە گەلی سوریا تیایدا دەژین. تورکیا و ئەوروپا چەند ڕەگەزنامە و دەرفەتی کار ببەخشن، بەڵام هێشتا ژمارەی ئاوارەکان لەوە گەورەترە جیهان بەرگەی بگرێت. ئێمە لەبەرامبەر وڵاتێکداین کە میللەتەکەی بەزۆر دەرکراوە لە ماڵ و حاڵی خۆی. ئێستا زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئاوارە و ڕاگوێزراوی سوری هەن. سورییەکان وەکو گەلی فەلەستینی نین. ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات ململانێیە لەسەر دەسەڵات و ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی دێت و ئەمڕۆ یان سبەی خەڵکەکەی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان تەنانەت ئەگەر وڵاتەکەشیان لەتوپەت ببێت هەروەک چۆن خەڵکی عێراق و ئەفغانستان و سۆماڵ و یەمەن و گەلانی دیکەی گیرۆدەی شەڕ و ئاژاوە بوونەتەوە. ئەوەی دەگەڕێتەوە دەگەڕێتەوە و ئەوەشی کە نەتوانێت یاخود نەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوا لە هەندەران دەژی. 

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure